کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترس و دڵەڕاوکێی کاربەدەستانی ڕێژیم لە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکان

16:09 - 8 بەفرانبار 2719

بەرپرسانی سیاسی و ئەمنیەتیی ڕێژیم بە نیگەرانییەوە باس لەوە دەکەن کە ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکی گەورەتر و بەربڵاوتر لە خۆپێشاندانەکانی مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ هەیە. پاش چل‌رۆژ لە سەرکوت و کوشتن و بڕینی خەڵکی وەزاڵە هاتوو لە شارەکانی ئێران و کوردستان کە زیاتر لە ١٥٠٠ کوژراوی لێکەوتەوە، بەرپرسانی باڵای ڕێژیم بە دڵەڕاوکێوە باس لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی بەربڵاوتر دەکەن و هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کەوتوونەتە حاڵەتی نائاسایی و لە ئامادەباشی‌دان. لە تازەترین قسەی کاربەدەستانی ڕێژیم لەهەمبەر دۆخی ئاڵۆزی وڵات، "محەممەد عەلی ئەرزندە" پێشنوێژ ڕۆژی هەینی و نوێنەری خامنەیی لە پارێزگای هەمەدان لە نوێترین لێداونی‌دا ڕایگەیاندووە کە " فیتنەی گەورەتر بەڕێوەیە، زۆر گەورەتر لە ئەوەی پێشوو". ناوبراو کە دەمڕاستی خامنەییە و بە هەمان شێوەی ناڕەزایەتیی خەڵکی برسی و بێدەرەتانی ئێرانی بە دوژمنانی وڵات گرێ داوەتەوەو دەڵێ: "دوژمنانی ڕێژیم پیلانی گەورەتریان بە دەستەوەیە". ناوبراو هاتنەسەر شەقامی خەڵکی بە زریانێک وێناکردوەو بەرپرسانی ڕێژیم ئاگادار دەکاتەوە کە زریانێکی زۆر گەورەتر بەڕێوەیەوە و تەنیا ڕێگای نەجاتی ڕێژیم پشتبەستن بە خامنەییە. ئەو ترس و نیگەرانییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پاش ئەوەی ناوەندە ئەمنیی و ئینتزامییەکان و چەکدارانی ڕیژیم ئەگەر چی بە توندی خۆپێشاندانەکانی سەرماوەزیان سەرکوت کرد، بەڵام پاش چل رۆژ هێشتاکە لە شارەکانی ئێران و کوردستان ئەگەری سەرهەڵدانی نوێ لە ئاردا هەیە و زانیارییەکان لە شاری سنەو مەریوان باس لەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکان لە شوێنە گشتییەکان بڵاوە بە خەڵک دەکەن کە پێکەوە کۆ نەبنەوەو هەروەها هەڕەشەیان لە خاوەن کافە وقاوەخانەکان کردووە کە دەبێ ئێواران زووتر دووکانەکانیان دابخەن و خەڵک نابێت لەو شوێنانە کۆ ببنەوە. شایانی باسە کە شاری سنە یەکێک لەو شارانەیە کە بە تەواوی ئەمنییەتی کراوە و هێزەکانی ڕێژیم لە زۆر شوێنی ئەو شارە لە لەترسی سەرهەڵدانەوەی خۆپێشاندانەکان لە ئامادەباشیدان.