کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبوومەهدی موهەندیس لە بەغدا

14:16 - 13 بەفرانبار 2719

کوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبوومەهدی موهەندیس لە لایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکاوە بوو بەسەردێڕی هەواڵ و مێدیاکانی جیهان. لە دوای هێرشی لایەنگران و سەرکردەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر سەفارەتی ئەمریکا لە بەغدا، خامنەیی ڕایگەیاند کە دەولەتی ئەمریکا لەبەرابەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هیچی لەدەست نایە. هەر لە هەمان کاتدا دۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەمریکا خوازیاری شەڕ نییە لەگەڵ ئێران بەڵام ئەمڕۆ سەر لە بەیانی بەهێزترین فەرماندەی سەربازیی کۆماری ئیسلامی بە فەرمانی ناوبراو کوژرا. خامنەیی لە ڕاگەیەندراوێکدا باس لەوە دەکا کە تۆڵەی کوشتنی قاسم سلێمانی دەکەنەوە. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ده‌ڵێ: "ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دەبێ به‌رپرسیارەتی هەموو ده‌رهاویشته‌كانی ئه‌و کردەوەیە له‌ ئه‌ستۆ بگرێ". موقتەدا سەدر بێ ئەوەی هیچ لێدوانێک بدا تەنیا ئایەتێکی لەسەر پەیجەکەی داناوە. دەوڵەتی ئیسڕائیل بۆ ئەگەری هەر ڕووداوێک هێزەکانی خۆی لە سنوورەکانی لوبنان خستۆتە ئامادەباشییەوە. عەلی شیرازی نوێنەری خامنەیی گوتی: " تۆڵەی کوشتنی قاسم سلێمانی ئەرکێکی شەرعییە". هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و هەروەها هێزە ئەمنییەکانی عێراقیش لە ئامادەباشیدان و هێلیکۆپتێرەکانی ئەمریکا بەسەر ناوچەی سەوزی بەغدادا دەسووڕێنەوە. باس لەوە دەکرێ ئەو فڕۆکەیەی کە هێرشی کردۆتە سەر ماشێنەکەی قاسم سلێمانی، لە بەیرووتی پێتەختی لوبنانەوە مەئمووریەتی پێدراوە. باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا، لە ڕاگەیەندراوێکدا باس لە کوشتنی ١٠ کەس دەکا لەو هێرشەی کە کراوەتە سەر قاسم سلێمانی و هاوڕێکانی.