کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی نادیاری دوو ڕۆژنامەنووسی دەسبەسەرکراو لە کرماشان

14:38 - 11 بەفرانبار 2719

ماوەی ١٥ ڕۆژە کە لە دەسبەسەرکرانی "هومایوون عەبباسی" ڕۆژنامەنووسی کورد تێپەڕ دەبێ و تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چۆنییەتی و هۆکاری دەسبەسەرکرانی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە. "هومایوون عەبباسی"، سەرنووسەری مانگنامەی فەرهەنگی_سیاسیی " ژیلوان"ـە و تەنیا هەواڵێک کە لە ناوبراو لەبەر دەستدایە پێوەندییەکی تەلەفوونییە کە لەو پێوەندییدا بە بنەماڵەکەی راگەیاندووە:" هیچ تاوانێکم نەبووە و من تاوانبار نیم." شایانی باسە کە بنەماڵەی ناوبراو تا ئێستا نەیانتوانیوە لە نزیکەوە بیبینن و لە هۆکاری دەسبەسەرکرانی هیچ زانیارییەکیان نییە. جێگای ئاماژەیە کە هومایوون عەبباسی خەڵکی "شاباد"ـی کرماشانە و ڕێکەوتی ٢٦ـی سەرماوەزی ئەمساڵ لە شاری تاران دەسبەسەر و چەند ڕۆژ دواتر بۆ گرتووخانەی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە کرماشان ڕاگوێزراوە. لەلایەکی دیکەوە، دوای تێپەڕینی زیاتر لە یەک حەفتە لە دەسسبەسەرکرانی چالاکێکی سیاسی دیکە بەناوی " بابەک دەبیریان "، تا ئێستاش هیچ هەواڵێک لە شوێن و هۆکاری دەسبەسەرکرانی لەبەر دەستدا نییە. ناوبراو چالاکی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسی خەڵکی کرماشانە کە ڕێکەوتی ٣ـی بەفرانبار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.