کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ رایگەیاند "بۆ وەڵامدانەوەی ئێران پێویست ناکات کۆنگرێس ئاگاداربکەمەوە

14:14 - 16 بەفرانبار 2719

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دوایین لێدوانیدا لەبارەی هەڕەشەکانی ئێرانەوە رایگەیاند، بۆ وڵامدانەوەی ئێران پێویست ناکات کۆنگرێس ئاگادار بکەمەوە. لە دوایین توویتیدا لەبارەی ئێرانەوە سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کردووە، پێویست ناکات کۆنگرێس ئاگادار بکاتەوە لە هەر هێرشێک وەک وەڵامدانەوەی ئێران و دەڵێ: "بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە هێرشی ئەمریکا بۆسەر ئامانجەکانی ئێران بۆخۆی ئاگادار کردنەوەیە، بۆیە پێویست ناکات بە شێوەیەکی فەرمی کۆنگرێس ئاگادار بکاتەوە". ترامپ لە توویتەکەیدا نووسیویەتی: "ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران هێرش بکاتە سەر کەسێک یاخود ئامانجێکی ئەمریکایی، ئەوکاتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە خێرایی و بە توندی وەڵامی دەداتەوە، هەرچەندە دەکرێت وەڵامەکە ناهاوتابێت". هەرچەندە ترامپ دەڵێ، پێویست ناکات کۆنگرێس لە هێرشکردنە سەر ئێران ئاگادار بکاتەوە، بەڵام لەو هێرشەی ئەمریکا ئەنجامیدا، کۆنگرێس ئاگادارکرابۆوە. بەپێی یاسا، کۆشکی سپی دەبێت لە زووترین کاتدا کۆنگرێس ئاگادار بکاتەوە لە هەر ڕووداوێک کە ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی هەڕەشە و جەنگ بکاتەوە. بەهۆی کوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبوومەهدی موهەندیس، هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ سەر یەکتری زیادیان کردووە، بەشێوەیەک کە راستەوخۆ هەڕەشەی هێرش کردنە سەر بنکە و بارەگاکانی یەکتری لە ناوچەکەدا دەکەن. بەرەبەیانی رۆژی هەینی ١٣ی بەفرانباری٩٨ی هەتاوی لە بۆردوومانێکی فڕۆکەکانی ئەمریکا، قاسم سلێمانی، فەرماندەی سپای قودس و ئەبوومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و ژمارەیەک فەرماندەی سپای پاسداران و حەشدی شەعبی کوژران. کوژرانی ئەو سەرکردە سەربازییانەی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کاردانەوەی لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان لێکەوتۆتەوە و کاردانەوەکانیش بەردەوامییان هەیە.