کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنان و پتر لە چل ساڵ دەسەڵاتی دژەژنی کۆماری ئیسلامی

16:44 - 1 رەشەمه 2719

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی له‌ ئێران لەگەڵ دامەزران و پاوانکردنی دەسکەوتەکانی شۆڕش کەوتە قەڵتوبڕی حیزبە سیاسییە نەیارەکان و زاڵکردنی کەشی سەرکوت و خەفەقان بەسەر هەموو جومگەکانی ژیانی سیاسی، مەدەنی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی خەڵک. ئێستا و پاش تێپه‌ڕینی زیاتر لە ٤٠ ساڵ دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەم ڕێژیمە جیا لە سیاسەتی سەرکوت و هەڵاواردن هیچ دیارییەکی بۆ خەڵک بە تایبەت بۆ ژنانی ئێرانی بە دیاری نەهێناوە. پێ بەپێی سیاسەتی سەرکوت و حاشای رێژیم لە مافەکانی ژنان و پلانی سیستماتیکی دەسەڵات بۆ پاڵپێوەنانی ژنان بۆ کونجی ماڵێ، بەڵام خۆڕاگری و بەربەرەکانیی سیاسەتە دژەژنییەکانی کۆماری ئیسلامی لەلایەن ژنانی ئازادیخوازەوە بەردەوام بووە. هه‌ر لەگەڵ‌ هێرشی بەرینی هێزه‌کانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر خاک و خه‌ڵکی کوردستان، به‌ سه‌دان ژنی کورد بۆ بەرگری له‌ خاک و نیشتمانه‌که‌یان به‌رگی پێشمه‌رگایه‌تییان له‌به‌ر کرد و، له‌م ڕێگایه‌شدا که‌م نه‌بوون ئه‌و کچ و ژنانه‌ی گیانی خۆیان به‌ختی ڕێگای ئازادیی نه‌ته‌وه‌که‌یان کرد. له‌ هه‌مان کاتدا که‌ به‌شداری له‌ خه‌باتی حه‌قخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌یان ده‌که‌ن، به‌‌ربه‌ره‌کانیی ئه‌وان له‌گه‌ڵ زۆر داب و نه‌ریتی نادروستی کۆمه‌ڵگەش بەردەوامە و له‌م ڕێگایه‌شدا هه‌م له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵگە و هه‌میش له ‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سه‌رکوتکه‌ری ئیسلامیی ئێرانه‌وه،‌ به‌رده‌وام گرفتیان بۆ دروست دەبێ و له‌مپه‌ریان بۆ داده‌نرێ. له‌و ماوه‌یەدا به‌ سەدان ژنی کورد له‌ لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منیه‌تییه‌کانی کۆماری ئیسلامییه‌وه‌ به‌ تۆمه‌تی یه‌کسانیخوازی و چالاکی بۆ ده‌سته‌به‌ر کردنی مافه‌کانیان گیراون و، حوکمی زیندانی درێژماوەیان به‌سه‌ردا سه‌پاوه‌ و هێندێکیشیان په‌تی سێداره‌ی زوڵم و نابه‌رابه‌ری گیانی لێ ستاندوون. كۆماری‌ ئیسلامی‌ هه‌ر له ‌یه‌كه‌م ڕۆژی‌ هاتنه‌ سه‌ركاریه‌وه‌ به‌ سیاسه‌تی‌ هەڵاواردن دژی‌ ژنان ده‌ستی‌ پێکرد. کاتێک لە‌ ڕێبه‌ندانی‌ ساڵی ١٣٥٧ ده‌سه‌ڵاتیان به‌ ده‌سته‌وه‌ گرت، هه‌ر له‌ مانگی‌ ڕه‌شه‌مه‌ی‌ ئەو ساڵه‌دا كۆمه‌ڵێك بڕیاریان دا کە هەموو پێچەوانەی ئامانجەکانی شۆڕش  و تێکڕای لە دژی‌ دژە‌ ژنان بوو. ڕێژیم لە ٦ی ڕەشەمەدا یاسای پشتیوانی