کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و بریندار بوونی سێ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد

15:56 - 7 بەفرانبار 2719

لە درێژەی بەردەوامیی کوژران و بریندار بوونی کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد، دوو کۆڵبەر لەناوچە سنوورییەکانی سەردەشت و کاسبکارێکی کورد لە شاری ئەندیمێشک لە پارێزگای خوزستان، بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کوژران و بریندار بوون. بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتووە لە سنووری "کانی خاتوون" سەر بە ناوچەی سەردەشت دەستەیەک لە کۆڵبەران دەکەونە کەمینی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لەلایەن ئەو هێزانەوە تەقەیان لێدەکرێ و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی " محەممەد ڕەشیدزادە" خەڵکی گوندی قەلە ڕەشێ"ی، سەردەشت گیانی لە دەستدا و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "خدر بێنەوا" خەڵکی گوندی "کۆڕبناو"ی، سەردەشت بە سەختی بریندار بوو و بۆ چارەسەری برینەکەی ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئەو شارە کراوە. هەر بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ و تۆڕە کۆمەڵاتییەکان، ڕۆژی هەینی ٦ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی، هێزەکانی ئینتیزامی شاری ئەندیمێشک سەر بە پارێزگای خوزستان، بە بیانوی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ تەقەیان لە ماشێنی کاسبکارێکی کورد بە ناوی " سەعدی سەفایی" کرد، ناوبراو تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی شاری دیواندەرە بوو کە لەلایەن ئەو هێزانەوە تەقەی لێكرا و گیانی لە دەستدا ئەوە لە حاڵێکدابوو کە ناوبراو هیچ بار و کەلوپەلێکی قاچاخی پێ‌نەبوو و ئەو هێزانە بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێش وەخت تەقەیان لێکردووە. شایانی باسە کە لە ماوەی سێ مانگی پاییزی ئەمساڵدا ٦٧ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، یا بەربوونەوە لە بەرزایی گیانیان لەدەستداوە یا بریندار بوون.