کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: کۆماری ئیسلامی هێرشمان بکاتە سەر، گورزێکی لێدەدەین هاوشێوەی نەبێ

14:13 - 15 بەفرانبار 2719

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت گەورەترین هێزی سەربازیمان هەیە لە جیهاندا و ئەگەر ئێران هێرشمان بکاتە سەر گورزێکیان لێدەوەشێنین کە هاوشێوەی نەبێت. دۆناڵد ترامپ لە هەژماری خۆی لە توویتەر وەڵامی هەڕەشەکانی ئێرانی دایەوە و بەتووندی هەڕەشەی لە ئێران کرد، ترەمپ دەڵێ: ئێران هێرشی کردە سەرمان و ئێمەش وەڵاممان دانەوە. ئەگەر ئەمجارە هێرش بکاتە سەرمان کە من بە تووندی ئامۆژگارییان دەکەم کاری وا نەکەن، ئەوا گورزێکیان لێدەدەین هاوشێوەی نەبێت. سەرۆکی ئەمریکا بە ئاماژەدان بەوەی ئەمریکا هەر بەم دواییانە دوو تریلیۆن دۆلاری لە چەک و تەقەمەنی خەرجکردووە، دەڵێ: "ئێمە گەورەترین هێزی سەربازیین لە جیهاندا بە جیاوازییەکی زۆر، ئەگەر ئەمجارە ئێران هێرش بکاتە سەر بنکەکانی ئەمریکا یاخود ئەمریکاییەک بکاتە ئامانج، بەبێ دوو دڵی هێندێک لەو چەکە براندە نوێ و جوانانەتان بۆ دەنێرین". هەروەها دەڵێ: ٥٢ خاڵی هەستیاری کۆماری ئیسلامیمان دەست نیشان کردووە کە لە کاتی پێویستدا هێرشیان بکەینە سەر، وا باشترە کۆماری ئیسلامی هیچ هەڵەیەک نەکا. شایانی باسە کە ئاستی گرژی و ئاڵۆزی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی لەدوای کوشتنی قاسم سلێمانی گەورە تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە گەیشتۆتە شوێنێکی مەترسیدار و شارەزایان پێیان وایە لەئەگەری هەڵەی کۆماری ئیسلامیدا شەڕێکی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیدا ڕوودەدا.