کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان له‌ سێ مانگی پاییزی 1398ی هەتاویدا

15:17 - 8 بەفرانبار 2719

[ ڕاپۆرتی بەشێک لە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی دەزگای قەزایی، هێزە چەکدارەکان و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ] کوردستانی ئێران لە سێ مانگی پاییزی 1398 و لە وەرزی سێهەمی ئەمساڵیشدا سەرکوتکاریی کۆماری ئیسلامی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە هەموو بەستێنە سیاسی، مەدەنی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ئەزموون کردەوە. بەپێی ئەو داتا و زانیار‌ییانەی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لای خۆی تۆماری کردوون، لە ماوەی سێ مانگی پاییز زیاتر لە هەزار حاڵەتی پێشێلکردنی زبری مافی مرۆڤ لە کوردستان ڕووی داوە کە ئەم ناوەندە 630 حاڵەت لەوانی تۆمار کردوە. هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی خۆپیشاندانی هێمنانەکانی کۆتایی خەزەڵوەری بە توندی سەرکوت کرد کە بەهۆی کەڵەکەبوونی ناڕەزایەتییەکان و بەبیانووی گرانکردنی سێ هیندەی نرخی بێنزین لە زۆربەی شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەڕێ‌کەوتبوو. بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە ڕەوتی سەرکوتی خۆپیشاندانەکان لە کوردستان دەیان کەس کوژران کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناو و نیشانی لانیکەم 45 کەس لەوانی تۆمار کردوە. هەر لە ڕەوتی ئەم سەرکوت و پاشان ڕەشبگیرەی لە لاوان و چالاکانی مەدەنیی کورد کرا، سەدان کەس لە زۆربەی شار و ناوچەکانی کوردستان دەسبەسەر کراون کە ناوەندی مافی مرۆڤ ناو و نیشانی لانیکەم 218 کەس لەوانی تۆمار کردوە. لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا 64 کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی پەرەنەسەندنی کوردستان لە ڕووی ئابووری‌ و، ڕەفتاری دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد. لەو 64 کەسە 18 کەسیان کوژراون و 46 کەسیش بریندار بوون. له‌و 18 کۆڵبەر و کاسبکاره‌ کە کوژراون، 15 کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانیان لێ ئەستێندراوە، 3 کۆڵبەر و کاسبکاریش _ یەکیان بەهۆی جەڵتەی دڵ لە ئاکامی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکان و دوو کەسیان (کە برابوون) بەهۆی سەرمابردووی و کەوتنەژێر ڕنوو_ گیانیان لە دەست داوە. کوژران و برینداربوونی 64 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە وەرزی پاییزی ئەمساڵ لە حاڵێکدایە کە له‌ سێ مانگی هاوینیش‌دا لانیکەم 66 كۆڵبه‌ر و لە وەرزی بەهاریشدا 56 کۆڵبەر و کاسبکار بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژرابوون و بریندار ببوون؛ بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی گیانیان لە پێناو پارووە نانێک داناوە، گەیوەتە 186 کەس کە 61 کەسیان کوژراون و 125 کەسیش بریندار بوون. هەر لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا جیا لەو 218 کەسەی لە ڕەشبگیرەکەی کۆتایی مانگی خەزەڵوەردا گیرابوون و ناوەکانیان بۆ ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ئاشکرا ببوو، 176 کەس لە شارە و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. ژمارەیەک لەوان دوای لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان تا کاتی دادگاییکرانیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و 36 کەس لەوان حوکمی لە 4 مانگ تا 118 ساڵ (سەرجەم 336 ساڵ و 8 مانگ، بە واتایەکی دی 4040 مانگ) زیندانیان بەسەردا سەپاوە. گرتنی 176 کەس و حوکمدانی 36 کەس لەوان لە ماوەی سێ مانگی پاییزی ئەمساڵ لە حاڵێک دایە کە له‌ ماوه‌ی سێ مانگەی هاوین‌دا لانیکه‌م 216 که‌س و لە وەرزی بەهاریشدا 106 چالاکی سیاسی و مەدەنی لە کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون