کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هوشداریی توندی ئەمریکا بە حەشدی شەعبی

14:27 - 14 بەفرانبار 2719

وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، هەندێک ئاماژە هەن کە گرووپە چەکدارە شیعە عێراقییەکانی نزیک لە ئێران دەیانەوێت هێرشی دیکە بکەنە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا. سوپاسالاری ئەمریکاش دەڵێت، ئەگەر هێرشی دیکە بکرێت وەڵامێکی چاوەڕواننەکراویان پێدەدرێتەوە. مارک ئێسپێر لە پێنتاگۆن هەر لەم پیوەندییەدا بە پەیامنێرانی راگەیاند، لەوانەیە پەشیمانیش ببنەوە. ئامادەین بۆ بەرگریکردن لە خۆمان و ڕێگەگرتن لە هەر مامەڵەیەکی دیکەی خراپ لەلایەن ئەو گرووپانەوە، کە هەموویان لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و رێنماییان پێدەدرێت. وەزیری بەرگریی ئەمریکا گوتی، حکومەتی وڵاتەکەی رێکاری پێشوەختە دەگرێتەبەر، ئەگەر زانی هێرشی دیکە ئەنجام دەدرێت، ناوبراو رایگەیاند، ئیتر یاریەکە گۆڕاوە، ئامادەین ئەوەی پێویست بێت بیکەین بۆ پاراستنی هێزەکانمان و بەرژەوەندی و هاوبەشەکانمان لە ناوچەکەدا. هاوکات مارک میڵی، سوپاسالاری ئەمریکا هۆشداری توندی دایە ئەندام و لایەنگرانی حەشدی شەعبی و خەڵکی دیکە لە ئەگەری هەڵکوتانەوە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا وبەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە هەرشوێنێک بێ و گوتی، هەرکەسێک بیەوێت ئەو کارە بکات رووبەڕووی ئەنجامی تووند و چاوەڕواننەکراو دەبێتەوە.