کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵە پێوەندیدارەکان بە کوژرانی قاسم سلێمانییەوە

11:44 - 13 بەفرانبار 2719

سەر لەبەیانی ڕۆژی هەینی قاسم سلێمانی فەرماندەی سپای قودسی سپای پاسداران لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە کوژرا. دوای ئەوەی کە لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە خۆپێشاندانێکدا لە بەغدای پێتەختی عێراق هەڵیانکوتایە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا و زیانیان بە باڵەخانەکە گەیاند، ئەمریکا هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەی کرد و ڕایگەیاند کە ئەو کردەوەیە بە فەرمانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجام دراوە. ئەمڕۆ هەینی سپای ئەمریکا لە ڕێگەی هێرشێکی هەواییەوە قاسم سلێمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی حەشدی شەعبی و دۆست و هاوکاری نزیکی قاسم سلێمانی و چەند کەسی تر لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران. لە یەکەم کاردانەوەدا دۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە نیشانی سەرکەوتن و ئێقتداری ئەمریکا، ئاڵای ئەمریکای لەسەر پەیجی تویتەر دانا. سپای پاسداران کوژرانی قاسم سلێمانی و مەهدی موهەندیسی پشتڕاست کردەوە. دەوڵەتی ئەمریکا ڕایگەیاند کە کوشتنی قاسم سلێمانی بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆکی ئەمریکا بووە و لە ڕاگەیەندراوەکەی پێنتاگۆندا هاتوە کە قاسم سلێمانی بە نیازی کوشتنی کاربەدەستانی ئەمریکایی بووە. هەر ئێستا شوڕای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران خەریکی پێکهێنانی کۆبوونەوەیەکی خێران لە سەر ئەو هێرشەی ئەمریکا و کوژرانی قاسم سلێمانی. وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە لە هەموو ڕێگەیەکەوە هەوڵدەدەن لە ژێر ڕۆشنایی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران وڵامی ئەمریکا بدەنەوە. سەناتۆر تام کاتن لە ئەمریکا ڕایگەیاند کە بە کوژرانی قاسم سلێمانی ئێستا ئەمریکا ئەمنترە. بڕیارە تا چەند کاتژمێری  تر دۆناڵد تڕامپ لەسەر ئەو هێرشە لێدوان بدا. سەناتۆرێکی ئەمریکایی ڕایگەیاند کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی بەردەوام بێ لەسەر هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکایی، دەبێ چاوەڕوانی باجێکی قورس بێ.