![](/files/qaniiii.jpg)
ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەی چالاکییە تیرۆریستییەکانی سوپای قودس لە دەرەوەی سنوورەکان ڕانەوەستێ لە دوای کوژرانی گەورە تیرۆریست قاسم سلێمانی، بە بڕیارێک "ئیسماعیل قائانی" ، خەڵکی مەشهەد ولە کەسە نزیکەکانی قاسم سلێمانی و خودی خامنەیی و کەسێکی بناژۆخوازی شەڕخوازی بە فەرماندەی سوپای قودس دیاریکرد
خامنەیی لە بڕیارەکەی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە فەرماندەیی سوپای قودس بە سەرتیپ ئیسماعیل قائانی دەسپێرێ کە لە دیارترین فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە شەڕی ئێران و عێراقدا بووە و بە ساڵان لە گەڵ قاسم سلێمانی کاری کردووە.
ئیسماعیل قائانی جگە لە مێژووی کاری تێرۆریستی و ئاژاوەگێڕی لە سوپای قودس ، ئەزموونی جێگری ئیتلاعاتی یەکەی هاوبەشی سوپای پاسدارانی هەیە و یەکێک لە کەسە نزیکەکانی قاسم سلێمانی بە ئەژمار دێت و ناوبراو لە هێرش بۆسەر کوردستان و شەڕلە گەڵ خەڵکی کوردستاندا لە ساڵی ٥٩ی هەتاوی نێردرایە کوردستان و ماوەی چەندین ساڵ خوێنی خەڵکی کوردی ڕشتووە .
هەرچەند کە خامنەیی بە بەژن و باڵای ناوبراودا هەڵیداوە و بە کەسێکی گونجاو بۆ جێگرەوەی "قاسم سلێمانی" ناوی هێناوە بەڵام شارەزایان دەڵێن نە بارودۆخی ئێستای کۆماری ئیسلامی و ناوچەکە گونجاوە تا سلێمانییەکی دیکە دروست بێتەوە و نە کۆماری ئیسلامی ئەو داراییەی جارانی بەدەستەوە ماوە کە بتوانێ خەڵکی دیکە بەلای خۆیدا ڕابکێشی.