کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاڕانەوەی پێشنوێژەکانی حکوومەت بۆپشتگیریی خەڵک لە کۆماری ئیسلامی

16:20 - 8 بەفرانبار 2719

هەموو پێشنوێژە حکوومەتییەکان لە نوێژی هەینی ٦ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاویدا بە گشتی باسی پێویستی پشتیوانیکردنی خەڵک لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامییان کرد و بەڕوونی داوایان لە خەڵک کرد کە نەکەونە بازنەی دژایەتیکردنی حکوومەتەوە و هیچ داواکارییەکیان لە بەرپرسان نەبێ، ئەگینا وەکوو سووریە و عێراقیان بەسەردێ و بەردەوام خەڵک لە دابەشبوونی ئێران و شەڕی نێوخۆیی دەترسێنن و هەوڵی چەواشەکردن و بەلاڕێدابردنی بیرو باوەڕی خەڵک دەکەن، بەڵام خەڵکی ئێران خەڵکی چل ساڵ پێش ئێستا نییە و زۆر لەوە تێگەیشتووترن کە بە قسەی ئاخوندەکان هەڵخەڵەتێن. ئاخوند "سەدیقی"پێشنوێژی تاران لە قسەکانی ئەم حەفتەیەدا وتی: "هێندێک بەرپرسی حکوومەتیش کە تا دوێنێ لە گەڵ حکوومەت و شۆڕشی ئیسلامی بوون ئەمڕۆ لە گەڵ خەڵکی خۆپێشاندەر و دژەشۆرش کەوتوون و دەزانن کە کۆماری ئیسلامی لە داڕماندایە" . ناوبراو هەروەها بە ئاشکرا وتی ئەگەر ئەم ڕەوتە درێژەی هەبێ بێگومان کۆماری ئیسلامی دەڕووخێ. شایانی باسە کە ئەوە سیاسەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە کە بەردەوام خەڵکی ئێران لە دوژمنێکی خەیاڵی دەترسێنن و بۆ بەردەوامی حکوومەتکردنی خۆیان وەکوو هەموو دیکتاتۆرێک هەوڵی دواکەوتنی کۆمەڵگە دەدەن.