کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای "ڕەسا" حوکم دران

14:17 - 11 بەفرانبار 2719

دوو کەس لە بەڕێوەبەرانی شیرکەتی دەرمانی "ڕەسا" بە تۆمەتی گەندەڵی بە ٢٠ ساڵ بەندکران و ٧٤ زەربە قامچی و بێبەشکردنی هەمیشەیی لە خزمەتگوزاری دەوڵەتی و گەڕاندنەوەی سامانی وڵات حوکمدران. ڕۆژی سێشەممە ١٠ بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی، "غولامحوسێن ئیسماعیلی" وتەبێژی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند کە "شەونم نیعمەت‌زادە" کچی وەزیری پێشووی پیشەسازیی ئێران و بەڕێوەبەری شیرکەتی دارووسازیی "ڕەسا" بە تۆمەتی گەندەڵیی ماڵی، پشێوی و ئاڵۆزی لە سیستمی ئابووریی ئێراندا بە ٢٠ ساڵ بەندکران حوکم دران و ئێستا بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی لە گرتووخانە دایە. هەروەها "ئەحمەد ڕەزا لەشکری‌پوور" شەریکی شەونم نیعمەت‌زادە" لە لایەن دەزگای قەزایی ئێران، بە ٢٠ ساڵ بەندکران و لێدانی ٧٤ زەربە قامچی و گەڕانەوەی ماڵ و بێبەشکردنی هەمیشەیی لە خزمەتگوزاری دەوڵەتی حوکمدرا. جێی ئاماژەیە کە دزی وگەندەڵیی لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کە لە بەرپرسانی باڵای ئەو نیزامەدا هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی داگرتوە شتێکی تازە نییە و بەشێک لە بەرپرسانی باڵای نیزام و کەسانی نزیک لەوان بە تۆمەتی گەندەڵیی دارایی لەلایەن دەزگای قەزایی حوکمدراون کە "زاوای محەممەد شەریعەتمەداری" وەزیری کار، "عەممار ساڵحی" کوڕی فەرماندەی پێشووی ئەرتەشی ئێران، لەو تۆمەتبارانەی پەروەندەی گەندەڵیی لە بانکی سەرمایە و "محەممەدعەلی هادی" جێگری وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تۆمەتبارانی ئەو پەروەندانەن. هەروەها ئیسماعیلی لە پێوەندی لەگەڵ پەروەندەی گەندەڵی و پشێوی لە نیزامی ئابووری ڕایگەیاند کە مەحموود میرشکار، غولام سەنتووری و حەمید خالقی لە مەشهەد هەرکام بە ٢٠ ساڵ بەندکران حوکمدراون . وتەبێژی دەزگایی قەزایی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لە پێوەندی لەگەڵ ئەو پەروەندانە و دەسبەسەرکردنی کەسانی پێوەندیدار گوتی: "لە ساڵی ٩٨ دا بیست شارەدار، پەنجا ئەندامیی شوڕای شار و ١٠٠کارمەندی شارەداری لە بەشیک لە پاڕیزگاکانی ئێران لێپرسینەوەیان لیکراوە و بەشێکیان لە دادگا حوکمی بەندکرانیان بەسەر داسەپاوە. شایانی باسە کە گەندەڵی بۆتە دیاردەیەک کە سەرتاپای ئەو ڕێژیمەی داگرتوە و لە سەرۆکی یەکەمی ڕێژیم کە خۆی بە ڕێبەری ئۆممەتی ئیسلامی دەزانی، تا کاربەدەستەکانی خوارووی ڕێژیم لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون. کاربەدەستانی ئەو ڕیژیمە لەگەڵ ئەوەی کە خۆیان و بنەماڵەکانیان لەسەر سامانی ئەم خەڵک و وڵاتە پێگەیشتوون، لەلایەکی دیکەوە بەشێکی دیکەی سامانی گەلانی ئێران ڕەوانەی گرووپە تێرۆریستییەکان و میلیشیاکانی ناوچەکە دەکرێ و بەمشێوەیە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیڕان بەرپرسی هەموو گرانی و برسیەتی و نەهامەتییەکانی خەڵکی ئێرانە و خەڵکی ئێران باجی گەندەڵی و سیاسەتی ئاژاواەگێرانە و ناکارامەیی ئەم ڕێژیمە دەدەن کە ماوەی چل ساڵە بۆتە دۆڵپا بەسەر شانیانەوە و لەسەر ئاستی جیهانییشدا بۆتە ڕێژیمێکی ئاژاوەگێر و تێروریست و بێزراو کە هەر ڕۆژە لە کردەوەیەکی تێکدەرانە تێوەدەگلێ.