کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکێکی مەدەنی لە مەریوان دەسبەسەر کرا

03:57 - 15 بەفرانبار 2719

لە درێژەی دەسبەسەرکرانی چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی لە کوردستان، ئیتلاعاتی سپای پاسداران ئارام فەتحی چالاکی مەدەنیی خەڵکی مەریوانی دەسبەسەر کرد. دەسبەسەر کردنی ئەم چالاکوانە مەدەنییە لە کاتێکدایە کە شەپۆلی دەسبەسەرکرانی چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی لە دوای خۆپێشاندانەکانی خەزەڵوەری ئەمساڵ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەردەوامە و، بەسەدان لاویان دەسبەسەر کردوە. لەم پێوەندییەدا ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستان باسی لەوە کردوە کە هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە رۆژی ١٣ی بەفرانبار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە لە ماڵەوە نەبووە نەیانتوانیوە دەسبەسەری بکەن. ڕۆژی شەممە، ١٤ی بەفرانبار، دوابەدوای زانینی ئەو هەواڵە، بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەم هەوڵەی هێزە ئەمنیەتییەکان سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا دەکا و لەلایەن ئەم ناوەندەوە و، بەبێ بەڵگەی یاسایی، دەسبەسەر دەکرێ و بۆ شوێنێکی نادیار ڕادەگوێزرێ. ئارام فەتحی، شاعیر و یەکێک لە چالاکوانانی خوێندکاری زانکۆی پەیامی نووری مەریوان و، هەروەها ئەندامی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەولەوی و "وەژین" لە مەریوانە. ناوبراو لە ساڵانی ڕابردووشدا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنیەکانەوە لێپرسینەوەی لێکراوە.