کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەکان سەبارەت بە کوژرانی قاسم سلێمانی لەچەند کاتژمێری ڕابردوودا

02:46 - 14 بەفرانبار 2719

دوای کوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی سپای قودسی سپای پاسداران لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی نایە قۆناغێکی دیکە. دوای کوژرانی قاسم سلێمانی یەکێک لە تێرۆریستە بە ناوبانگەکانی جیهان کە ناوی لە لیستی تێرۆری ئەمریکادا بوو و دوای ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەی لە ئەمریکا کرد، پێنتاگۆن بڕیاریدا ٣٠٠٠ سەربازی دیکەش ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکا. لە حەوتووی ڕابردووشدا دوای هێرشی ئەندامانی حەشدی شەعبی بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، ئەمریکا ٧٥٠ سەربازی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست کرد و لە بەغدا جێگیری کردوون. تا ئێستا ژمارەی سەربازانی دەوڵەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەیشتۆتە ٨٢ هەزار سەرباز و باس لەوە دەکرێ کە ١٤ هەزار سەربازی دیکەش ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکا. بەرپرسێکی پلە بەرزی عێراقی لە وتووێژیکدا لەگەڵ کاناڵی "حوڕڕە" ڕایگەیاند کە سەفەری قاسم سلێمانی بۆ عێراق، بۆ تەواو کردنی ئەو پلانە بوو کە چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەندامانی حەشدی شەعبی کردیانە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و قاسم سلێمانی بەنیاز بوو کە ڕۆژی هەینی فەرمانی هێرش بۆسەر باڵوێزخانەی بەغدا بدا و هەروەها لە عادل عەبدولمەهدی توڕە بووە بەهۆی ئەوەی کە داوای کردبوو لایەنگرانی حەشدی شەعبی دەوری باڵوێزخانەی ئەمریکا چۆڵ بکەن. ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە قاسم سلێمانی دەیهەویست بەربژێرێکی نزیک لە کۆماری ئیسلامی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لەلایەن کوتلەی شیعەکانەوە بە سەرۆک کۆمار بناسێنی. هەر ئەمڕۆ عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەرەخۆشی و دڵنەوایی سەردانی ماڵی قاسم سلێمانی کرد و لەگەڵ بنەماڵەکەی کۆبۆوە. ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلە، ڕایگەیاند کە بە تۆڵەی کوژرانی قاسم سلێمانی تۆڵەیەکی بەهێز لە بکوژانی ناوبراو دەکەینەوە.