کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گاڵتەجاڕیی ئیتلاعاتی رێژیم لە کوردستان و دانپێدانانی زۆرەملی لە ڕێگای دەست و پێوەندییەکانییەوە

21:10 - 11 بەفرانبار 2719

لەمڕۆژانەدا لە کەناڵی تەلەڤیزیونی کۆماری ئیسلامی لە سنە، شانۆگەری و گاڵتەجاڕییەکی دیکە لە ژێرناوی دانپێدانان و هەڵەی ئەو کەسانەی کە لە کاتی خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەردا دەسبەسەرکرابوون بە هاوکاری و پێشکەشکاری کەسێکی خۆفرۆش بە ناوی "کەیوان ڕەنجبەر " بڵاوکرایەوە کە بە مەبەستی ترساندن و تۆقاندنی خەڵک و هەروەها زیاتربە خەیاڵی خۆیان بۆ بە لاڕێدابردنی بیروڕای گشتی و خەڵکی کوردستان و بۆ چەواشەکاری و پێچەوانە نیشاندانی ڕاستییەکان هەر وەکوو نەریتی چل ساڵەی خۆیان و هەر لەسەر ڕێچکە کۆنەکەیان کەسگەلێکیان لە ژێرناوی جیاجیا و بە تۆمەتی جۆراوجۆرەوە لە ژێر ئەشکەنجە و ئەزیەت و ئازاری خۆیان و بنەماڵەکانیانەوە ناچار بە دانپێدانانی زۆرە ملی کردبوو و لەو کەناڵەوە کە لە لایەن خەڵکی سنە و دەور و بەریەوە بە "جاش تەڤی" ناسراوە بڵاوکردەوە. ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی هەوڵیداوە کە کەسانی ئەشکەنجەگەر و خائین و خۆفرۆش لە قاڵبی جۆراوجۆردا و بەتایبەت میدیاکار و ڕۆژنامەڤاندا بەخەڵک بناسێنێ، ئاشکرا بووە و خەریکە بۆ خەڵک ڕوون دەبێتەوە کە نموونەی هەرە بەرچاویان " کەیوان ڕەنجبەر" ئامینە زەبیحپوور " و عەلی زیایی" سێ کەس لەو ئەشکەنجەگەرانەی ئیتلاعاتی ڕێژیمن کە دەستیان لە ئەشکەنجە و دەسبەسەرکردن و تەنانەت کوشتنی خەڵکی ئێرانیشدا هەبووە و خۆیان وەکوو میدیاکار و ڕۆژنامەڤان دەرخستووە . شایانی باسە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە پەلەقاژەی مانەوە و درێژەدانی حکوومەتەکەی دایە و بەو بۆنەوە زیاتر لە جاران هەوڵی سەرکوتی ناڕازیان دەدا و لە هەموو شێوەیەک بۆ بەلاڕێدابردنی خەڵک کەڵک وەردەگرێ و بێگومان ئەم پیلانەشی وەکوو هەموو ئەوانی تر سەرناگرێ و خەڵکی ئێمە هەر لەسەرەتاوە ئەم ڕێژیمەیان دەناسی و بە خەڵکی دیکەی ئێرانیشیان ڕاگەیاند بەڵام ئێستا لە هەموو ئێراندا هەموو خەڵکی ئێران دژبە کۆماری ئیسلامی ڕاپەڕیون و داوای ڕووخانی ئەم ڕیژیمە کۆنەپەرەست و توتالیتارە دەکەن.