کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای ئێعدام و بەندکران بەسەر دوو بەندکراوی کورددا

01:25 - 12 بەفرانبار 2719

دوو هاونیشتمانی کوردی خەڵکی شارەکانی سەقز و سەردەشت بە بڕیاری دەزگای قەزایی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە حوکم دران. بەپێی راپۆرتی ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان دادگای شۆرشی شاری سنە بەندکراوێکی سیاسیی کورد بەناوی "هوشمەند عەلیپوور"ی بە ئیعدام مەحکووم کردوە و "محەممەد وەستا قادر"ی بە پێنج ساڵ بەندکردن سزا داوە.ە هوشمەند عەلیپوور خەڵکی شاری سەردەشت و محەممەد وەستا قادر خەڵکی شاری سەقزە و ڕۆژی ١٢ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو لە سەقز دەسبەسەر کران. ئەم دوو بەندکراوە کوردە ڕۆژی ٢٣ی خەرمانان لە لایەن لقی 2ی لێکۆڵینەوەی دادگای سنەوە بە تۆمەتی هەڵگەڕانەوە لە ئیسلام و فەرمانڕەوای وڵاتی ئیسلامی _خامنەیی_ دادگایی کران. ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە کوردە سەرەتا لە ٢٨ی خەزەلوەری پارەکە بۆ زیندانی ناوەندیی سەقز گوسترانەوە و پاشان رۆژی چوارشەممە ٥ی بەفرانبار بەڕێی زیندانی سنە کران. دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی ١٦ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو لە بەرنامەیەکدا دانپێدانانی زۆرەملێی ئەو دوو بەندلراوەی بڵاو کردەوە کە گوایە هێرشیان کردۆتە سەر بنکەیەکی ئەمنیەتی و زەرەر و زیانی ماڵیی زۆریان پێ گەیاندوە، بەڵام هەر هەمان کات بنەماڵەی ئەو دوو زیندانییە ڕایانگەیاند کە ڕۆڵەکانیان هیچ چالاکییەکی چەکدارییان نەبووە و لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا ناچار بە داننان بە تاوانی نەکردوویان کراون. شایانی باسە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژێم بۆ پاساوهێنانەوە بۆ حوکم و سزای سەپێندراو بەسەر زیندانیانی سیاسیی و جیابیران‌دا بەردەوام لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دەکرێن.