کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ئێعتماد ئانلاین": نیوەی زیاتری خەڵکی تاران بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا ناکەن

16:00 - 14 بەفرانبار 2719

بەپێی ڕاپرسییەکی خودی ڕیژیمی کۆماری ئیسلامی نیوەی زیاتری خەڵکی پارێزگای تاران لە بە ناو هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بەشداری ناکەن. ڕۆژی پێنجشەممە ماڵپەڕی"ئێعتماد ئانلاین" بڵاوی کردەوە کە بە پێی ئەو ئامارانەی لە ڕاپرسییەکدا کە بەشی ڕاپرسیی خوێندکارانی ئێران "ئیسپا" بڵاوی کردۆتەوە زیاتر لە نیوەی خەڵکی پارێزگای تاران لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی کۆماری ئیسلامیدا بەشداری ناکەن. ئەو سەرچاوەیە هۆکاری بەشدارینەکردنی خەڵکی بۆ بێهیوایی لە ڕێفۆرم و چاکسازی لە کۆماری ئیسلامی و تووڕەیی لە دزی و گەندەڵی و بارودۆخی ئابووری و سیاسی وڵات و ڕەفتار و زوڵم و زۆری بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی گەڕاندەوە. هەروەها ئاماژە بەوەش دەکا کە  لەوانەیە خەڵکێکی زۆریش نەیانوێراوە بە ئاشکرا باسی دەنگ نەدان بکەن و لە ترسی بڕینی یارانە یان مووچەی مانگانەیان یان لە ئیداراتی دەوڵەتیدا کاردەکەن بۆیە بە دڵنیاییەوە رێژەی ئەو کەسانەی لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری ناکەن زۆر لەوە زیاترە کە باس دەکرێ . شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی جیهانی و هەروەها خەڵکی ئێران گاڵتەجاڕییەکی بە ناوی هەڵبژاردن وەڕێخستوە کە تەنیا کەسانی سەر بەو دەسەڵاتە وتەنانەت بژاردەیەکیش لەوان کە خامنەیی لە ژێر ناوی شوورای نیگەهباندا پەسەندیان بکا دەتوانن خۆیان بەربژێری بکەن و هیچ  بیرو بۆچوونێکی دیکە ناتوانێ لە کۆماری ئیسلامیدا جێی ببێتەوە و خاوەن ڕاوبۆچوونی جیاواز خێرا سەرکوت دەکرێن. هەر بۆیە خەڵکی ئێران لەوە تێگەیشتوون و لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەشدا بەڕاشکاوی ڕایانگەیاند کە نە ڕیفۆرمخواز و نە بناژۆخوازیان ناوێت و بە گشتی خوازیاری ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامین.