کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا هێرشی کردە سەر میلیشیاکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق و سووریە

01:51 - 9 بەفرانبار 2719

بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٨ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا پێنج هێرشی کردە سەر بنکەکانی میلیشیا شیعەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کە سێ لە بنکەکان لە عێراق و دوو بنکەکانی دیکەش لە سووریا بوون. لە نێو بنکەکاندا کۆگای چەک هەبووەو هەروەها  بە وتەی کاربەدەستانی ئەمریکایی لەم بنکانەوە پلانی هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازی ئەمریکا لە عێراق داڕێژراوە. گوتەبێژی عەسائیبی ئەهلی حەق رایگەیاند: "فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بارەگای لیوای ٤٥ی حەشدی شەعبی لە قەزای قائیم لە پارێزگای ئەنبار بۆردوومانکردووە و کوژراو و بریندارێکی زۆری لێکەوتۆتەوە". هەروەها باس لە کوژرانی "ئەبوو عەلی خەزعەلی" فەرماندەیەکی باڵای حیزبوڵای عێراق دەکرێ. لە ڕاگەیەندراوەکەی پێنتاگۆندا ئاماژە بەوە کراوە، هێرشەکان لە وەڵامی هێرشەکەی کەتیبەی حیزبوڵڵا بووە کە بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق ئەنجامدراوە، کە لە هێرشەکەی کەتیبەی حیزبوڵڵا هاووڵاتییەکی ئەمریکایی کوژرا و چوار سەربازی دیکەی ئەمریکایی و دوو ئەندامی هێزە عێراقییەکان بریندار بوون. بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، کەتیبەی حیزبوڵڵا پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ هێزەکانی قودسی سەر بە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە و لەلایەن ئەوانەوە پشتیوانی لێدەکرێ . پێنتاگۆن هۆشداریی بە ئێران و هێزەکانی  بەوەکاڵەت داوە کە هێرشەکانیان بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بوەستێنن و رێز لە سەروەری عێراق بگرن، تاوەکو ئەمریکا هێرشی دیکە ئەنجام نەدات. شایانی باسە کە ئێوارەی ڕۆژی هەینی٦ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی چەند مووشەکێک لە سەربازگەی "کەی وان" لە کەرکووک کەوتنە خوارەوە و بەگوتەی بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش ''پێنتاگۆن''، لە هێرشەکەدا بەڵێندەرێکی ئەمریکی کوژراوە و چوار سەربازیشیان بریندار بوونە.