کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆچی بایکۆتی هەڵبژاردن؟

22:00 - 28 رێبەندان 2719

بۆچی بایکۆتی هەڵبژاردن؟ ڕەنگە بۆ کەس یا لایەنێکی دێموکرات، هیچ شتێک لەوە ناخۆشتر نەبێ کە داوا لە خەڵک بکا پشت لە یەکەم پرەنسیبی دێموکراسی؛ واتە دەنگدان بکەن، لە حاڵێکدا بۆخۆی ساڵانێکە خەبات بۆ دێمۆکراسی دەکا. ئەگەرچی وەها داوایەک دژی نۆرمە دێمۆکراتییەکانە، بەڵام پێوەندی بە پارادۆکسی دێموکراسییەوە هەیە. دێمۆکراسیش وەک گشت دیاردە کۆمەڵایەتییەکان پارادۆکسی خۆی هەیە و نابێ ئێمە بەتەنیا هەر بەرگژەکانی دێموکراسی لە پرۆژە سیاسییەکاندا لەبەرچاو بگرین، بەڵکوو پێویست دەکا ڕەچاوی پارادۆکسی دێموکراسیش بکەین. یەکێک لە هۆکارەکانی ڕەوەندی پەرەسەندن لە گشت پرۆژە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، خۆ خەریک کردن بە پارادۆکسەکانی ئەو سیستەمەوەیە کە پڕۆژە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی لێ سوار دەکرێن. دێموکراسی لە زۆر قۆناغی مێژووییدا بۆخۆی بۆتە هۆکارێک بۆ شکستی خۆی و ئەمە لە ڕاستیدا یەکێکە لە پارادۆکسەکانی دێموکراسی. بۆ نموونە هێزە فاشیستەکان لە ئورووپا، بناژۆخوازەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و کۆمۆنیستەکان لە ئاسیا تا ئەو قۆناغە لەگەڵ ئیدەی دێموکراسیدا کۆکبوون کە ئەوانی گەیاندۆتە دەسەڵات و دواتر دێموکراسی تا ئاستی ئیدۆلۆژی ئەوان دادەبەزێت و دەبێت بە بەشێک لە بۆرۆکراسی ڕێژیمی سیاسی بۆ نەهێشتنی جیابیران. کەوایە بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی پارادۆکسەکانی دێموکراسی بکەین پێویست دەکا کۆتایی بە ڕوانگەی زاتگەرایانەی دێموکراسی بێنین و نەهێڵین دێموکراسی ببێ بە ئامێرێک لە خزمەت حکوومەتدا، بەڵکوو دێموکراسی گەرەنتییەک بێ لە دەستی گەلدا. چۆن پارادۆکسی دێموکراسی کۆنتڕۆڵ بکەین؟ گرفتەکە لە ڕوانگەی زاتگەرایانەی ئێمە دایە بۆ پرسی دێموکراسی. یەکێک لە هۆکارەکانی پایەدارنەبوونی دێموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا ئەوەیە کە خەڵک کەمتر بە تێگەیشتنێکی کرداریانە سەیری دێموکراسی دەکەن. کارڵ پۆپێر دەڵێ: درۆیە گەر دەڵێن دێموکراسی حکوومەتی گەلە (زاتگەرایی)، چوونکە قەت وا نەبووە و ئیمکانیشی نییە وا بێ. خەڵک بە پانەوە ناتوانن حکوومەت بکەن، بەڵام دەتوانن چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن. کەوایە گرنگترین کارکردی دێموکراسی بۆ خەڵک لەوەدایە کە وەک چۆن لە ڕێگای دەنگدانەوە دەسەڵات بە حیزب یا کەسێک دەدا، بە هەمان دەنگ و دوای چوار ساڵ ئەو مافەی هەبێ کە بەبێ ترس و تۆقاندن ئەو حیزبە یا ئەو کەسە لە دەسەڵات بخا (کارکردگەرایی). دێموکراسی لەم کۆنتێکستەوە یانی