کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی دوو هاونیشتمانیی کورد لە ڕوانسەر

23:53 - 11 بەفرانبار 2719

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو دوو هاونیشتمانیی کورد لە ڕوانسەر لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر و شوێن‌بزر کراون. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ۲ی بەفرامباری ۱۳۹٨، هاونیشتمانییەک بە ناوی "جوبرەئیل عەزیزی"، کوڕی سەدیق لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و هەتا ئێستا نەزانراوە کە لەکوێ بەند کراوە. لەلایەکی دیکەوە هاونیشتمانییەکی تر بە ناوی "عەبدوڕەحیم نەزەری"، کوڕی شوکروڵڵا، خەڵکی کرماشان لە کاتێکدا بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری خۆی سەردانی ڕوانسەری کردبوو، لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کراوە. ئەو دوو کەسە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەسبەسەر کراون. شایانی باسە عەبدوڕەحیم نەزەری پێشتریش لە ڕۆژی یەکی ڕێبەندانی ساڵی ۹٦، بە تۆمەتی هاوشێوە دەسبەسەر و لە زیندانی دیزل‌ئاوای کرماشان بەند کرابوو. ناوبراو دواتر بە دانانی بریگرتەی ۲۰۰ میلیۆن تمەنی لە ۱٦ی خاکەلێوەدا بە شێوەیەکی کاتی تا کاتی دادگایی کردنی ئازاد کرابوو.