کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئینتێرنێت لە ئێران، لە نێوان بەربەستە ئەمنیەتی و تێکنۆلۆژییەکاندا

15:39 - 1 رەشەمه 2719

بە پێی دوایین ئامار و زانیارییەکانی بەشی تێکنۆلۆژی و زانیاریی تایبەت بە ساڵی 98، ژمارەی کاربەرانی ئینتێرنێتی (باندی پان) گەیشتۆتە 74 میلیۆن و 518 هەزار و 595 کەس. ئاستی بڵاوبوونەوەی ئینتێرنێت لە وڵات‌ ٩٠.٧٨٪ە. لەم ڕێژەیە ٨٦٪ لە ئینتێرنێتی جۆری (3 G) و (4 G)ـی مۆبایل، ١٢٪ لە ئینتێرنێتی (ADSL) و ٢٪ لە ئینتێرنێتی (TD-LTE) کەلک وەردەگرن. بە پێی ئامارەکانی ئەم ناوەندە، 64 میلیۆن و 137 هەزار و 112 کەس لە ڕێگەی سیم‌کارت و تەلەفوونی زیرەکەوە بە ئینتێرنێتەوە پەیوەستن و 10 میلیۆن و 381 هەزار و 483 کەس کاربەری (باندی پانن). واتە نزیکەی ٧٨٪ی خەڵکی ئێران لە ئینتێرنێتی جۆری گەڕۆک و سیم‌کارت کەلک وەردەگرن. بە پێی ئامارە جیهانییەکان، ڕێژەی بڵاوبوونەوەی ئینتێرنێت لە جیهاندا ٥٧٪ـه. لە وڵاتانی ئەمریکا و باکووری ئورووپا ئەم ڕێژەیە 95 لەسەدە. لە حەشیمەتی 7 میلیارد کەسیی جیهان، 5 میلیارد کەس مۆبایل بەکار دێنن و زیاتر لە 4 میلیارد کەسیش لەم ڕێژەیە کاربەری ئینتێرنێتن. ڕیژەی بەکارهێنانی ئینتێرنێتی جۆری مۆبایل لە ئێراندا لە چاو وڵاتانی تر زۆر زیاترە. کە ئەمەش بەشێکی بەهۆی ئەو ئیمکانات و ئاسانکارییانەیە کە مۆبایلە زیرەکەکان هەیانە. هەروەها پێوەندییەکان لە سەردەمی نوێدا زیاتر پێوەندیی وێنەیین تا تەلەفوونی. بە پێی ئەو ئامارانەی باس کران، لە ئێراندا زۆرترین ڕێژەی کاربەرانی ئینتێرنێت، ئینتێرنێتی جۆری (3 G, 4 G & ADSL) بەکار دێنن. لە حاڵێکدا ئینتێرنێتی جۆری (LTE)، لە بواری خێرایی و چۆنایەتیی گەیاندنەوە، ئاستی لە جۆرەکانی تر زۆر باشترە. بەڵام لە ئێراندا ئەمجۆرە ئینتێرنێتە یان زۆر گرانە یان خزمەتگوزارییەکەی زۆر کەم و لاوازە. کێشە و گرفتەکانی ئینتێرنێت لە ئێراندا پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە 20 ساڵ دەسڕاگەیشتنی ئێران بە ئینتێرنێت، هێشتا مەودایەکی زۆر لە نێوان خستنەڕوو و داواکاری لەسەر ئینتێرنێت هەیە. خزمەتگوزارییەکانی ئینتێرنێت، جیا لە نزم بوونی ئاستی پێوەندی و خێراییان، هەزینەیەکی زۆریشیان خستۆتە سەر شانی کاربەران. بە پێی ڕاپۆرتی ساڵی 1394ی تۆڕی جیهانیی (نێت ئیندێکس)، ئێران لە ڕووی خێرایی ئینتێرنێت لە نێوان 200 وڵاتی جیهاندا پلەی 147 و لە ڕووی نرخی ئینتێرنێت لە نێوان 192 وڵاتدا، پلەی 169ی هەبووە. