کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوشتاری کۆڵبەران لەپێناو چیدا

14:50 - 29 رێبەندان 2719

لە سێ‌ ڕۆژی ڕابردوودا هێزە جینایەتکارەکانی کۆماری ئیسلامی لە چەند ناوچەی سنووری لە شارەکانی نەوسوود و مەریوان و پیرانشار و ماکۆ، زیاتر لە ١٥ کوڵبەریان داوەتەبەر دەسرێژی چەکەکانیان کە لەونێوەدا دوو کۆڵبەری لاوی ٢٤ و ٢٠ ساڵان بە ناوەکانی ئەحمەدی سەحرایی و شاهید ئاداک بەهۆی کاریبوونی برینەکانیان کوژران. ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە کاردانەوەی خەڵکی شارەکانی نەسوود و پاوەی لێکەوتەوە و خەڵک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە نەوسوود هەڵیاکوتایە سەر پێگەی هێزەسەرکوتکەرەکان و لە شاری پاوەش دووکان و بازارەکان داخران. ئەوە یەکەمجار نییە هێزەسەرکوتکەرەکانی ڕێژیم جینایەت دەخوڵقێنن و خەڵکی بێتاوان و بێدەرەتانی کوردستان دەکەنە ئامانجی خۆیان و گیانیان لێدەستێنن. لەماوەی چواردەیەی ڕابردوودا ڕۆژ نەبووە هەواڵی تەقەکردن لە کۆڵبەران و کوژران و برینداربوونیان بڵاونەبێتەوە. بەڵام پرسیار ئەوەیە تەقەکردن لە کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد لەپێناوی چی؟ کوشتنی کۆڵبەران کە لەنێویاندا لاوانی تازە پێگەیشتووی خێرلەژیان نەدیتووی تێدایە، کەسانی بەساڵاچوو و خاوەن کۆشێک منداڵی تێدایە و تەنانەت ژنانیش لەنێو کۆڵبەراندا دەبیندرێن، بەچ مەبەستێکە؟ ئایا مەبەستی ڕێژیم لە خوڵقاندنی ئەو جینایەتانە، بەربەرەکانی لەگەڵ هەناردە و هاوردەی کاڵا و شتوومەکی قاچاغە، خۆ ئەگەر وابێ، دەبێ بەشێوەی زانستیانە و ڕیشەیی و بەدوور لە کوشتاری خەڵکی بێتاوان و بێدەرەتان ، بیر لەوە بکرێتەوە کە خەڵکی کوردستان، بەتایبەت لەسنووورەکان، بۆ دەبێ بۆ بژێوی ژیانیان، ڕوو لەو بەناو کارە پڕمەترسییە بکەن و ژیانیان لە گرەوی بڕە پارەیەک بنێن کە تەنیا دەتوانێ پێداویستییەکانی یەک دوو ڕۆژیان دابین بکات. ڕاستییەکەی ئەوەیە خەڵکی ناوچە سنوورییەکان و بەگشتی خەڵکی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بێبەش کراون و بەهۆی گوێ پێنەدانی ڕێژیم لە بووژاندنەوەی ئابووری کوردستان، هەلی کاریان نییە و ناچارن بۆ بژێوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان، ڕوو لە کۆڵبەری بکەن. کارێک کە لەڕاستیدا لەگەڵ کەڕامەت و شکۆی مرۆڤایەتی ناتەبایە و دەکرێ بڵێین ئەشکەنجە و چەوسانەوەیەکە کە بەسەرخەڵکی بێدەرەتانی کوردستاندا سەپاوە. ئەگەر مەبەستی ڕێژیم بەربەرەکانی لەگەڵ قاچاغ و هەناردە و هاوردەی کاڵا و کەل و پەلی نایاسایی بێ، باشتر وایە لەجیاتی ڕەشەکوژی زەحمەتکێشانی کوردستان، ئاوڕێک لە سنوورە ئاوی و ویشکانییەکانی دیکەی ئێران