لە بنەماڵەی هەڵوەشاندەوە، لە ١٢ی ڕەشەمەی هەمان ساڵدا بە بڕیارێک مافی دادوەری لە ژنان ستێندرا و لە ١٥ی ڕەشەمەشدا یاسای چوونە سەربازیی ژنان و چەندین ئەرک و چالاکیی تریان لە لایەن دەسەڵاتەوە فەرمانی ڕاگیرانی بۆ دەرکرا. هەروەها لە ١٦ی ڕەشەمەدا بە دەستووری خومەینی ڕێبەری ئەوکاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران یاسای حیجابی زۆرەملی بەسەر ژناندا سەپێنرا. ئه‌مانه‌ و چەندین یاسای‌ كۆنه‌په‌رستانه‌ی‌ تری دژە ژن‌ په‌سەند كران و تاوەکوو ئێستاشی لەگەڵ بێ لە دانانی یاسای‌ دیكه‌ کە هەڵاواردن لە نێوان ئەم دوو ڕەگەزەدا دەردەخا، بەردەوامن. بۆ نموونه‌ بە ڕەگەزی کردنی ناوه‌نده‌کانی په‌روه‌رده ‌و فێرگەکان و بێبەشکردنی ژنان له‌ بەشداری لە زۆر ڕشته‌ی خوێندن -چونکە به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕاده‌ی قەبووڵیی کچان له‌ زانستگەکان له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وه‌کوو مه‌ترسییه‌ک سەیر دەکرێ- هه‌ر بۆیه‌‌ له‌ چه‌ند ساڵی رابڕدوودا لە ڕێگەی‌ گه‌ڵاڵەی‌ جیاکردنه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی و بێبه‌شکردنی کچان له‌ هێندێک له‌ ڕشته‌کان هه‌وڵ ده‌ده‌ن پێش به‌ چوونی کچان بۆ زانستگەکان بگرن و هێندێک ڕشته‌ی خۆیندن، تا‌ک ڕه‌گه‌زی ده‌که‌ن به‌م واتایه‌ که‌ له‌م بوارانەدا ژنان ناتوانن درێژه‌ به‌ خوێندن بده‌ن. ده‌سه‌ڵات به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگه‌ باشه‌کانی خه‌ڵک به‌ربه‌ره‌کانیی کردوه‌ و ڕوانینی دواکه‌وتووانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ‌ ژن و یاسای حیجابی ئیجباری، بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ چالاکی نواندنی ژنان له‌ زۆربه‌ی بواره‌کاندا ئاسته‌نگی تێ بکه‌وێ، ڕه‌نگه‌ به‌رچاوترینیان بواری وه‌رزش بێ کە کچان و ژنان له‌ ئێران ناتوانن له‌ وه‌رزشگەکان بۆ دیتنی کێبه‌رکێ‌ وه‌رزشییه‌کان وه‌کوو پیاوان به‌شدار بن، له‌ به‌شداری له‌ زۆربه‌ی ڕشته‌ وه‌رزشییه‌کانیش له‌ ئاستی نێوخۆ و جیهانیدا بێ‌به‌شن. ئەمانەی کە باس کران بەشێک لەو کێشانەیە کە لەسەر ڕێی وەرزشی ژناندایە، دەنا لە بوارەکانی تریشدا ژانانی ئێران بەرەوڕووی زۆر لەمپەر دەبنەوە؛ لە بوارە کۆمەڵایەتییەکانیشدا له‌ ماوه‌ی چەند ساڵی ڕابردوو پۆلیس له‌ژێر سێبه‌ری ته‌رحی “ئه‌منیه‌تی ئه‌خلاقی”! پۆل پۆل ژنان و کچان ده‌ستبه‌سه‌ر دەکا و بەڕێ ده‌کرێنە گرتنگەکان. لە لایەکی تریشەوە ئەو ئاستەنگانەی کە لەسەر ڕێی هونەری ژنان بەتایبەت گۆرانیبێژان و ئەکتەران داندراون زۆر بەرچاوە. بۆ نموونە ڕێگری کردن لە بەڕێوەبردنی کۆنسێرتەکان و هەڵوەشاندەنەوەی بەشی زۆر