کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنانەی پێشـمەرگە بۆ خەڵکی بانە

03:45 - 16 رەشەمه 2719

خەڵکی قارەمانی کوردستان بە نرخێکی زۆر گرانەوە توانیویانە ماوەی چوار دەیە لە بەرامبەر پەلاماری بێبەزەییانە و سیاسەتی دژیگەلیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا بوەستنەوە. لە ماوەی شەڕی چەکداریی کوردستان و، ئەم بەشە لە ئێران بە سەنگەری ئازادی دەناسرا، خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکرات مەیدانیان بۆ پەنادانی شۆڕشگێڕانی گەلانی دیکەی ئێرانیش کە لە دەستی ڕێژیم خۆیان دەرباز دەکرد، کردبۆوە. لە ماوەی هەموو ئەم ساڵانەدا خەڵکی کورد لەم بەشە لە کوردستان زیاتر لە ٥٠ هەزار شەهیدی داوە، برسیەتیی چێشتوە، ئاوارەیی دیوە، مافەکانی بەخڕی پێشێل کراوە؛ بەڵام هیچ کات سەری بۆ زوڵم دانەنواندوە. نەتەوەی کورد بەدرێژایی مێژوو، لە پێناو وەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی خۆیدا شەڕ و خەباتی کردوە، بەڵام خەبات لەدژی کۆماری ئیسلامی تایبەتمەندیی جیاوازی هەبووە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە کوردستان لە سایەی تێکۆشانی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەدا ببووە مەڵبەندی ئازادیخوازانی سەرانسەری ئێران. لەو سەروبەندەدا تەنیا ڕێگەی بەردەم هێزە سیاسییەکان خەباتی چەکدارانە بوو بەدژی ئەم ڕێژیمە دژەمرۆییە و، ئەم خەباتەش بە پێشەنگایەتیی حیزبی دێموکرات بەڕێوە دەچوو. بۆیە ئەو کات ئاوەدان هێشتنەوەی سەنگەری ئازادیی کوردستان، هاوواتای پاراستنی گشت زەحمەت و تێکۆشان و هیوایەک بوو کە لە پێناو گەیشتن بە ئازادی چێژرابوو و بنیات نرابوو. بۆیە تێکۆشەرانی دێموکرات قورسایی بەرگری و پاراستنی کوردستانیان خستە سەر شانی خۆیان و ڕۆژ نەبوو لە گۆشەیەکی کوردستانی خۆڕاگر زەبرێکی کاریگەر لە داگیرکەران نەدەن. هێزەکانی حیزبی دێموکرات وەک ئەرکێکی گرینگی نەتەوەیی داکۆکییان لە ئاو و خاکی نیشتمانی خۆیان دەکرد. لە «هەگبەی شاخ ‌و شۆڕش‌«ـی ئەم جارەماندا باس لە بەشێکی چکۆلە لە قارەمانەتیی ڕۆڵەکانی کوردستان لە ناوچەی بانە دەکەین. بەهار نزیک ببۆوە و وردە وردە سەرما و سۆڵی زستان شکابوو. تەنیا دوو ڕۆژی بۆ خۆشییەکانی نەورۆز مابوو، خەڵک هێدی هێدی بەرەو پێشوازی ئەم ڕۆژە مێژووییە دەچوون. لەم کاتەدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پیلانێکی بەدژی خەڵکی ناوچەی بانە داڕشتبوو و هێزێکی گەورە و زۆروبۆری لە هەموو بەشە چەکدارەکانی ڕێژیم کۆ کردبۆوە. هێزەکانی ڕێژیم بۆ دانانی پایەگا لەو ناوچانە کە پێشتر لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە ئازاد کرابوون، لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٨ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی کەوتنە خۆ. سەدان کەس لەم هێزانە لە بەرزاییەکانی «هەڵاس‌بار»، «سپی‌داری»، «بەردەڕەش»، «سێ‌کانی‌لان»، «ساڵووکی