کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەربژێری سەرۆک وەزیرانی عێراق کێشەی لێکەوتەوە

15:32 - 7 بەفرانبار 2719

نامەکەی دوکتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، کە ڕاسپاردنی کاندیدی کوتلەی "بەنائـ" بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕەتکردەوە و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ دەست لەکارکێشانەوە، دۆخی عێراقی بردە قۆناغێکی نوێوە و شیعەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تووڕە کردووە و ناوبراو بە لایەنگری ئەمریکا تۆمەتبار دەکەن. هەڵوێستە نوێیەکەی سەرۆک کۆماری عێراق، کوتلە شیعەی دەسەڵاتدارەکانی وەک «عصائب اهل حق» و «کتائب حزب الله» تەواو توڕە و شەقامی عێراقیشی دڵخۆش کردووە، بەڵام کوتلە شیعەکان لە دۆخێکدان کە سەرباری توڕەییان، ناتوانن هەڵوێستی یەکلاکەرەوە بەرامبەر سەرۆک کۆمار بگرنەبەر. حەسەن جیهاد ڕاوێژکار لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"سەرۆک کۆمار وازهێنانی لە پۆستەکەی پێ باشترە، تا کاندیدکردنی کەسێک کە گەل پێی ڕازی نەبێت، چونکە ئەمە کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە. وتیشی : گرەوەکان لەسەر ماندوو کردنی خەڵکی عێراق و جێهێشتنی شەقام شکستیان هێنا، خەڵک ناڕواتەوە ماڵ تا داواکاریەکانی جێبەجێ نەکرێت. نامەکەی سەرۆک کۆمار بۆ پەرلمانی عێراق، بەشێک لەلایەنە شیعەکانی تەواو توڕەکرد، بەتایبەت ئەو لایەنانەی کە لە کۆماری ئیسلامی ئێران نزیکن و خەڵک لە دژیان ڕاپەڕیووە. حەسەن جیهاد، نەیشاردەوە کە هەندێک لایەنی شیعە بەتایبەت عەسایب و حیزبوڵا بەئاشکرا دژی سەرۆک کۆماری عێراق وەستاونەتەوە، بەڵام ناوبراو دەست لەکارکێشانەوەی پێ باشترە، لەکاندیدکردنی کەسێک کە ببێتە مایەی کێشەیەکی گەورەتر. شایانی باسە کە"ئەسعەد عیدانی" کاندیدی کوتلەی "بەنائـ" بۆ پێکهێنانی حکومەت، کە ڕاسپاردنی لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە ڕەتکرایەوە، پێشتر پارێزگاری بەسرە بووە و خۆپێشاندەرانی عێراق دژی وەستاونەتەوە.