کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیزامی تەوافقی وەک گەرەنتیی مانەوە و لێک‌بڵاونەبوونی ئێران

16:19 - 1 رەشەمه 2719

وەک زۆر جاران باس کراوە و بە یەکێک لە کەمایەسییەکانی بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلانی ئێران دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دادەنرێ، پرسی بەدیل و ئاڵترناتیڤ بۆ بەڕێوەبردنی ئێرانی داهاتووی دوای ئەم ڕێژیمە، پرس و بابەتێکی گرینگ کە تا ئێستایشی لەگەڵ بێ نەتەنیا هیوابەخش نییە، بەڵکوو هەروا جێی نیگەرانی و مەترسییە. ئەگەر قسە لە دۆخی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا لەم یەک ساڵە (١٣٩٨ی هەتاوی)دا بکەین و لەم سۆنگەیەوە بپەرژێینە سەر یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی بەردەوامیی ئەم نیزامە کە بەتەواوەتی لە بارودۆخێکی شپرزی ئابووری و سیاسی دایە، دەردەکەوێ کە نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی یەکگرتوو کە بتوانێ متمانەی خەڵک بۆ لای خۆی ڕابکێشیت و وەک ئاڵترناتیڤی ئەم ڕێژیمە لێی بڕواندرێ، گەورەترین کەمایەسیی بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلانی ئێرانە. حیزبی دێموکراتی کوردستان و هێز و لایەنەکانی دیکەی کوردستان کە مێژوویەکی تایبەتیان لە خەباتێکی جیدی و لێبڕاو بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان لەم چوار دەیەی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیدا هەیە، چۆنیەتیی داڕشتنەوەی قەوارەی سیاسیی ئەم وڵاتە لە داهاتوودا و ڕۆڵیان لە دروستکردنەوەی ئێران و، لە هەمووی گرینگتر چۆنیەتیی دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییە نەتەوایەتییەکاندا جێی باس و لێکدانەوەیە و پێیانەوە ماندوو و نیگەرانن. بۆیە بەشێک لە هێز و وزەیان لە کار و تێکۆشانی سیاسی و دیپلۆماسی لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا – لە  وتوێژ لە گەڵ کاربەدەستانی تارانەوە بگرە تا نزیکایەتی و دۆستایەتی لەگەڵ هێزە سەرانسەرییەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوەی وڵات – بۆ ئەم بابەتە تەرخان کردوە. بەڵام سەرەڕای هەوڵ و کۆششێکی زۆری پڕتێچوو، جیا لە دروستبوونی چەند بەرەیەکی نەزۆر بەهێز و کاریگەر، تا ئێستاشی لەگەڵ بێت کە بەخۆشییەوە خەباتی گەلانی ئێران دژ بە ڕێژیم لە قۆناغێکی جدی و یەکلاکەرەوە دایە، ئاڵترناتیڤ و ئادرەسێکی متمانەپێکراو بۆ خەڵک کە بە ڕێبەر و رێنیشاندەری خۆی بزانێت، بوونی نییە. هێزە کوردییەکان کە لێبڕاوترین و ڕێکخراوترین بەشی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێرانن، دیسان لە پێوەندی لەگەڵ کۆکردنەوەی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و لایەنەکانی سەر بە نەتەوەکانی ئێران، چالاکترین و بەمشورترینن. لە هەموو ئەو وردە ئێتلاف و بەرەیانەدا کە بە ناو و پێناسەی جۆراوجۆرەوە پێکهاتوون، هێزە کوردییەکان-بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستان – ڕۆڵی سەرەکییان تێدا گێڕاوە و دەگێڕن. یەکێک لەم ئیتلافانە “شوورای دێموکراسیخوازانی ئێران”ە کە دە لایەنی