کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر حیزبوڵای عێراق کاردانەوەی جیاجیای لێکەوتەوە

16:41 - 9 بەفرانبار 2719

شەوی یەکشەممە ٨ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی، سپای ئەمریکا هێرشی کردە سەر چەند بنکە و ناوەندی میلیشیاکانی حیزبووڵا لە عێراق. پاش هێرشەکانی ئەرتەشی ئەمریکا بۆسەر پێنج بنکەی میلیشیاکانی حیزبوڵای نزیک لە کۆماری ئیسلامی لە تۆڵەی هیرش بۆسەر بنکەی "کەی وان" لە کەرکووک کە بوو بەهۆی کوژرانی کارمەندێکی ئەمریکایی و برینداربوونی چەندسەربازی دیکە، ئەو هێرشە کاردانەوەی ئەرێنی و نەرێنی لێکەوتەوە و بێجگە لە کۆماری ئیسلامی کە دیسان بێدەنگی هەڵبژاردووە لە عێراق و ئەمریکا کاردانەوەی دژبەیەکی لێکەوتەوە. بە گشتی سێناتۆر و بەرپرسانی سەربازی و سیاسی ئەمریکا پێشوازیان لەو هێرشانە کرد و دەستخۆشییان لە حکوومەتی تڕامپ کرد و لە لایەکی دیکەشەوە شیعەکانی عێراق بەدژی ئەو هێرشانە لیدوانیان دا و مەحکوومیان کرد. لە ڕاگەیاندنێکی هاوبەشدا "مایک ئسپێر و مایک پۆمپێئۆ" وتیان: "با کۆماری ئیسلامی و هاوپەیمانەکانی بزانن کە هیچ هێرشێکی ئەوان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا بێ وەڵام نامینێتەوە، هەروەها زۆربەی سێناتۆرەکان و لە دیارترینیان "لیندزی گراهام و تام کاتێن" دەسخۆشیان لە حکوومەتی تڕامپ کرد و هێرشی ئەمریکایان بۆسەر شیعەکانی عێراق بە ڕەوا زانی و پیداگرییان لەسەر ئەو هێرشانە کردەوە.مایک ئێسپیر ڕایگەیاند کە ئەگەر پێویست بێ کردەوەی دیکە ئەنجام دەدەین. هەروەها "ئەبوو ئەحمەد بەسری"، فەرماندەیەکی سەربازی کەتایبی حیزبوڵڵای عێراق رایدەگەیێنێت، هێزەکانمان لە ئامادەباشیدان بۆ پەلاماردانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا وچاوەڕێی فەرمان دەکەین بۆ هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سوریە عێراق. پاش بۆردوومانەکەی شەوی ڕابردووی ئەمریکا بۆسەر بنکەکانی کەتایبی حیزبوڵڵای عێراق لە سووریە و عێراق، سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاند کە چوار مووشەکی کاتیووشا ئاراستەی بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لەنزیک بەغدا کراون، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لەئەستۆ نەگرتووە. ناوەندی راگەیاندنی حەشدی شەعبی رایگەیاند، ژمارەی قوربانییانی بۆردومانەكانی ئەمەریكا بۆ سەر بارەگاكانی حزبوڵڵای عێراق و حەشدی شەعبی بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ٢٥ كوژراو و ٥١ بریندار.هەروەها ڕایگەیاند کە ئەگەر ھەیە ژمارەی كوژراوان بەرز ببێتەوە چونکە بەشێک لە بریندارەکان برینەكانیان سەختە. ھەروەھا چەند میدیایەک بڵاویان كردووەتەوە، لەنێو ئەو كوژراوانەدا، سێ ئەفسەری ئێرانی ھەن و پێشتریش حەشدی شەعبی دانی بەوەدا نابوو كە لەنێو کوژراوەکاندا باس لە کوژرانی "ئەبو عەلی خەزعەلی" فەرماندەی لیوای ٤٥ حەشدی شەعبی دەکرێ. ئەبووموهه‌ندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی سەعبی له‌ناو كۆڕێكی لایه‌نگرانی حه‌شدی شه‌عبیدا هه‌ڕه‌شه‌ی لێپرسینه‌وه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌كات و هۆشداریی دا و گوتی: "لێپرسینه‌وه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌كه‌ین و رۆڵه‌كانی ئه‌م گه‌له‌ رووبه‌ڕوویان ده‌وه‌ستنه‌وه‌، بارودۆخێک ڕووده‌دات کە ئه‌مه‌ریكییه‌كان و باڵوێزی ئه‌مه‌ریكا پێشبینییان نه‌كردبێت". جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ناو هوتافكێشانی لایه‌نگرانی حه‌شدا به‌ده‌م گوتنه‌وه‌ی (لبیك یا حسین) گوتی: "بێده‌نگ نابین و ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌بێت بزانن کە له‌ عێراق و سووریا ڕووباری خوێن هه‌ڵده‌ستێ". کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دوای هێرشەکانی سوپای ئەمەریکا بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە عێراق و سووریا رایگەیاند، ئەو کارە ئەوە نیشان دەدات کە ئەمەریکا پشتیوانی تێرۆریزمە.