![](/files/pompeoESperIRaqAttack.jpg)
هاوکات لەگەڵ مانۆڕی دەریایی "ئێران، چین و ڕووسیە"دا لە ئاوەکانی کەنداوی فارس, "تۆماس مادلی" وەزیری دەریایی ئەمریکا بە وەکاڵەت، بە ڕاشکاوی باسی لە گۆڕینی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کرد و وتی : "تەنیا بە ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەتوانین ئاسایش و سەقامگیری بۆ ناوچەکەو جیهان بگێڕینەوە و ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆیە هۆکاری ئاژاوە و تێرۆر و شەڕ وتێکدانی ئاشتی و ئاسایشی جیهانە و دەبێ بگۆڕدرێ".
ئەم بەرپرسە ئەمریکاییە هەروەها بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و هێزە چەکدارەکانی سەر بەو ڕێژیمە و بەتایبەت سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئەو ڕێژیمەی بە هۆکاری هەموو نەهامەتییەکانی خەڵکی جیهان و ناوچەکە زانی و وتی: "دەبێ بنبڕ بکرێن و ئاسەواریشیان لە ناوچەکەدا نەمێنێ و هیچ شتێک بێجگە لە ڕووخاندن و گۆڕینی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناتوانێ ئاشتی و ئاسایش بۆ جیهان بگێڕێتەوە و ئەوانەی کە پێیان وایە بە وتووێژ کۆماری ئیسلامی بگۆڕن لەهەڵەیەکی سەیر و مێژووییدان.
شایانی باسە کە ئەمە لەو دەگمەن لێدوانانەیە کە بەرپرسێکی باڵای ئەمریکایی بە ڕاشکاوی باسی ڕووخاندن و گۆڕینی ڕێژیمی لە ئێران کردبێ.
جێگای ئاماژەیە کە ئەمریکا لە ساڵی ڕابردوودا بە تایبەت لەدوای هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆسەر کەشتییەکان وخستنە خوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئەمریکاییەکە و هەروەها لە پاش هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان، ئەمریکا بۆ پێشگرتن لە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هاوپەیمانەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا زیاتر لە ١٤هەزار سەربازی ڕەوانەی وڵاتانی ناوچەکە کردووە.