سەرانسەری و لایەنی سەر بە نەتەوەکانی ئێران تیایدا بەشدارن. ئەم شوورایە لە سێهەمین کۆنفرانسی خۆی دا کە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ی هەتاوی، بەرامبەر بە ٨ی فێورییەی ٢٠٢٠ی زایینی لە شاری ستۆکهۆڵم، پێتەختی وڵاتی سوئید بەڕێوەچوو، بە گرینگییەوە پەرژایە سەر داهاتووی ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە. لە سەرەتای ئەم کۆنفڕانسەدا سکرتێری گشیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەڕێز خالید عەزیزی لە پێوەندی لە گەڵ ئەرک و ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن، چۆنیەتیی درووستکردنەوەی ئێران و جۆری نیزامی سیاسی لە تاران، خوێندنەوەی “فرەنەتەوەبوونی ئێران” و چۆنیەتی دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان، ڕوانگە و بۆچوونەکانی حیزبی بۆ جارێکی دیکە خستنەوە ڕوو کە جێی خۆیەتی لە پێوەندی لە گەڵ پرسی ئاڵترناتیڤسازی و درووستکردنی ئادرەسێکی متمانەپێکراودا بۆ چۆنیەتیی ڕێبەریکردنی خەباتی گەلانی ئێران دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران، زیاتری سەرنج بدرێتێ. سکرتێری حیزبی دێموکرات لە قسەکانیدا وێڕای ئاماژەدان بە نەبوونی ئاڵترناتیڤ و لاوازیی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران، پێی وابوو هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن هەرکام بە شێوەیەک ئەرکی خۆیان بەرانبەر بە خەڵک و ناڕەزایەتییەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی، لە کۆمەڵە هەڵوێستێکی دژکردەوەیی ڕۆژانەدا کورت کردۆتەوە و ئەوەندەی دەرگیری کردوەی تاکتیکین، زۆر کەمتر بیر لە ئیستراتیژی  و رێبەریکردن دەکەنەوە. کەوابوو ئەساس و بنەمای بەئالترناتیڤ‌بوون، توانایی ڕێبەریکردن و بوونی پلانی ئیستراتژیکییە. بە پێچەوانەی ئەرکی و ڕەسالەتێک کە لە سەر شانیەتی، ئەوەی ئەمڕۆژانە ئۆپۆزیسیۆن بەرانبەر بە ڕێژیم دەیکا، تەنیا “دژایەتیکردن”ێکی ڕووتی ڕۆژانەیە کە گەلانی ئێران بە شێوەی مەیدانی و ڕاستەوخۆ لە شەقامەکاندا خەریکن بەرانبەر بە ڕێژیم بەڕێوەی دەبەن. کەمایەسییەک کە لەم نێوەدا هەیە و ئۆپۆزیسیۆن لێی غافڵە یان توانای ئەنجامدانی نییە، ڕێبەریکردنی ڕەفتار و دژایەتیی خەڵکە. کەوابوو پێش هەموو شتێک حیزب و لایەنە سیاسییەکان پێویستە لەسەر ئەساسی کۆمەڵە ڕوانگەیەکی ئیستراتژیکی یەکگرتوو، بەرانبەر بە رێبەریکردنی بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلانی ئێران دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی خۆیان بەئەرکدار بزانن. “درووستکردنی ئادرەسێکی متمانەپێکراو لەلایەن بەرەی ئۆپۆزیسیۆنەوە بۆ خەڵک”، تەوەری بەشێکی دیکەی قسەکانی کاک خالید عەزیزی لە “سێهەمین کۆنفڕانسی شووڕای دێموکراسیخوازانی ئێران” بوو. لەم پێوەندییەدا قسە لە یەکگرتوویی نێوان بەرەی ئۆپۆزیسیۆن کرا و، بەڕێزیان بە درووستی ئاماژەیان بە تایبەتمەندیی ئێران وەک وڵاتێکی “فرەنەتەوە” کرد و وێڕای پێداگری لە سەر ڕەتکردنەوەی “نیزامی ناوەندگەرایی” و پێناسەکردنەوەی ئێران وەک وڵاتێک کە لە چەند نەتەوەی وەک؛ کورد، تورک، فارس، عەرەب، بلووچ و تورکمەن پێک