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەکارهێنەران و شیرکەتەکانی خزمەتگوزاریی ئینتێرنێت واتە (ISP)ـیەکان، هەمیشە قۆرغاکارییەکانی شیرکەتی (ژێربینای پێوەندییەکانیان) کە سەر بە (وەزارەتی پێوەندییەکان و تێکنۆلۆژیی زانیارییە) بە هۆکاری دۆخی خراپی ئینتێرنێت زانیوە. شیرکەتی ناوبراو بە تەواوەتی هاوردەکردن و بڵاوکردنەوەی ئینتێرنێتی لە هەموو ئێراندا قۆرغ کردوە. پێویستە بڵێین کە هەموو سێرڤیزەکانی ئینتێرنێت و پێوەندییە ڕادیۆییەکان ڕاستەوخۆ لەژێر کۆنترۆڵ و چاودێریی شیرکەتی موخابەراتی ئێران‌دان. ئەم شیرکەتە لە سەردەمی ئەحمەدینژاددا بە نرخێکی زۆر کەم فرۆشرا بە سپای پاسداران. واتە وەزارەتی (پێوەندییەکان و تێکنۆلۆژیی زانیاریش) ناڕاستەوخۆ لەژێر فەرمانی شیرکەتی موخابەرات‌دایە نەک کابینەی دەوڵەت. تا ئێستا جیا لە بەکارهێنەران، شیرکەتەکانی (ISP) و چەندین جاریش هێندێک لە نوێنەرانی مەجلیس ڕەخنە و گلەیی توندیان لە دۆخی خراپی ئینتێرنێت بە تایبەت لە ڕووی کوالێتی و گران بوونیەوە هەبوە، بەڵام بۆ یەک جاریش هیچکام لەم شیرکەتانەی کە باس کران، وڵامیان نەداوەتەوە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تەنیا لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە لە پارادۆکسدا نییە بەڵکوو لە بواری تێکنۆلۆژیکیشەوە هەمیشە لە پارادۆکسێکی گەپجاڕانەدا بووە. پڕۆژەی تۆڕی میللیی زانیارییەکان یان هەمان (ئینتێرنێتی میللی) لە چەندین ساڵ بەر لە پەسەند کردنی لە ساڵی 1385، بەردەوام لەلایەن بەرپرسان و بە تایبەت خودی خامنەییەوە باس و بانگەشەی بۆ دەکرا. ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی 1385ـەوە تا ساڵی 1388 جیا لە نووسراێکی سەر کاغەز هیچی تر نەبوو. لە ساڵی 1389 بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی جیدیتر کاری بۆ بکرێ ناوی بۆ (تۆڕی میللیی پێوەندییەکان) گۆڕا و پاشان لە دەورانی حەسەن ڕۆحانیدا بەڵێن درا تا کۆتایی بەرنامەی پێنجەمی گەشەسەندن پیادە بکرێ کە تا ئێستاش هیچ ئەنجامێکی نەبووە. هەر لە دەورانی حەسەن ڕۆحانیدا کە ئینتێرنێتی جیلی ٣ و٤ـیش گەیشتە ئێران، زۆرێک لە توندڕەوەکانی نێو دەسەڵات هێرشیان کردە سەر شیرکەتەکانی خزمەتگوزاریی ئینتێرنێت کە بۆ پێشگیری لە خێراتربوونی ئینتێرنێت نابێ (باندی پانی) زیاتر بڵاو بکەنەوە. دۆخی خراپی ئینتێرنێت لە ئێراندا تەنیا گرفتە فەننی و تێکنۆلۆژییەکان نین. بیرکردنەوەیەکی پاسیڤە کە لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا کە ئینتێرنێت گەیشتۆتە ئێران، زۆربەی توانا مادی و مرۆییەکانی خۆی بۆ سیستم و تێکنۆلۆژییە سیخوڕی و چاودێرییەکان تەرخان کردوە. ئینتێرنێت لە ئێراندا، کۆنترۆڵ و چاودیریی ئەمنیەتیی بەسەرەوەیە و هەروەها لە بواری فەننی و تێکنۆلۆژیکەوە زۆر لاوازە، نرخەکەی زۆر گرانە. بەڵام  سەرەڕای هەموو ئەم کەموکووڕییانە، ئینتێرنێت و بە تایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە ئێستادا بوونەتە سەکۆیەکی ئازاد بۆ خەباتی جەماوەریی خەڵکی ئێران.