کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایک پۆمپێئۆ: "عادل عەبدولمەهدی لە ژێر هەڕەشەیەکی گەورەی ئێراندایە"

02:49 - 16 بەفرانبار 2719

لە درێژەی کێشە و ململانێی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا و لە کاردانەوە بۆ بڕیاری پارلمانی عێراق بۆ چوونەدەری هێزە ئەمریکاییەکان مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند: "لەبارەی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەبێ بڵێم ئەوان دەمێکە لە عێراقن و پشتیوانییان لە سەروەریی عێراق کردوە و، خەڵکی عێراق دەیانهەوێ ئەمریکا لە وڵاتەکەیاندا بمێنێتەوە." ئەم لێدوانە بەو مانایە دێ کە ئەمریکا ملکەچی بڕیاری پارلمانی عێراق نابێ و بەتەما نین بەو ساناییە ئەو وڵاتە کە لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە چۆڵ بکەن. مایک پۆمپێئۆ، لە لێدوانێکدا لەگەڵ فاکس نیووزی ئەمریکا ڕاشیگەیاند: "ئەمریکا دڵنیایە کە خەڵکی عێراق دەیانەوێ سەربازانی ئەمریکا لە وڵاتەکەیاندا بمێنێتەوە و شەڕی دژی تێرۆر بەردەوام بێ." لەبارەی وتەکانی عادڵ عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراقیش کە گوتبووی، لە بەرژەوەندیی عێراق و ئەمریکادایە کۆتایی بە هەبوونی هێزە دەرەکییەکان لە عێراق بهێنن، پۆمپێئۆ ڕایگەیاند: "عادڵ عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرێکی دەست‌لەکارکێشاوەیە و لەژێر هەڕەشەیەکی گەورەی سەرکردایەتیی ڕێژیمی ئێراندایە." شایانی باسە لە دوای کوژرانی قاسمی سولەیمانی فەرماندەی هێزەکانی قودسی سپای پاسداران لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن هێزە ئەمریکاییەکان، ئێران و ناوچەی کەنداو بەڕەوڕووی هەڕەشەی شەڕێکی گران لە نێوان ڕێژیمی زاڵ بەسەر ئێران و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بووەتەوە.