چارەنووسی دەسەڵات لە دەستی گەل دابێ نەک چارەنووسی گەل لەدەستی دەسەڵاتدا بێ. پڕۆژەی دەنگدان لەم ٤١ ساڵەدا نەک دێموکراسی لێ نەکەوتۆتەوە بەڵکوو دەرئەنجامێکی پێچەوانەی هەبووە لە ئێران. بەڵگەش بۆ وەها ئیدەعایەک ڕەوەندی سەپاندنی «جەباریەتی سیاسی»یە کە ڕێژیم وەک ستراتیژییەک بۆ سەقامگرتوویی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا کاری بۆ کردووە. لە نێوان هەڵبژاردنی مەجلیسی یەکەمەوە تا خولی دەیەمی مەجلیسی شوورای ئیسلامیی ئێران، نەک هەر پڕۆژەی  یاسا سالاری و دێموکراتیزاسیۆن لە ئێراندا ئامانجەکانی نەهاتنە دی، بەڵکوو خولەکانی هەڵبژاردن دەرفەتێک بوو لەبەر دەستی ڕێژیمدا بۆ ئەوەی زەرفیەتەکانی دێموکراتیزاسیۆن لە دەروونی سیستەمدا شوناسایی بکا، لە ڕێگای برۆکراسی حکوومییەوە کۆنتڕۆڵیان بکا و دواجار لە مەیدان بەدەریان بکات. کەوایە  بۆ ئەوەی دێموکراسی چیدی لە خزمەتی حکوومەتدا نەمێنێ، ئێمە ناچارین چاوپۆشی لە یەکێک لە پرەنسیپەکانی دێموکراسی، واتە دەنگدان بکەین کە ڕێژیمی سیاسیی ئێران لەم ٤١ ساڵەدا وەک نمادی دێموکراسی پێمان ڕەوا دەبینێ. بایکۆت کردنی هەڵبژاردن لەم قۆناغەدا کە ڕێژیم بەتەمایە دوا سینگەکانی تاوڵی جەبباریەتی سیاسی پێ داکوتێ، نەک پارادۆکسیکاڵ نییە بەڵکوو هەوڵێکە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی پارادۆکسی دێمۆکراسی. بەڵام بایکۆتی ئەمجارە لە لایەن چالاکانی سیاسی و مەدەنییەوە بە داخەوە زیاتر لەسەر مەعلوولی بایکۆت چڕ بۆتەوە کە لە زۆربەی هەڵبژاردنەکاندا هۆکارێک بووە بۆ سەرنەگرتنی بایکۆتێکی گشتگیر و چالاک. چالاکانی سیاسی و مەدەنی، لانیکەم لە کوردستان، دەیانتوانی چاوپۆشی لە عیللەتی هەڵبژاردنیش نەکەن و هەر ڕوویان لە خەڵک نەکردبا کە دەنگ نەدەن، بەڵکە داوایان لەو خەڵکەش بکردایە کە بەتەمای خۆ کاندید کردن بوون. ئەگەر دەنگ نەدان مەعلوولی هەڵبژاردن بێ، خۆ پاڵاوتنیش بۆ هەڵبژاردن عیللەتی دەنگدانە، چونکە لە زۆربەی هەڵبژاردنەکاندا خەڵک لەبەر متمانە و ڕێزی هێندێک لە کاندیداتۆرەکان بەرەو پیری دەنگدانەوە چوون. کەوایە دیالۆگی نیشتمانی لە کوردستان بۆ بایکۆت، دەبوایە کەسانی خۆشناو و پسپۆڕیش (عیللەت) بگرێتەوە و داوایان لێ کرابا کە خۆیان کاندید نەکەن، لە وەها دۆخێکدا شانسی دەنگ نەدانیش (مەعلوول) زیاتر دەبوو. بەڵام سەرەڕای کەموکووڕییەکان، لە ڕۆژی هەڵبژاردندا زۆر گرینگە خەڵک لە ماڵەکانیان بمێننەوە و نەچن بۆ دەنگدان. هەڵبژاردنی ئەمجارە ڕووی لە مەشرووعییەتی دەسەڵاتی سیاسی نابێ، بەڵکوو دەنگ نەدان مەقبووڵیەتی ڕێژیم دەخاتە بەر پرسیارێکی مێژوویی. کەوایە ئەمجارە خەڵک لە ڕێگای دەنگ نەدانەوە هەم بە دەسەڵاتی سیاسی دەڵێ نا و هەم ڕێز و کەرامەتی دێموکراسی دەپارێزێ.