کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاسدار قاسم سلێمانی، فەرماندەی هێزەکانی قودسی سپای پاسداران کوژرا

11:09 - 13 بەفرانبار 2719

قاسم سلێمانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا کوژرا. سەرئەنجام قاسم سلێمانی فەرماندەی هێزەکانی قودسی سپای پاسداران کە کۆماری ئیسلامی و خامنەیی، وەک "شەهیدی زیندوو" و زۆر نێو و نێوبانگی دیکە بۆ پێهەڵگوتن لێیاننابوو و لە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە لوبنان و سووریە و عێراق و یەمەن‌دا ڕۆڵی سەرەکی هەبوو و زۆربەی دەستەو تاقمەکانی تێرۆریستی سەربە کۆماری ئیسلامی وەک "سەرداری ئیسلام ناویان دەهێنا، لە هێرشی فڕۆکە و ڕاکێتیی ئەمریکا لەبەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٣ی بەفرانبار، وێڕای ئەبوو مەهدی مووهەندیس یەکێک لە سەرۆکەکانی حەشدی شەعبی و سەرۆکی کەتائیبی حیزبووڵلا کە چەند رۆژ لەمەوبەر کەوتبوونە بەر هێرشی ئەمریکا، کووژران. رێژیمی کۆماری ئیسلامی وێڕای پشترراستکردنەوەی ئەو هەواڵە، سلێمانی وەک شەهید ناوبرد و تەلەڤیزیۆنی ڕێژیمیش وەک نیشانەیەک بۆ ماتەمباری نەواری ڕەشی لەسەر شاشەکەی دانا. بێگومان کوژرانی قاسمی سلێمانی بۆ کۆماری ئیسلامی زۆر گورچکبڕە، چونکە ناوبراو داڕێژەری سیاسەتەکانی ئاژاوەگێڕانەی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو و دەکرێ وەک وەزیری کاروباری دەرەوەی دەوڵەتی سێبەر(خامنەیی، سپای پاسداران و باڵی زال بەسەر دەسەڵات)دا باسی لێبکرێ. کوژرانی سلێمانی بێگومان لە کوردخایەن و تەنانەت درێژخایەندا بۆ کۆماری ئیسلامی گرانە و جێگە و پێگەی ئەو ڕێژیمە تووشی شڵەژان دەکات. لەلایەکی دیکە ئەگەر کوژرانی قاسم سلێمانی پێگەی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچەدا لەرزۆک دەکا، لەنێوخۆی وڵاتیش دەتوانێ هەیمەنەی ڕێژیم بخاتە گوومانەوەو ببێ بەهۆی هاندانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و رێخۆشکەر بێ بۆ سەرهەڵدانی خرۆشانی گەلانی ئێران. هاوکات هیزەکانی ئەمریکایی لەبەغدا و لە دەورووبەری باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە لە ئامادەباشی دان و دۆناڵد ترامپ لە تویتێکدا بەبێ ئاماژە بە کوژرانی سوولەیمانی، ئاڵای ئامریکای وەک ڕەمزی سەرکەوتن بەرجەستە کردۆتەوە. نابێ لەبیرمان بچێتەوە کە ئەگەر بوونی قاسمی سوولەیمانی بۆ کۆماری ئیسلامیی و درێژەدانی سیاسەتەکانی گرینگی تایبەتی هەبووە، لەناوچوونی ناوبراویش بۆ ئەمریکا کە زیاتر لە ٥ هەزار سەربازی لە عێڕاقدا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەدەستی ئێران و دەستەو تاقمە تێرۆڕیستییەکانی کووژراوە گەلێک گرینگترە. لەهەرحاڵدا ئەوەی دیارو ئاشکرایە ئەوەیە کە کوژرانی فەرماندەی قوودسی سپای پاسداران و یاری غاری خامنەیی دەتوانێ بەستێنی ئاڵۆگۆڕی زۆر بێ لەداهاتووی ناوچە و پێوەندییەکانی دوو ڕێژیمی دژبەریی کۆمار ئیسلامی ئەمریکا وڕەنگە پێوەندییەکانی دوولایەن بە ئاقارێکی دیکەدا بەرێ.