کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەلیوت ئێنگێل: ئێران بەرپرسی زۆربەی ئاژاوەکانی ناوچەکەیە

13:46 - 11 بەفرانبار 2719

ئەلیوت ئێنگێل، سەرۆکی دێموکراتەکان لە کۆمیتەی دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا گوتی: " ئاشکرایە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشت ئەو هێرشەیە کە کراوەتە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و هەر بۆیە بۆ گەیشتن بە یەک هەڵوێستی لە باری ئێرانەوە پێویستە دۆناڵد تڕامپ لەگەڵ کۆنگرە هاوکار بێ. ناوبراو لە وتووێژێکدا لەگەڵ "سی ئێن ئێن" ڕایگەیاند کە هیچ گومانێکی نییە کە کۆماری ئیسلامی لە پشت ئەو هێرشەیە. ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا ڕایگەیاند کە ساڵانێکە کۆماری ئیسلامی گەورەترین دژمنی ئەمریکایە و ئەوان هەر شتێکیان لەدەست بێ دژی ئەمریکا، دەیکەن و هەر بۆیە زۆر زەروورە کە سەرۆک کۆمار و کۆنگرە لەوبارەوە هاوکار بن. ئەلیوت ئێنگێل گوتی: " ئێمە دەزانین کە کۆماری ئیسلامی دۆستی ئێمە نییە، ئێمە دەزانین کە کۆماری ئیسلامی بەرپرسی زۆربەی ئەو گرفت و ئاژاوانەیە کە لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن، بە ڕای من ئێمە پێویستە بیر لە یەکهەڵوێستی و سیاسەتێکی ڕوون و یەکگرتوانە بکەینەوە و و پێویست ناکا ئەو باسانە لە پشتی دەرگا داخراوەکان بن.