هاتوە، باسی لە بەڕێوەبردنی ئێرانی داهاتوو لە سەر ئەساس و بنەمای “تەوافوق” و پێکەوەسازان کرد. بەپێچەوانەی ئەوەیکە دەسەڵاتە ناوەندگەراکانی ئێرانی بە درێژایی مێژوو ویستوویانە جۆراوجۆریی نەتەوەیی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکپارچەیی ئەم وڵاتە دابنێن و لە ژێر ئەم پاساوەدا شێوەی بەڕێوەبردنی وڵات لە ناوەند چێ بکەنەوە، ئەوەی دەتوانێ لە داهاتوودا پێش بە لێکبڵاوبوونەوەی ئێران بگرێ، نیزامێکی تەوافوقییە لە سەر ئەساسی بەشداریی سەرجەم نەتەوەکانی ئەم وڵاتە لە شێوەی بەرێوەبردنیدا. لەم پێوەندییە سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆنفڕانسی دێموکراسیخوازاندا گوتی: ئەوەی یەکپارچەیی ئێران دەخاتە مەترسییەوە، پێداگریی نەتەوەکان لە سەر داخوازییەکانیان و بەشدارییان لە ئیدارەی وڵات دا نیە، بەڵکوو ئەوە تێفکرینی ناوەندگەرایانە و عاشاکردن لە بوونی ئەم نەتەوانەیە کە دەتوانێ هەڕەشە بێت بۆ سەر ئێرانی داهاتوو. بۆیە کوردەکان و نەتەوەکانی دیکەی ئێران نەتەنیا هەڕەشە نین، بەڵکوو دەرفەتن. ساغبوونەوە لە سەر بەڕێوەبردنی ئێرانی داهاتوو لە سەر ئەساسی تەوافوق و پێکەوەسازان دەبێتە هۆی دەروەستبوونی نیزامی بەریوەبەری وڵات و نەتەوەکان بەرانبەر بە یەکتری و داهاتووی ئێران لە درێژخایەندا دەبەسترێتەوە بەو تەعەهود و دەروەستبوونە. لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا کاک خالید عەزیزی لە پێوەندی لەگەڵ ئەگەری دەروەستنەبوونی دەوڵەتی ناوەندی لە ئێرانی داهاتوودا بەو قەول و بەڵێنی و تەعەهودانەی بەرانبەر بە خەڵکی کوردستانی دەدات، ڕاشکاوانە باسی لە پەنابردن بۆ ڕێفراندۆم و “گەڕان بە دوای دەستەبەرکردنی مافی ڕەهای نەتەوەیی و نیشتمانیی خەڵکی کوردستان” لە پرۆسەی جیابوونەوە لە ئێران کرد. بەڕێزیان وێڕای ئاماژەدان بە ڕێفراندۆم لە هەرێمی باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی ئەم بەشە لە کوردستان بەرانبەر بە ڕەفتاری نادەروەستانەی دەوڵەتی فیداڵی عێراق، بە پشتبەستن بە بڕێارێکی ڕەسمیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبدا پەسەند کراوە، مافی پەنابردن بۆ ڕێفراندۆمی لە داهاتوودا بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕەوا زانی. لە قۆناغی ئێستای ئێراندا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لەوپەڕی بێزراوی و قەیرانی ڕەوایی‌ دایە و خەباتی گەلانی ئێران دژ بەم ڕیژیمە زیاتر لە هەمیشە بەرچاوتر، بوونی بەرەیەکی یەکگرتووی ئۆپۆزیسیۆن کە بتوانێ وەک ئاڵترناتیڤ ڕێبەریی خەباتی خەڵک دژ بەم نیزامە بکا و ببێتە ئادرەسێکی متمانەپێکراو، لە هەموو شتێک زەرووریترە. هاوکات لە گەڵ هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ئەم ئاڵترناتیڤە، ڕێکەوتن لە سەر شێواز و جۆری دەسەڵاتی سیاسیی لە ئێرانی داهاتوودا یەکێک لە ئەولەویەتە هەرە جەوهەرییەکانە کە کورد لەم پێوەندییەدا وێڕای گەلانی دیکە دەبێ ڕۆڵی بەرچاوی خۆیان بگێرن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە عەقڵییەتی ناوەندگەرایی وەک عەقلییەتێکی دژی‌گەلی بە سەر داهاتووی ئەم وڵاتەدا زاڵ نەبێ.