و بە لەبەرچاوگرتنی ئاماری ئەو 218 کەسەی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەردا گیرابوو و ناوەکانیان ئاشکرا ببوو، ژمارەی ئەو کەسانەی لە کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی لە دژی کۆماری ئیسلامی گیراون، لە 716 کەس تێپەڕیوە. هەروەها لە ماوەی سێ مانگی پاییزدا لانیکەم 17 بەندکراوی کورد کە بە تاوانی کوشتنی بەئانقەست و بازرگانیی مادەی هۆشبەر حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو، لە دار دراون. دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیش‌دا لانیکەم 21 بەندکراوی کوردی کە بە تاوانی کوشتنی بەئانقەست حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو، لە دار دابوو. بەوەش ژمارەی ئەم زیندانییە کوردانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لە دار دراون، گەیوەتە 38 کەس. جێی بیرهێنانەوەیە دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ساڵی ڕابردووش لانیکەم 49 زیندانیی کوردی لە دار دابوو کە ‌به‌پێی ڕێژه‌ی حه‌شیمه‌تی کورد له‌ ئێران و ئاماری ئێعدامه‌کان له‌و وڵاته‌، دەبینین له‌و بوارەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤیشدا کورد بەشی بەرچاوی به‌رکه‌وتوه‌. لە ماوەی سێ مانگی پاییزدا تەقینەوەی مینە لەکارنەخراوەکانیش لە کوردستان زیاتر لە 13 قوربانیی وەرگرتوە کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی 5 کەس لەوانی ئاشکرا کردوە. بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە کوردستان بەهۆی تەقینەوەی مین کوژراون و بریندار بوون و بە ناو و شوناسیان زاندراوە، گەیوەتە 15 کەس. جێی بیرهێنانەوەیە کە تەقینەوەی مین لە ساڵی ڕابردووشدا لانیکەم 48 قوربانیی وەرگرتبوو کە لەو 48 کەسە 37 کەسیان بریندار و نقوستان ببوون و 11 کەسیشیان گیانیان لەدەست دابوو. هەر لەو ماوەیەدا زیاتر لە 29 کرێکاری کورد لە کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران بوونەتە قوربانیی ڕووداوی کار کە شوناسی 17 کەس لەوان لەلای ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە. ئەو 17 کەسە بەهۆی جۆراوجۆری وەک بەربوونەوە لە بەرزایی، برق‌ گرتوویی و خنکان گیانیان لە دەست داوە و بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی ڕووداوی کار گیانیان لەدەست داوە گەیشتتووەتە 45 کەس. ئاماری خۆکوژییەکانیش لە کوردستان بەهۆی پەرەسەندنی خەمۆکی و قەیرانەکانی بێکاری و ئابووری و هەروەها؛ کەمتەرخەمیی دامودەزگا دەوڵەتی‌ و حکوومییەکانەوە لە ماوەی ئەو سێ مانگەی پاییزدا دیار و بەرچاو بوو. لە ماوەی سێ مانگی پاییزدا هەر نەبێ 68 کەس لە کوردستان خۆیان کوشتوە کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی 54 کەس لەوانی بە ڕوونی تۆمار کردوە.  ئەم ناوەندە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیش‌دا ئاماری گیانلەدەستدانی 149 کەس بەهۆی خوکوشتن ڕاگەیاندبوو و بەوەش ژمارەی ئەم کەسانەی لە ماوەی 9 مانگی ئەمساڵدا خۆیان کوشتوە، لانیکەم 217 کەس بووە. جێی بیرهێنانەوەیە لە ساڵی ڕابردووشدا لانیکەم 170 کەس لەو سەدان کەسەی هەوڵی خۆکوشتنیان دابوو، بەداخەوە هەوڵەکانیان سەرکەوتوو ببوو کە 62 کەسیان پیاو و 108 کەسیان ژن بوون. ئەو ئامار و زانیارییانەی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە  کوردستانی ئێران بڵاوی کردۆتەوە تەنیا ئەو بەشە لەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە هەواڵ و زانیارییەکان بە ئاشکرا بەمیدیایی کراون و لە لایەن سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە ئاماژەیان دراوەتێ، ئەگینا ئەو ناوەندە پێی وایە کە ئاماری ورد و درووستی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان بەهۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر زیاتر لەو ئامارەیە کە ده‌خرێته‌ به‌رچاو.