کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برینداربوونی دوو کۆڵبەری کورد لە ناوچەی قوتوور

15:19 - 15 بەفرانبار 2719

دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بە سەختی بریندار بوون. ڕۆژی ١٤ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرزاییەکانی "گڕبران" لە ناوچەی " قوتوور" سەر بە شاری خۆی، تەقەیان لە دەستەیەک لە کۆڵبەران کرد و لە ئاکامی تەقەی ئەو هێزانەدا دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی " بێهنام عەلیزادە" تەمەن ٢٠ساڵ و "عەلی یوسفی" تەمەن ٢٥ ساڵ بە سەختی بریندار بوون و بۆ چارەسەری برینەکەیان ڕەوانەی نەخۆشخانە کران. بە وتەی یەکێک لە کۆڵبەران لە بەرزاییەکانی "گڕبران" لە سنوورەکانی ئێران و تورکیە، لە مەودایەکی زۆر نزیک و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت تەقەیان لێکراوە. شایانی باسە بەشێکی بەرچاو لە خەڵكی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لە بەر نەبوونی کار و ناکارامەیی کاربەدەستان و گرینگی پێنەدان بە کوردستان، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان بە ناچار ڕوو دەکەنە کاری کۆڵبەری کە لە مێرمنداڵی تەمەن ١٤ ساڵ، ژن، پیاوی بە تەمەن و کەسانی خوێندەوار سەرەڕای وەرگرتنی بڕوانامە لە ئاستی باڵادا دیسانیش ڕوویان کردۆتە کۆڵبەری و ساڵانە بە سەدان کەس لەو ڕێگایەدا بە هۆکاری جۆراوجۆ ر گیانیان لە دەست دەدەن. بەپێی ئامارەکان لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا ٢٥٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، بەربوونەوە لە بەرزایی، لە سەرما ڕەق هەڵاتن و ڕاوەدوونانیان لە لایەن ئەو هێزانەوە کوژراو بریندار بوون.