کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵە پیوەندیدارەکان بە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکاوە

14:26 - 16 بەفرانبار 2719

کێشە و ئاڵۆزییەکان لە نێوان دوو دەوڵەتی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران تا دێ زیاتر تەشەنە دەسێنێ و کاردانەوەی جۆراوجۆر بەدوای خۆیدا دێنێ. بە دوای کوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس و چەند کەس لە هاوبیرانیان، دۆخی ناوچەکە پێی نایە قۆناغێکی دیکە و یەکێک لە گرینگترین کاردانەوەکان دانیشتنی ڕۆژی یەکشەممەی پارلەمانی عیراق بوو کە بێ بەشداری پارلەمانتارە کوردەکان و بەشێک لە سوننەکان، پرۆژە بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی بێگانەی پەسەند کرد. لەگەڵ ئەوەی کە ئەو پرۆژە بڕیارە جارێ نەبۆتە یاسا، بەڵام لە خێراترین وەڵام و کاردانەوەکان بەو پرۆژە بڕیارە، بڕیاری هاوپەیمانی شەڕ دژی داعش بوو کە رایگەیاند بەهۆی ئەوەی کە هێزەکانمان لە عێراق ئەمنییەتیان نییە، شەڕ دژی داعش ڕادەگرن. لە پێوەندی لەگەڵ کێشەکانی ئێران و ئەمریکا، قەیس خەز عەلی سەرۆکی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی هەق، لە وتارێکدا ڕایگەیاند کە ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق نەچنە دەرەوە، ئەوە زەوی و ئاسمانیان لێ دەکەینە ئاگر. لە پێوەندی لەگەڵ پرۆژە بڕیارەکەی پارلەمانی عێراقیش ڕایگەیاند، بە کشانەوەی ئەمریکییەکان دۆخی عێراق تێک ناچێت و بڕیاری ئەمڕۆی (یەکشەممە ١٥ بەفرانبار) پەرلەمان گرنگترین بڕیار بووە  لە مێژووی پەرلەماندا و گوتیشی "ئەوانەی دەنگیان بە چوونەدەرەوەی ئەمریکییەکان نەدا شەرەفمەند نین". یەکێکی دیکە لە کاردانەوەی پێوەندیدار بە کوژرانی قاسم سلێمانییەوە، هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامییە لە ڕێککەوتننامەی بەرجام و، کاربەدەستانی ڕێژیم ڕایانگەیاند کە هەنگاوی پێنجەم بۆ پابەند نەبوون بەو ڕێککەوتنە هەڵدەگرن کە بێگومان ئەو بڕیارەش کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە. هەر لەم پێوەندییەدا ئێواره‌ی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ١٥ی بەفرانبار ئه‌نگێلا مێركڵ، راوێژكاری ئه‌ڵمان و ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆک کۆماری فەڕانسە و بۆریس جۆنسن، دوای په‌یوه‌ندییەکی ته‌له‌فۆنی له‌نێوان خۆیاندا، له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه‌ و داوایان له‌ ئێران كردووه‌ له‌و ڕێوشوێنه‌ نوێیانه‌ دوور بکەونەوە كه‌ له‌گه‌ڵ ڕێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی ناگونجێن". هەر دوابەدوای ئەم بڕیارەی پارلەمانی عێراق، سەناتۆر "مارکۆ ڕۆبیۆ" لە تویتێکدا ڕیگەیاند کە ئیتر ئێستا کاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە. دوای کوژرانی قاسم سلێمانی، گرووپێکی توندڕەوی ئیسلامی ناسراو بە "ئەلشەباب" لە وڵاتی کینیا هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی ئەمریکایی و ٣ کەسیان کوشت و زیانیان بە ناوەندەکە گەیاند. ئەمریکا ئەو هێرشە و کوشتنی ٣ کەس لە هێزەکانی ئەمریکایی پشتڕاست کردەوە. هەر لە پێوەندی لەگەڵ کوژرانی قاسم سلێمانی دا ، "بەڵقەس ڕۆشەن" ئەندامی پارلەمانی ئەفغانستان رایگەیاند کە پێویست ناکا ئێمە نیگەرانی کوشتنی قاسم سلێمانی بین، لەبەر ئەوەی کە قاسم سلێمانی زۆرترین جینایەتی لە ئەفغانستان ئەنجامداوە و لاوانی ئەفغانی لە هێزەکانی فاتمیون و زەینەبیون ڕێکخستوە و لە لە شەڕەکاندا بە کوشتی داون. لە پێوەندی لە گەڵ دیاریکردنی ٥٢ ناوەندی ئێرانی کە ئەمریکا وەک پەرچە کردار دژ بە کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ هێرشیان بکاتە سەر، " موجتەبا زوئەلنوور" سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی نەتەوەیی ئێران لە پارلەمانی ئەو وڵاتە گوتی: " ئەگەر ئەمریکا بیهەوێ لە ئێران هێرش بکاتە سەر ٥٢ شوێن، ئەوە ئێمە بە ژمارەی ئایاتی قورئان لە بنکە و ناوەندەکانی ئەمریکایی دەدەین و بە ژمارەی ١٢٤ هەزار پێغەمبەر، ١٢٤ هەزار نەفەر لە ئەمریکاییەکان دەکوژین".