کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەڵکەڵەی ڕێژیم و ویست ‌و داخوازییەکانی خەڵکی ئێران

03:53 - 16 رەشەمه 2719

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی تەمەنی خۆیدا لە زۆر قۆناغی پڕ لە کێشە و قەیران دەرباز بووە و، ئاخوندە دەسەڵاتدارەکان توانیویانە بۆ ماوەی زیاتر لە چوار دەیە، رێژیمەکەیان لە داڕمان و داڕووخان بپارێزن و درێژە بە دەسەڵاتە نگریسەکەیان بدەن. ئەوان بۆ پاراستنی نیزامەکەیان دەستیان لەهیچ چەشنە چەواشەکاری و سیاسەتی درۆ و دەلەسە و هەوڵدان بۆ خاپاندنی خەڵکی و هەروەها کوشتار و زەبروزەنگی جینایەتکارانە نەپاراستوە. ئاخوندەکان بەوەش ڕانەوەستاون و بە پیلان و بەرنامەی بۆداڕێژراو و تۆکمە، هەوڵیان داوە کار لەسەر گۆڕینی ڕوانینی خەڵکی، لە هەموو بوارەکاندا بکەن. ئەوان ویستوویانە بە قازانجی بیروبۆچوونە چەوتەکانی خۆیان و چەسپاندنی ئەو دیاردە دزێوانە کە لەلایەن ئەوانەوە بایەخیان هەیە و پێی دەڵێن “ئەرزش و بەها ئیسلامییەکان” ڕوانین و شێوەژیانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە تایبەت ژنان و لاوەکان بگۆڕن و بەناو فەرهەنگێک داسەپێنن کە زۆر جیاوازی و تەنانەت هەڵاواردنی ڕەگەزیی تێدایە. لەو فەرهەنگەدا شادی و پێکەنین نامۆیە، ڕەشبینی، ڕەشپۆشی، شین و گریان تێیدا زاڵە و دووڕوویی، درۆ و فریودان و بەئامراز کردنی خەڵکی بە هەرشێوەیەک بێ‌، ڕەوایە. لە ڕاستیدا ئەو فەرهەنگ و ئەرزش و بەهایانە کە دەسەڵاتداران و دەستە و تاقمە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هەوڵی پاراستن و پەرەپێدانی زۆرەملێی لە کۆمەڵگەدا پێدەدەن، ڕێک بەپێچەوانەی ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵانی ئازادیخوازی خەڵکی ئێرانە و خەڵک نایانەوێ لەوە زیاتر لە دۆزەخێکدا درێژە بە ژیانیان بدەن کە جگە لە چارەڕەشی و بەشمەینەتی هیچ ئاکامێکی دیکەی بۆ ئەوان نییە؛ فەرهەنگی داسەپاو و دواکەوتووانەی کۆماری ئیسلامی و ئاخوندە شەییادەکان کە دژبە مافی مرۆڤ و بەها و بایەخە پەسەندکراوەکانی جیهانی پێشکەوتوو و ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافی مرۆڤە و هیچ بایەخێک بۆ تاکەکانی کۆمەڵ دانانێ. نیزامێک لە ئێران چارەنووسی وڵات و خەڵکەکەی بەدەستەوە گرتوە کە کەڵکەڵەی هەرە گرینگی، ئازادی و ئەمنیەت و ژیانێکی ئاسوودە و سەقامگیر بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ئێران نییە، مافیایەک دەسەڵات و هێژمۆنیی خۆی بەسەر گەلانی ئێراندا سەپاندوە کە هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە ڕێباز و ڕێڕەوی خۆی نیشان دا و گوتی گرینگ بۆ ئێمە دامەزراندنی دەسەڵاتی ئیسلامییە و کۆماری ئیسلامی، “بەڵێ یان نا”. بە وتەی خومەینی دامەزرێنەی کۆماری ئیسلامی، ئابووری بۆ ئاژەڵانە و ئێمە بەهەشتتان بۆ بە دیاری دێنین، ئێمە هاتووین “شۆڕش” هەناردە بکەین و گەلانی ناوچە واتە “ئۆممەتی ئیسلامی” ڕزگار بکەین. ئەوە بۆچوونی نەگۆڕی کۆماری ئیسلامی بووە و، لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوو لەسەری ڕۆیشتووە و هەتا ئەو نیزامە گەندەڵەش بمێنێ درێژە بەو سیاسەتە دەدا. بۆ ئاخوندەکان تەنیا نیگەرانی و کێشە سەرەکییەکەیان، چۆنیەتیی پاراستنی دەسەڵات و شێوەکانی بێدەنگکردن و سەرکوتی دانیشتووانی ئێرانە؛ لە ڕاستیدا ئابووریی داتەپیوی وڵات و چوونەسەری ڕێژەی دەیان میلیۆنی هەژاری و برسیەتی، دیاردەی دزی و بەرتیلخۆری، نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکانی وەک زیادبوونی ڕێژەی تەڵاق و شێوانی بنەماڵە، منداڵانی کار و کارتۆنخەوەکان، مادە هۆشبەرەکان و چوونەسەری ڕێژەی خۆکوژی و دەیان دیاردەی نالەباری دیکە کە بەرۆکی کۆمەڵگەی گرتوە و، بە گشتی ئەوەی زۆر گرینگ نییە ژیان و گوزەرانی خەڵکە و بەلایانەوە هیچ بایەخێکی نییە چ ڕوو دەدا و خەڵک لە چ دۆزەخێکدا دەژین، کەڵکەڵەی دەسەڵاتداران و ئەوەی بۆیان گرینگە و هێڵی سوورە، ڕاگرتنی کۆڵەکەکانی نیزامە گەندەڵەکەیان و پاراستنی ئیدئۆلۆژی و بیروبۆچوونە دواکەوتووەکانیانە کە لە ڕاستیدا پێگەی هزری و ئەندێشەی کۆنەپەرستانەی کۆماری ئیسلامییە و ئاخوندەکان بەلایانەوە زۆر گرینگ و چارەنووسسازە لەو مەیدانەدا و لەگەڵ نەیارەکانیان لە نێوخۆی وڵات (چالاکانی مەدەنی لە هەموو بوارەکاندا) لەو شەڕەدا نەیدۆڕێنن. دەسەڵاتداران هەمووکاتێک پێداگرییان لەو بەناو ئەرزشە ئیسلامییانە کردوە و سەرپێچیکەرانیان گرتوە و لە بەندیخانەکان ئەوەی بۆیان کراوە لەگەڵیان کردوون. ئەوان باش دەزانن لە مەیدانی شەڕی بەناو فەرهەنگیدا ئەگەر بیدۆڕێنن، ئەوا شتێک بە ناوی کۆماری ئیسلامی نامێنێ، هەر بۆیەش کەڵکەڵەی سەرەکیی ئەوان، پاراستنی ڕواڵەتی ئەو ڕێژیمە و داسەپاندنی یاسا دواکەوتووەکانیانە. یاسا گەلێک کە بەشێکیان نەنووسراوەن و بوونەتە داب و نەریت و بەهۆی دەزگا سەرکوتکەرەکانەوە سەپێندراون. بۆ ئاخوندەکان داسەپاندنی ڕووبەندە و چارشێو بەسەر خانمەکان، زۆر گرینگترە لە نانی شەوی بنەماڵە هەژارەکان، دەسەڵاتداران لە بۆنە جیهانییەکان و بەڕێوەچوونی دەترسێن و نایانەوێ دەرگای ئێران بە ڕووی دەرەوەدا بکرێتەوە، هەر بۆیەش هەتا ئێستاش ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاکان، یەکێک لەو وڵاتانەیە کە تێیدا سەتەلایت بە شێوەی فەرمی قاچاغە و، خەڵکی بە ئاشکرا ناوێرن کەلکی لێ‌وەرگرن. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دژی هەموو نماد و دیاردە پێشکەوتوو و ڕۆژاواییەکانن و لە هەر چەشنە گۆڕانێک لە ژیانی خەڵکیدا کە ڕەنگ‌ و ڕووی پێشکەوتووانەی هەبێ تۆقاون. کۆمەڵگەی بێدەنگ و گوێڕایەڵ، خامۆش و چەقبەستوو، لاواز و بێ‌هێز، تەنانەت برسی و هیلاک و شەکەت، لە ڕوانگەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە باشترین کۆمەڵگەیە و دەزانن کە دەتوانن ئەو کۆمەڵگەیە دەستەمۆ بکەن و بەسەریدا زاڵ بن. هەر بۆیەش لەگەڵ هەر چەشنە نوێخوازی و ویستی ئازادیخوازانە و چالاکیی مەدەنی کە خۆی لە نافەرمانیدا ببینێتەوە بە توندی بەربەرەکانی دەکەن و چالاکانی مەدەنی سەرکوت دەکەن. کەم نین چالاکانی مەدەنی و ئەو کەسانەی ویستوویانە لە ڕێگەی خەباتی مەدەنی و ئاشتیخوازانەوە، ویست و داخوازییە سەرەتاییەکانی خەڵکی بەرز بکەنەوە و بڵێن ئێمە لە چوارچێوەی ئەو نیزامەدا دەمانەوێ بژین، بەڵام وەک هەموو مرۆڤێکی سەر زەوی مافی ئازاد ژیانمان هەیە و لێمانگەڕێن لە چوارچێوەی ژیانی تایبەتی (شخصی)ـی خۆمان ئەو جۆرەی پێمان‌خۆشە هەڵسوکەوت بکەین. بەڵام وڵامی ئاخوندەکان و هێزی جینایەتکاری سەرکوت و دەزگای “بێداد”ی ڕێژیم لێدان و گرتن و سزادان بووە. بە سەدان و بگرە زیاتریش، لە سیماناسراوەکانی کۆمەڵگەی ئێران و دەیان هەزار کەس لە لاوانی وڵات ئێستا لە گرتووخانەکاندا چارەنووسێکی نادیاریان هەیە و نازانن چییان بەسەر دێنن. ئەوە نیشان دەدا ڕێژیمی زاڵ بەسەر ئێراندا هیچ ئاڵوگۆڕێکی تێدا نایەتە دی و ئاخوندەکان ئامادە نین لە بەرامبەر ویست و داوا ڕەواکانی گەلانی ئێراندا چووکترین پاشەکشە بکەن. کۆماری ئیسلامی بوونی خۆی لە سەرکوت و ترسان و تۆقاندنی خەڵکی لە نێوخۆدا دەبینێتەوە و باش لەو ڕاستییە گەیشتوە بۆ درێژەدانی دەسەڵات دەبێ هێزی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لاواز بکا یان بیشێوێنێ، بۆ ئەم مەبەستەش هەر جارە و بەشێوەیەک قەیران دەخولقێنێ و تێدەکۆشێ بیروڕای گشتی بە لاڕێدا بەرێ. ئاخوندەکان بۆ ئەم مەبەستە کەلکیان لە زۆر ئامراز وەرگرتوە کە یەکێک لەوان هەستی ئایینیی خەڵکە، هەر بۆیەش لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا پەرەیان بەفەرهەنگی شینگێڕی و ماتەمین بۆ ئیمامان داوە و تێکۆشاون خەڵکی باوەڕمەندی ئێران، بە تایبەت زۆرینەی شێعەمەزهەبەکان بە ڕێوڕەسمە شینگێڕییەکان سەرقاڵ بکەن و لەبیریان بەرنەوە کە لە چ دۆخ و دۆزەخێکدا دەژین و لە ڕاستیدا ئەگەر قەرار بێ شین بگێڕن دەبێ شین بۆ چی بگێڕن! بەو حاڵەش سەرەڕای درێژەدانی ئەو سیاسەت و کردەوە