کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاردنەوی بێ‌کیفایەتییەکان و پاساودانەوەی بە گەمارۆکان

22:37 - 11 بەفرانبار 2719

کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆوەی بێ‌کیفایەتی و سیاسەتی نابەرپرسانەی خۆیان بشارنەوە، گەمارۆکانی ئەمریکا لەدژی ڕێژیمەکەیان بە بیانوو دێننەوە. لە کاتێکدا خواردەمەنی، دەرمان و هاوکارییە مرۆییەکان قەت بەشێک لە گەمارۆکانی ئەمریکا لەدژی ئێران نەبوون، بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئێسلامیی ئێران دەیانەوێ گەندەڵی و سیاسەتی چەوتی خۆیان بە گەمارۆکانی ئەمریکا ببەستنەوە. کیانووش جیهانپوور، وتەبێژی ڕێکخراوی دەرمان لە ئێران ڕایگەیاندوە کە پاشکەوتی دەرمانی نەخۆشی "ام پی سی" لە تەواو بووندایە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەبن دێ. موکوپلی ساکاریدوز (MPS) نەخۆشییەکی بۆماوەییە کە لە ڕێگای پەیوەندیی مۆخی ئێسک یان دەرمانی تایبەت بەخۆی کۆنتڕۆڵ دەکرێ. بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە لە ئێران زیاترە لە نێوەنجی تووشبوان بەو نەخۆشیەیە لە جیهاندا و خەرجی دەرمانی یەک حەوتووی ئەو نەخۆشییە دەگاتە یەک میلیۆن تمەن. جیهانپوور ئیدیعای کردوە کۆمپانیایەکی ئەمریکی ئەو دەرمانە بەرهەم دەهێنێ و بە هۆکاری جۆراوجۆر وەک گەمارۆکانەوە ناتوانن ئەم دەرمانە دابین بکەن، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تا ئێستا چەند جار لە زاری گەورە بەرپرسانی وڵاتەکەیانەوە ڕایانگەیاندوە کە گەمارۆکانی دژی ئیران بە هیچ شێوەیەک بەشی دەرمان و یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان ناگرێتەوە.