کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریندار بوونی دوو کۆڵبەر بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم

02:20 - 16 بەفرانبار 2719

لە درێژەی کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستاندا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۱٤ی بەفرانبار، دوو کۆڵبەری دیکەی کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە ناوچە سنوورییەکانی سەر بە شاری خۆی لە پارێزگای ورمێ، بریندار بوون و بە مەبەستی پێڕاگەیشتنی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی ئەم شارە کراون. بەپێی ڕاپۆرتی سایتی تێلێگرامیی "کانال کولبرنیوز"، لە ئەنجامی دەسڕێژی هێزە سنوورییەکان لە نزیک ئاوایی "بلجووک" سەربە ناوچەی خۆی، دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی عەلی یووسفی، تەمەن ۲٥ ساڵ و بێهنام عەلیزادە، تەمەن ۲۰ ساڵ بریندار بوون. لەم ڕاپۆرتەدا هاتوە ئەم کۆڵبەرانە بەبێ ئەوەی پێشتر ئاگادار بکرێنەوە و لە مەودای نزیکەوە و بە تۆمەتی پێبوونی باری قاچاخ کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی ئەم هێزانە. شایانی باسە لە ماوەی سێ مانگی پاییزی ئەمساڵدا ٦۷ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و یان لە سۆنگەی ڕاوەدوونانی ئەم هێزانەوە کوژراو و بریندار بوون.