کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوکسێری مەریوانی خەریکی کاری کۆڵبەرییە

15:08 - 11 بەفرانبار 2719

بوکسێری مەریوانی، مەهدی خوسرەوی لە سنوورەکانی کوردستان خەریکی کاری کۆڵبەرییە. مەهدی خوسرەوی ئەندامی تیمی میللی ئومید، یەکێک لەو کەسانەیە کە لە یاری بوکس (یاری مشتێن)دا یاری دەکا و ئۆگرییەکی زۆری بەو یاریە هەیە. مەهدی کوڕە کوردی مەریوانی بۆ دابینکردنی بژیوی خۆی و بنەماڵەکەی خەریکی کاری کۆڵبەرییە و وێنەیەکی ناوبراو لە کاتی کۆڵبەریدا دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و زۆر لە مێدیاکان هەواڵیان لێ بلاو کردۆتەوە، بەڵام کاربەدەستانی دەوڵەت نکۆڵی لەوە دەکەن کە ئاگاداری کاری کۆڵبەریی ناوبراو بن. ناوبراو لە تیمی میللی ئومیددا یاریچییەکی سەرکەوتوویە بەڵام بەهۆی دۆخی نالەباری ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی و بەهۆی ئەوەی کە هیچ لایەنێکی حکوومەتی هاوکاری ناکەن، بە ناچاری لە سنوورەکانی کوردستان لە نێو بەفر و سەرمادا خەریکی کاری کۆڵبەرییە. هیوای کوڕە کوردی مەریوانی ئەوەیە کە بگاتە یاری ئۆلۆمپیک بەڵام بەهۆی هاوکاری نەکردنی دەزگا پێوەندیدارەکانی دەوڵەت، ناتوانێ بە بەردەوامی بەشداری لە یارییەکاندا بکا. مەهدی خوسرەوی یەکەم کورد نییە کە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا سەرکەوتن وەدەست دێنن، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا هاوکارییان ناکەن و نایانهەوێ دەرکەون، بە ناچاری واز دێنن و بەشێک لەوانیش بە هەوڵ و زەحمەتی زۆر بەربەستەکان دەشکێنن و پلە نایابەکانی جیهان بەدەست دێنن.