کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەکانی هێرش بۆسەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا

15:31 - 12 بەفرانبار 2719

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای قەرەبووکردنەوە لە حکوومەتی عێراق دەکا لەهەمبەر ئەو هێرشانەی کراوەتەسەر باڵوێزخانەکەیان لە بەغدا. وتەکانی" مایک پۆمپێئۆ" لەگەڵ میدیاکانی ئەمریکادا، رۆژێک دوای هێرشی لایەنگرانی حەشدی شەعبی دێت بۆ سەر باڵوێزخانەکەیان لە عێراق کە سووتانی بەشێکی باڵەخانەکە و شکانی شووشەکانی باڵوێزخانەکەی ئەمریکای لێکەوتەوە. مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند "ئەوەی بینیتان، تیرۆریستان بوون کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتییان لێدەکرێت. هەندێکیان ئەو تیرۆریستانەن کە لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە و لەگەڵ ئەوانی دیکەش کە چوونە نێو باڵۆێزخانەی ئەمریکا و هەڕەشەیان لە دیپلۆمات و ئەمریکاییەکانی دیکەی نێو باڵویزخانەکە کرد. قەیس خەزعەلی، سەرکردەی کەتائیبی ئەهلی حەق و هادی عامری سەرکردەی ڕێکخراوی بەدر کە لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە، لە بەرەی ئەو خۆپیشاندانانەدا بوون . پۆمپێئۆ ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمە ٤٠ ساڵە کۆماری ئیسلامیی ئێران کەمپەینی تیرۆرستیی جیهانیی بەڕێوە دەبات. خەونی دەسکەوتنی ئەتۆمیان هەیە و ئەمڕۆش توانای پیتاندنی هەیە. کە ئێمە هاتین ئیدارەی پێش خۆمان پارەی زۆری پێدابوون کە لە بەرنامەی چەکی ناوکیدا خەرجکرا، پارەیەکی زۆر بوو کە بۆ کاری تیرۆرستی لە سەرتاسەری جیهان و بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکیی خۆیان کەڵکیان لێوەرگرت . وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەی خستەڕوو کە تێڕوانینی ئیدارەی تڕامپ تەواو جیاوازە و وتی: "ئێمە گوشاری راستەقینە دەخەینە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەردەوامیش دەبین". ڕۆژی یەکشەممە ٨ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند کە پێنج هێرشیان کردۆتە سەر بنکەکانی کەتایبی حیزبوڵڵای عێراقی لە سووریا و عێراق. پێشتر حەشدی شەعبی رایگەیاند کە هێرشەکە لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە، بەڵام سەرچاوەیەکی ئەمریکایی بە ئاژانسی ڕۆیتێرزی راگەیاندووە کە هێرشەکە لەڕێگەی فڕۆکەی ئێف پازدەوە بووە . ڕۆژی سێشەممە ١٠ی بەفرانبار لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە کاردانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی، هەڵیانکوتایە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا، بەشێکیان سووتاند و داوایانکرد باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عێراق دابخرێت، هاوکات درووشمی "مەرگ بۆ ئەمریکا" و چەندین درووشمی دیکەی دژ بە ئەمریکایان بەرزکردەوە. پۆمپێئۆ هەروەها ڕایگەیاند، تڕامپ لەم بارەوە هەمیشە رووک بووە و ڕایگەیاندووە، هەرکاتێک ژیانی ئەمریکاییەکان بکەوێتە مەترسییەوە، وڵاممان دەبێت، هێرشەکەی رۆژی یەکشەممەش لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە لەو چوارچێوەیەدابووە. لە لایەکی ترەوە "برایان هوک" ڕایگەیاند، وەڵامی هەموو هێرشێکی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدەنەوە. حکوومەتی ئەمریکا ڕەخنە لە بەرپرسانی عێراق دەگرێت و بەوە تۆمەتباریان دەکات کە نەیانتوانیوە بەرژەوەندییەکانی واشینگتون بپارێزن. شایانی باسە کە پاش ئەوەیکە بەرپرسانی ئەمریکا کۆماری ئیسلامییان بە تۆمەتباری سەرەکی هێرش بۆسەر باڵوێزخانەکە زانی و هەڕەشەی وڵامدانەوەی کرد، هیزەکانی حەشدی شەعبی لە بەردەم باڵوێزخانەی ئەمریکا کشانەوە.