لە چالاکییەکانیان و هاوکاری نەکردنیان هۆکار بووە کە چالاکیی هونەریی ژنان وەک زۆر یەک لە چالاکییەکانی تر لە نێوخۆ سنوردار ببێتەوە و بەشی زۆریان دەسبەرداری خولیا و ئارەزووەکانیان بن و بە دەیان ژنی هونەرمەند و دیار بەناچاری وڵاتی خۆیان جێ بهێڵن. هەروەها له‌ ئاستی کاری ڕێکخراوه‌یی ژنان، له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ده‌سه‌ڵات له‌ هیچ کارێک بۆ داخستن و لەکارخستنیان خۆی نه‌پاراستوه‌، به‌داخه‌وه‌ ئێستا ده‌بینین له‌ نێوخۆی ئێران ڕاده‌ و ژماری ڕێکخراوه‌کانی چالاک له‌ بواری ژنان له‌ قامکه‌کانی ده‌ست تێپەڕ نابن و، گۆڤاره‌کانی تایبه‌ت به‌ ژنان که‌ له‌ لایه‌ن ئه‌و ڕێکخراوانەوە‌ چاپ و بڵاو ده‌کرانه‌وه‌ تووشی داخران بوون. له‌ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا پێگه‌ی‌ ژن له‌ مەیدانی‌ سیاسیشدا له‌ ئاستێكی‌ زۆر نزم‌دایه‌، ڕاستە ژنان مافی خۆپاڵاوتنیان هەیە، بەڵام دەبێ بە ژێر تیغی شۆڕای نیگەهباندا تێپەڕن کە کەمترین باوەڕی بە توانای ژن هەیە و بەشی زۆریان حەزف دەکرێن و، بێجگە لەوەش ژنان بە پێی یاساکانی ئەو ڕێژیمە ناتوانن سەرکۆمارو ڕێبەر بن. لە لایەکی تریشەوە ئاشکرایه‌ که‌ ژنان له‌ژێر دەسەڵات و پەروەردەی ئەو ڕێژیمەدا وه‌ک چه‌کێکی ده‌ستی پیاوان به‌کار هێنراون و له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ پێشکه‌وتنێک ڕێگرییان لێکراوه‌، کار و پیشه‌یان له‌ چوارچێوه‌ی ماڵدا بۆ خزمه‌ت کردنی پیاو و وه‌چه‌ خستنه‌وه‌ و کاروباری نێو ماڵ دیاری کراوە و توندوتیژییان دەرهەق کراوە، هیچ پشتیوانییەکی قانوونیشیان لەم بارەوە لێ نەکراوە و تەنانەت بەپێچەوانەوە توندوتیژی دژبە ژنان ڕێگە پێدراوە، ئەم لە ژوور دابەستنەش وای کردوە ڕێژەی بەشداریی ژنان لە کارکردن لە کۆمەڵگەدا کەم بێ و لە ڕووی ئابوورییەوە نەتوانن سەربەخۆ بن و هەروەک دەشزانین کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژنان داناوە و، ئەوانی لە ڕووی ئابووری و تەنانەت دەروونیشەوە بە پیاوان بەستۆتەوە و؛ له‌ هه‌مان کاتیشدا له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ ده‌چه‌وسێنه‌وه ‌و لە هه‌ر چه‌شنه‌ مافێکی بیمه‌ و پشتیوانیی قانوونیی دوای ڕووداوه‌کان بێبەشن. ئەمانە و چەندین پێشێلکاریی تر دیارییەکانی ٤٠ ساڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ژنان بووە، کە لەژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌م ڕێژیمه‌دا هه‌ر هه‌نگاوێكی‌ هه‌ڵیان هێناوه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌ربه‌ستێكی‌ به‌هێز ڕووبەڕوو بۆتەوە کە لەمپەر بووە لە بەردەم پێشکەوتن و گەشە و گەیشتن بە مافەکانیان.