کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردن و ڕادەستکردنەوەی چالاکانی سیاسی لەلایەن تورکیەوە بە کۆماری ئیسلامیی ئێران

15:04 - 8 بەفرانبار 2719

ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی بەفرانبار، دەوڵەتی تورکیە چالاکێکی سیاسی کوردی بە ناوی عادل بەهرامی، خەڵکی کامیاران ڕادەستی کۆماری ئیسلامی کردەوە. پێشتر ماڵپەری هەواڵدەرییەکان سەبارەت بەو چالاکە کوردە ڕایانگەیاندبووکە عادڵ بەهرامی خەڵکی کامیارانە و لە گرتوووخانەی ئانتالیای تورکیە دەستبەسەر کراوە و بە مەبەستی ڕادەستکردنەوەی بە کۆماری ئیسلامی ڕەوانەی گرتووخانەی ئاگری لە باکووری کوردستان کراوە. سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە عادل بەهرامی وێرای ٣٥ کەسی دیکە دیپۆرتی ئێران کراوەتەوە و تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنوسیان لەبەردەستدا نییە. لە درێژەی ڕەوتی ناردنەوەی چالاکانی سیاسی کورد لە لایەن تورکیە و بەشێک لە وڵاتانی ئورووپای ڕۆژهەڵات بۆ ئێران کە نیشاندەری ڕێککەوتنی ئاشکرای ئەو وڵاتانە و کۆماری ئیسلامی ئێرانە، چالاکێکی دیکەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی کاوان حەیدەری کە خەڵکی شاری مەریوانە لە لایەن حکومەتی ڕۆمانی پێی ڕاگەیەندراوە کە دیپۆرتی ئێران دەکرێتەوە. شەپۆلی دەستبەسەرکردن و ناردنەوەی پەنابەرانی کورد بە تایبەت ئەوانەی کەیسی سیاسیان هەیە بەشێکە لە پیلانێکی مەترسیدار کە ئامانجی گوشارهێنانی تورکیە و وڵاتانی ئورووپای ڕۆژهەڵات و ئێرانە بۆ سەر وڵاتانی ئورووپای ڕۆژئاوا بە مەبەستی وەرگرتنی ئیمتیازی سیاسی لە سووریە، لیبی ، عێراق و بە گشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پێویستە چالاکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لەو پیلانە دژی ئینسانیە و درووستبوونی مەترسی گیانی لەسەر پەنابەرانی سیاسی کورد کە دیپۆرتی ئێران دەکرێنەوە بە میدیایی بکەنەوە و لایەنە پێوەندیدارە جیهانیەکانیانی لێ ئاگادار بکەنەوە.