سەروو»، «گردی‌گویل»، «قوڕنێ» و «زەربەنێ» لە ناوچەی بانە جێگیر بوون و، تۆپخانەیەکی قورسیش پشتیوانیی لێدەکردن. سەعات ٣٠/٦  لە تاریک و ڕوونی بەیانی، هێزی قارەمانی شەهیدانی وردی خۆیان ڕێک خست و لە چەندین بەرەوە بەپێی گەڵاڵەی ڕێکوپێک، هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی دوژمن و، پاش شەڕێکی حەماسەیی توانیان چەند نوقتەی ستراتیژی لە دوژمن بستێننەوە و بەرەوخوار ڕاویان بنێن. پاشان بەوەش نەوەستان و هێرشیان بۆ شوێنەکانی دیکەش دەست پێکرد و لە هەموو بەرەکان شەڕ بەتوندی درێژەی کێشا و، سەرەنجام تا خۆر لە پەنا چیا سەرکەشەکانی کوردستان سەری دەرێنا بەتەواوی هێزەکانی دوژمنیان تێک شکاند و پاشەکشەیان پێکردن. هێزی ڕێژیم بە پێی عادەتی خۆی دوای هەر شکستێک ئاوری تۆپخانەی وەگەڕ خست و سەنگەری پێشمەرگەکانی ئاورباران کرد. پاشان لەژێر ئاوری چەکی قورس هێزە شکستخواردووەکانی سازمان داوە و، لەگەڵ ژمارەیەکی تازە‌نەفەس لە سەعاتی ١٠ی بەیانی سەرلەنوێ پەلاماری سەنگەری تێکۆشەرانی دێموکراتی دا. ئەگەرچی هەر زۆر بێ ‌ورە بوون، بەڵام بە زەبری فەرماندەرانیان دەهاتنەوە پێش و بە بیستنی دەنگی تەقەی پێشمەرگە سەرەوخوار ڕایان دەکردەوە. لای دوانیوەڕۆ جارێکی دیکە هێز کۆ کراوە و بۆ ئەوەی ورەی ڕووخاویان بەرز بێتەوە، دیسان پەلاماری هێزی پێشمەرگە درایەوە. ئەم جارە هێزی پێشمەرگە زۆر ئازایانە لێیان وەدەست هاتن و  لە ئاکامدا و لەسەر یەک لە پاش ٩ سەعات شەڕی قارەمانانە، سەرشۆڕیی گەورەیان نسیبی هێزی کۆماری ئیسلامی کرد و، بە قارەمانەتی و فیداکاری توانیان نزیک بە ٩٠ کەس لە هێزی دوژمن بکوژن، کە دەیان کەسیان جەندەکیان لە مەیدانی شەڕ بەجێ ما. بێجگە لە تۆپێکی ١٠٦ میلیم و کالیبر ٥٠، دەیان قەبزە چەکی جۆراوجۆر و هەزاران فیشەک و تەقەمەنی دەسکەوتی ڕۆڵەکانی گەلی کورد بوو. زۆر جار سەرکەوتنەکانمان بە بەختکردنی ڕۆڵە ئازاکانی گەلەکەمان کۆتایی پێ ‌دەهات، ئەم جارەش خوێنبایی ئەو حەماسە پڕ لەسەروەرییە، ٣ تێکۆشەری مەیدانی بەربەرەکانی و فیداکاری بە ناوەکانی عەبدوڵڵا ڕەحیمی، عەبدول فاتحی و کەریم قادری بوو؛ کە گیانیان بووە چرای بەرپێی تێکۆشەرانی دێموکرات. تێکشکانی هێزی زوبدە و پۆشتەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دوو بارەوە گرینگە کە ئاماژەی پێ دەکەین. یەکەم، هێزی کۆماری ئیسلامی بە بۆنەی شەڕی ئێران و عێراقەوە لە ناوچەی بانە، بە هەموو جۆرە چەکێکی مۆدێرنی ئەو سەردەمە تەیار بوو، ئەوە لە کاتێکدایە کە هێزی پێشمەرگە تەنیا بە چەکی دەستی و بە ژمارەیەکی کەمەوە توانی زەبرێکی کاریگەر لەوان بدا. دووهەم، ڕێژیم لە تاکتیکی شەڕی «شێر» و «کەمتیار» کەڵکی وەرگرت. وەک کەمتیار هێزێکی زۆری کۆ کردەوە، دەوری شێرە کوڕانی حیزبی دا بەو مەبەستەی بتوانێ لە پشتەوە «گازنبور»ی پشتی شێری پێ بشکێنێ؛ بەڵام ئەوانیش ڕاست بە پێچەوانەی تاکتیکی ڕێژیم، لە کەللەی مێگەلە کەمتیاریان دا تەفروتوونایان کردن.