کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی گەندەڵی لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا

21:03 - 11 بەفرانبار 2719

"ئەحمەد تەوەکولی" نوێنەری پێشووی پارلەمانی کۆماری ئیسلامی و ئەندامی ئەنجومەنی هەڵسەنگاندنی بەرژەوەندییەکانی نیزام، لە نامەیەکدا کە بۆ "ئیبراهیم ڕەییسی" ناردووە، باسی لە گەندەڵیی کاربەدەستێکی ڕێژیم لەگەڵ ١١ نوێنەری پێشووی مەجلیس کردووە. "محەمەدعەلی تەفەکور" بەرپرس و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی " فرشتگان" ئەو گەندەڵکارەیە کە " ئەحمەد تەوەکولی" لە نامەکەیدا کە بۆ "ئیبراهیم ڕەییسی" ناردووە، باسی لێ کردووە. ئەحمەد تەوەکولی لە نامەیەکدا کە بۆ ئیبراهیم ڕەییسی، بەرپرسی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ناردووە، ئەو بابەتەی باسکردووە کە محەممەدعەلی تەفەکور، وەکوو کەسێکی گەندەڵ و سەرچاوەی گەندەڵی لە ئێران، دوای دامەزراندنی ڕێکخراوێکی ئابووری، ١١ ئەندامی پێشووی پارلەمان لە پڕۆسەی دامەزراندنەکەیدا بەشدارییان کردووە و بە هەرکام لەو کەسانە لەسەتا ٢ یا بەشی زیاتری پێداون بەپێی نوسراوەکانی تەوەکولی، کەسانی وەکوو " عەتائوڵڵا حەکیمی، نوێنەری پێشووی شاری ڕوودبار" ، "شەهلا میرگەلەوەی بەیات، نوێنەری پێشووی شاری ساوە" ، " مووسا ئەحمەدەی ، نوێنەری عەسەلوویە" و چەند کەسی دیکە، لەو گەندەڵییە تێوەگلاون. شایانی باسە کە سەتا ٥٥ـی دارایی ئەو دامەزراوەیە، بە دەستی موحەممەدعەلی تەفەکورەوە بووە. هەروەها ئەحمەد تەوەکولی نووسیویەتی کە لە سەرەتای ساڵی ٩٥ـەوە تا کۆتایی مانگی گەلاوێژی هەمان ساڵ، لانیکەم ٤٤ میلیارد و ٦٠٠ میلیۆن تمەن پارە لە ناوەندەکانی ئەو دامەزراوەیە هەڵگیراوە . بەپێی نووسراوەکانی تەوەکولی، موحەمەدعەلی تەفەکور ٣٠ میلیارد تمەنی لە حیسابی ئەو ڕێکخراوەیە هەڵگرتووە. شایانی باسە کە ناوبراو ساڵی ٩٥ جارێک دەسبەسەر کرابوو و خاوەنی چەندین دامەزراوەیە لە ئێراندا. گەندەڵی، یەک لەو کێشانەیە کە ڕۆژانە کۆمەڵگەی ئێران بەدەستیەوە وەزاڵە هاتوون. بەڵام هەمان کاربەدەستان و بەرپرسان کە بۆ خۆیان باس لە گەندەڵی کەسانی دیکە دەکەن، بەشێک لە داهات و سەرچاوە ئابوورییەکانیان هەر لە گەندەڵییەوە وەدەست هێناوە. گەندەڵی و ئاشکرابوونی کەسانی گەندەڵ، ڕۆژ ڕۆژ دوای چل ساڵ هەر لە پەرەسەندندایە و ڕۆژانە کاربەدەستانی دەوڵەت کە لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون بۆ خەڵک ئاشکرا دەبن.