کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی کاردانەوەکان لە سەر کوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبوو مەهدی

15:24 - 13 بەفرانبار 2719

کوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس دۆخی عیراق بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەبا و شیمانە دەکرێ ئاڵۆزی زیاتر بەدوای خۆیدا بێنێ. دەوڵەتی ئیسڕائیل داوای لە باڵوێزخانەکانی لە وڵاتانی جیهان کرد کە وریا و ئامادە بن بۆ ئەگەری هەر ڕووداوێک. دەستەی حەشدی شەعبی کەوتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و یەکێک لە فەرماندەکانیان دەڵێ کە چاوەڕێی فەرمانن بۆ هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا. حەسەن رووحانی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند کە تۆڵەی کوشتنی قاسم سلێمانی دەکەنەوە. باس لە کوژرانی بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی حەشدی شەعبی لەنێو کوژراوەکانی هاوڕێی قاسم سلێمانی و ئەبوومەهدی موهەندیس دەکرێ. هاوپەیمانی فەتح و سەرۆک وەزیرانی کار بەڕێکەری عێراق داوای دانیشتنێکی بەپەلەی پارلەمانی عێراق دەکەن. باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران خەریکی ئامادەکارییە بۆ ناردنەوەی تەرمی قاسم سلێمانی بۆ ئێران. باڵوێزخانەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا داوای لە هاووڵاتیانی ئەمریکایی کرد کە وڵاتی عیراق جێبهێڵن. خۆپێشاندانی لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە دەورووبەری باڵوێزخانەی ئەمریکا بە فەرمانی سەرکردەکانیان کۆتایی پێهات. سەرکردەکانی حەشدی شەعبی زۆر بە توندی هەڕەشە لە ئەمریکا دەکەن. سبەی پارلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام دەدا و شیعەکان داوا دەکەن بە یاسا سپای ئەمریکا لە عێراق وەدەر بنێن بەڵام کورد و سوننە دژی دەرکردنی بڕیارێکی لەو شێوەیەن. زانیارییەکان باس لە کوژرانی زاوای قاسم سلێمانی دەکەن کە ئەویش هاوڕێی قاسم سلیمانی بووە بۆ عێراق.