![](/files/1397042815512838414795414.jpg)
کاربەدەستانی به‌رلین و پاریس و له‌نده‌ن داوا لە ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن کە، ده‌ست له‌و رێوشوێنانه هه‌ڵگرن كه دژی ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمییە.
ئەو سێ وڵاتە هه‌روه‌ها داوا ده‌كه‌ن کۆماری ئیسلامی دژکردەوەی بەرانبەركوژرانی قاسم سوله‌یمانی نەبێ تاکوو ناوچەکە ئاڵۆزتر نەبێ.
ئێواره‌ی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌١٥ ی بەفرانبار، ئه‌نگێلا مێركڵ، ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانیا و ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌رانسە و بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، دوای ئه‌نجامدانی په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنی له نێوان خۆیاندا، له‌و باره‌یه‌وه به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شیان بڵاو كرده‌وه و داوایان له ئێران كردوه له‌و ڕێوشوێنه نوێیانه بكشێته‌وه كه له‌گه‌ڵ ڕێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی ناگونجێن و هەروەها دەست لە هەڕەشە و نانەوەی ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا هەڵگرێ.
داواكاریی ئه‌و سێ سه‌ركرده ئورووپاییە پاش ئه‌وه‌بوو كه تاران رایگه‌یاند: "له چوارچێوه‌ی هه‌نگاوی پێنجه‌م و كۆتاییدا خۆی له هه‌موو ئه‌و كۆت و به‌ندانه ڕزگار ده‌كات كه به‌گوێره‌ی ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ی پێشتر کە ئه‌مه‌ریكا لێی كشایه‌وه، پابه‌ندبوونی خۆی به‌و بەڵێننامەیە كه‌م ده‌كاته‌وه".
هه‌ر له به‌یاننامه‌كه‌ی مێركڵ و ماكرۆن و جۆنسن دا تیشک خراوه‌ته سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ی کە به‌هۆی كوژرانی فه‌رماندەکەی پێشووی سپای قودسی سوپای پاسدرانه‌وه درووست بووه و داوایان له ئێران كردووه، كرده‌ی توندوتیژیی نوێ ئه‌نجام نه‌دات و پاڵپشتیی كرده‌ی توندوتیژیش نه‌كات. به لایانه‌وه گرینگه له‌م كاته‌دا گرژییه‌كان كه‌م بكرێته‌وه و داوایان له هه‌موو لایه‌نه‌كان كردووه هه‌ست به به‌رپرسیارەتی بكه‌ن و دان به‌خۆیاندا بگرن.