![](/files/RTS18BPH-870.jpg)
لێکەوتەکانی کوژرانی قاسمی سولەیمانی بەهۆی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکاییەوە لە فڕۆکەخانەی بەغدا لە عێراق، وێدەچێ مەترسیی زۆر ەورەی لێ بکەوێتەوە. لەو پێوەندییەدا حیزبوڵڵای لوبنان کە هێزێکی تێرۆریستییە و سەربە کۆماری ئیسلامییە، هەڕەشەی لە ئەمریکا کردوە و حەسەن نەسرووڵڵا ڕێبەری ئەو تاقمە گوتوویەتی: "ڕۆژێک کە ئەو ڕووداوە (کووژرانی قاسمی سولەیمانی) ڕووی دا، سەرەتای مێژوویەکی نوێیە، نە بۆ ئێران، بەڵکوو هەموو ناوچە و ئێمە لە شیپانەی قۆناغێکی بەتەواوی نوێداین."
حەسەن نەسرووڵڵا ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی بەفرانبار لە قسەکانیدا و لە کاردانەوەیەک کە بەبۆنەی کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزەکانی قودسی سپای پاسداران هەیبووە، وێڕای ئاماژە بە پەسەندکراوی پارلمانی عێراق لە پێوەندی لەگەڵ پێویستیی چوونەدەری هێزەکانی ئەمریکایی لە عێراق گوتی:
"دەنگدانی گەڵاڵەی پارلمانی عێراق بۆ دەرکردنی سەربازانی ئەمریکایی لەو وڵاتە بۆ سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەمریکا لە ناوچە و لە عێراق شکستە و ناتوانێ جێپێی حەشدی شەعبی لێژ بکا."
ڕێبەری تاقمی تێرۆریستیی حیزبوڵڵا وێڕای هەڕەشە لە ئەمریکا گوتی: "پێگەی نیزامی و گەمییە شەڕکەرەکانی ئەمریکا و بەگشتی سەربازەکانی ئەو وڵاتە کە بەپێوە هاتوونە ناوچەکە، بە ڕاکشاوی واتە (کوژراوی) دەگەڕێنەوە و ترامپ دەزانێ چیی کردوە."
شایانی باسە حیزبوڵڵای لوبنان لە تاقمە بەکرێگیراوەکانی کۆماری ئیسلامییە کە لە سەرەتاکانی دەیەی هەشتای زایینی سەدەی ڕابردوودا، بە فیتی کۆماری ئیسلامی و مستەفا چەمران فەرماندەی پێشووی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە ناخی "جووڵانەوەی ئیسلامیی ئەمەل لووبنان" بە سەرۆکایەتیی "نەبییە بێڕری"ـیەوە دامەزرا و، ئێستا بە کەڵکوەرگرتن لە سەروەت و سامانی دەیان میلیاردیی خەڵکی ئێران لە هەموو بارێکەوە تەیار دەکرێ و بووەتە ئامرازی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی لە لوبنان و سووریەدا.