کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەکان لەپێوەندی لەگەڵ کوژرانی قاسم سلێمانی بەردەوامن

12:21 - 13 بەفرانبار 2719

کوژرانی قاسم سلێمانی لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە لە بەغدا، کاردانەوەی جیاوازی بە دوای خۆیدا هێنا. کوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی سپای قودسی سپای پاسداران بوو بەهۆی خۆشحاڵی هەموو ئازادیخوازان و خەڵکی وەزاڵەهاتووی گەلانی ئێران و لە مێدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبووە. عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ٣ ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیاند. ڕاگەیەندنەکانی ئەمریکا بڵاویان کردەوە کە تەنانەت کۆنگرێسی ئەمریکاش ئاگاداریی ئەو فەرمانەی دۆناڵد تڕامپ نەبووە بۆ هێرش کردنە سەر قاسم سلێمانی. موحسین ڕەزایی فەرماندەی پێشووی سپای پاسداران ڕایگەیاند کە لەسەر کوشتنی قاسم سلێمانی تۆڵە لە ئەمریکا دەکەنەوە. مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە عێراقییەکان بە کوشتنی قاسم سلێمانی خۆشحاڵن. هەروەها ڕایگەیاند کە عێراقییەکان بۆ دەربڕینی خۆشحاڵی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان. لەو هێرشەدا کە کراوەتە سەر کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی قاسم سلێمانی بێجگە لە ئەبوومەهدی موهەندیس باس لە کوژرانی ٨ کەسی دیکە دەکرێ و باس لە یەکێک لە فەرماندەکانی حیزبوڵڵای لوبنانیش دەکرێ کە لەنێو کوژراوەکان دایە. لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا خەڵک بەهۆی کوشتنی قاسم سلێمانییەوە خەریکی ئاهەنگ گێڕانن.