کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا خۆی بۆ کاردانەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی ئامادە دەکا

14:41 - 10 بەفرانبار 2719

کاربەدەستانی سەربازیی ئەمەریکا وتیان لەنزیکەوە چاودێری ڕەوشەکە دەکەن و ئاگاداری هەر کردەوەیەکی تۆڵەسەندنەوە دەبن ئەگەر وەکو وەڵامدانەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا ئەنجام بدرێت. ڕۆژی یەکشەممە ئەمەریکا کۆمەڵێک هێرشی ئاسمانی کردە سەر کەتائیبی حیزبوڵڵا وەک وەڵامێک بۆ هێرشە موشەکییەکەی سەر بنکەیەکی سەربازی "کەی وان" لە عێراق کە تیایدا بەڵێندەرێکی ئەمەریکایی کوژرا و چەندکەس برینداربوون و لە هێرشەکەی ئەمریکاشدا بۆ سەر حیزبوڵای عێراق ٤١ پاسداری ئێرانی و ٢٧ میلیشیای ئەو گرووپە کوژران و دەیان کەس برینداربوون. دوابەدوای هێرشەکەی ئەمریکا کەتائیبی حیزبوڵا هەڕەشەی ئەوەی کرد وەکو تۆڵەسەندنەوەیەک وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا دەداتەوە بۆ سەر بنکەکانیان لە عێراق و سوریا. هەروەها کۆماری ئیسلامی لەسەر زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە دوای دووڕۆژ ئەو هێرشانەی مەحکووم کرد و بەبێ ئاماژە بە هێرشی حەشدی شەعبی بۆسەر پایەگاکەی ئەمریکا وتی: "ئەو هێرشەی ئەمریکا بۆ سەر هێزەانی حەشدی شەعبی بەواتای پشتیوانی لە تێرۆریزم". کاربەدەستانی ئەمەریکایی وتیان هیچ گومانێکیان لەوەدا نیە کە ئەو گروپە چەکدارانە بەشێوەیەک لە شێوەکان وەڵام دەدەنەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران. کاربەدەستێکی ئەمەریکی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ڕۆیتەرزی وت " پێم وایە ئەوان وەڵام دەدەنەوە". کاربەدەستێکی سەربازی دیکەی ئەمەریکا وتی "نیگەرانی هەیە لەسەر ئەگەری ئەوەی ئەم ڕووداوانەی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو ببنە هۆی ئەوەی کردەوەی تۆڵەسەندنەوە ئەنجام بدرێ". کاربەدەستانی ئەمەریکایی بە ڕۆژنامەنووسانیان وت "واشنگتون دانی بەخۆیدا گرتووە لەبەرامبەر دوژمنکارییەکانی ئێران و ئەو گروپ و میلیشیایانەی کە کۆماری ئیسلامی پشتیوانیان لێدەکات، بەڵام ڕوونمان کردەوە کە ئێستا کاتی ئەوەیە ڕووبەڕووی هەر دوژمنکارییەکی کۆماری ئیسلامی ئێران ببینەوە". وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاش ئاماژەی بەوەدا " پێویستە لەسەر ئێران و کەتائیب حیزبوڵڵا چیتر هێرش نەکەنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان. کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن هێزەکانی ئەمەریکا لە ئێستادا چاوەڕوانن هەتا بزانن کۆماری ئیسلامی ئێران و گروپە چەکدارەکانیان چ هەڵوێستێک دەگرن یا چ کردەوەیەک ئەنجامدەدەن.