بدا کە لەدەستی مافیای سپای پاسدارانە و بە دەیان میلیارد دۆڵار کاڵا و تەنانەت مادەهۆشبەرەکان هەناردە دەکا. سپای پاسداران و بنکە و بونیاتە زەبەلاحەکانی سەربە خامنەیی، زیاتر لە سەدا ٦٠ ئابووری ئێرانیان بەدەستەوەیە و وەڵامدەری هیچ کەس و لایەنێک نین. ئەوانن کە قاچاغچی سەرەکین و سەروەت و سامانی گشتی وڵات هەڵدەلووشن. دەبینین لە کوردستان تەنانەت وەرز‌شوانەکان، ئەوانەی لە ڕکەبەرییەکانی جیهانی سەربەرزییان بۆ ئێران تۆمار کردوو ناچارن ڕوو لەکۆڵبەی بکەن، ئایا ئەوانە قاچاغچین، دەرچووانی زانکۆ و ئەو کەسانەی بڕوانامەی بەرزیان بەکوێرەوەری و شەونخوونی وەرگرتووە و ئێستا لەبەر نەبوونی هەلی کار ناچارن لە کوێستانەکان و لەنێو بەفرو سەرمادا ڕوولەکاری تاقەتپڕووکێنی کۆڵبەری بکەن، قاچاغچین؟ لاوەکانی کوردستان، ئەوانەی وەک ئەو دوولاوەی لە ڕۆژی یەکشەممە جوانەمەرگ بوون، وەک هەموو لاوەکان، دونیایەک هیوا و ئارەزوویان بۆ داهاتوو هەبوو؛ بنەماڵە و دایک و بابەکان بۆ دەبێ جەرگ‌ سووتاو بکرێن و بەرهەمی ژیانیان بە تەقەی سەرکوتکەرانی کوردستان ئاژن‌ئاژن بکری. بەدڵنیاییەوە ئەو جینایەتانەی ڕێژیم لە کوردستان دەیخولقێنێ، بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ قاچاغی چەند کاڵایەک نییە کە کۆی گشتی لەساڵێکدا باڕەستای قاچاغی ڕۆژێکی مافیای سپای پاسداران نییە. ساڵانە بەسەدان کۆڵبەری کورد لەسەر سنوورەکان و لەنێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکوژرێن و بریندار و کەمئەندام دەبن. جگە لە تەقە و ڕەشەکوژی هێزەکانی ڕێژیم، زۆر لەکۆڵبەران دەکەونە نێو مەیدانە مینەکانی چێندراوی سپای پاسداران و دەبنە قوربانی، یان بەفر و بەستەڵەک و ڕنوو گیانیان لێدەستێنێ. ڕێک سی ساڵ لەمەوبەر لەوها سەرماو بەستەڵەکێکدا ٢١ کۆڵبەری کوردی خەڵکی ئاواییەکانی ناوچەی سەردەشت کەوتنە بە ڕنوو و هەر هەموویان گیانیان لەدەستدا. با زۆر دوور نەڕۆیین هەر ماوەیەک لەمەوبەر لە ناوچەی مەریوان و دوو مێرمنداڵی کۆڵبەری کورد کە برا بوون بەڕەق‌هەڵاتووی لە کوێستانەکان و لەژێر بەفردا دیترانەوە. ئەوە بێدەرەتانی ناچاری خەڵکی کوردستان و ئەو دۆخە دۆزەخییەیە کە ڕێژیم خوڵقاندوویەتی و خەڵکی ناچار کردووە گیانیان لە پێناو بژێوی ڕۆژانەی ژیان لەمەترسی کوژران و ڕەقهەڵاتن لە بەفر و بۆراندا دابنێن. ڕاستییەکەی ئەوەیە هەتا کۆماری کوردکوژی ئیسلامی ئێران لەسەرکار بێ، لەلایەک دۆخی ئابووری و گوزەرانی خەڵکی ئێران و بەتایبەتی کوردستان لەوە باشتر نابێ و لەلایەکی دیکەش جینایەتکارانی سەرکوتکەری ڕێژیم بەبیانووی بەربەرەکانی لەگەڵ قاچاغ و سنوور بەزاندن داخی دڵی خۆیان بە ڕەشەکوژی کۆڵبەران و کاسبکاران بە گەلی کورد دەڕێژن