قێزەون و دواکەوتووانە کە ئاوێتەی تاوان و جینایەت و کوشتاری دەیان هەزار و بگرە زیاتر لە خەڵکی ئێران بووە، ئاخوندەکان نەیانتوانیوە بە ئامانجە سەرەکییەکانی خۆیان بگەن و دەبینین ئێستا زیاتر لە هەمیشە بەرەوڕووی ڕق و ناڕەزایەتیی پەنگخواردووی گەلانی ئێران بوونەتەوە و دەسەڵاتەکەیان زیاتر لە جاران مەترسی هەرەسهێنانی لەسەرە. کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە ڕاپەڕینەکانی بەفرانباری ٩٦ و خرۆشانی خەزەڵوەری ٩٨ و ناڕەزایەتییەکانی دیکەی ئەم ماوەیە نیشانیان دا کۆماری ئیسلامی گەیشتوەتە کۆتاییەکانی و ئیتر هیچ داهاتوویەکی جگە لە داڕمان و داڕووخان نەماوە. ئەو ڕێژیمە لە ئاستی نێوخۆ لە هەموو بوارەکاندا شکستی هێناوە و کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانی تووشی دەیان قەیران و نەهامەتی کردوە و لە ئاستی دەرەوەشدا لەگەڵ گەلێک کێشەی بنەڕەتی بەرەوڕوویە و کۆمەڵگەی جیهانی چیتر ئامادە نییە لە ئاست ئاژاوەگێڕییەکان و دەستێوەردانەکانی لە وڵاتانی ناوچە بێدەنگ بێ و هەروەک دەبینین کۆدەنگییەکی پتەو لە نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەهەمبەر کۆماری ئیسلامیدا پێکهاتووە. ڕەنگ‌دانەوەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی تەنانەت لە نێوخۆی نیزامیشدا زۆر بەرچاوە و دەبینین دەسەڵات هەتا دێ زیاتر لە پاوانی خامنەیی و مافیای سپای پاسدارانەوە بەرتەسک دەبێتەوە و ئەوەی بە چاکسازیخوازان دەناسران و دەیانویست سیمای کۆماری ئیسلامی بە بۆچوون و سیاسەتەکانی خۆیان بڕازێننەوە شکستیان هێنا و لە ڕاستیدا لە دەسەڵات دوور خرانەوە. هەربۆیەش دەبینین زۆرینەی بەربژێرانی ڕێفۆرمیست و تەنانەت ٩٠ کەس لە نوێنەرانی ئێستا بۆ هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی یازدەهەم لە ڕەشەمەدا شیاوبوونیان لەلایەن “شۆڕای نیگەهبان”ـەوە ڕەد کرایەوە. ئەوە نیشاندەری قەیرانی قووڵی نیزامی کۆماری ئیسلامییە و خامنەیی و سپای پاسداران ڕێڕەوێکیان هەڵبژاردوە کە هیچ نەرمی نواندنێکی تەنانەت لە ئاست “خودییەکانیش” تێدا بەدی ناکرێ. هەر بۆیەش تەنیا ڕێگەیەک کە کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە بەردەمیانە و دەبێ پێیدا بڕۆن و هەزینە و تێچووەکەشی هەرچەند زۆر و پڕژان بێ بدەن، هاتنە سەرشەقامەکان و ڕاپەڕین و داڕماندنی ئەو ڕێژیمە گەندەڵ و سەرەڕۆیەیە. ڕێگایەک کە کۆماری ئیسلامی بەسەر گەلانی ئێرانیدا سەپاندوە و بەدڵنیاییەوە ئەو ڕێژیمە، تەنانەت وەک حکوومەتە دیکتاتۆرییەکانی سەردەم ئامادە نییە بە نافەرمانیی مەدەنی و شێوەی “نەرم” و “شۆڕشی مەخمەڵی” واز لە دەسەڵات بێنێ.