کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەنووری ساردی هەڵبژاردن لە ئێران و لێکەوتەکانی

03:58 - 16 رەشەمه 2719

کەماڵ کەریمی: ئەم "نا"یەی کە دیسان بە کۆماری ئیسلامی گوترایەوە، دەسکەوتێکی باشە بۆ بزووتنەوەی سیاسی و گۆڕانخوازانە لە ئێران و کوردستان   لە ڕۆژی ٢ی ڕەشەمەی ٩٨ی هەتاویدا هەڵبژاردنی پارلمانی ئێران بەڕێوە چوو، سەرەڕای بانگەشە و پروپاگاندایەکی زۆر لەلایەن ڕێژیمەوە بۆ گەرمکردنی بازاڕی بەشداریی خەڵک، بەڵام ئاکامەکەی پێچەوانە بوو و بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی نێوخۆی ئێران ٤٢٪ی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبوو بەشدارییان لەم هەڵبژاردنانەدا کرد و؛ کورسییەکانی مەجلیسیش بەشی هەرە زۆریان بە ئوسوولگەراکان بڕا و ئەوەی‌کە لەم نێوەدا نوێ بوو هاتنی ڕێژەیەکی بەرچاو لە فەرماندەیانی سپای پاسداران وەک نوێنەری مەجلیس بوو. ڕووداوەکانی ساڵی ٩٨ بە تایبەتی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەر، گرینگییەکی زۆری بە ئاکامی هەڵبژاردن هەم بە لای دەسەڵاتەوە و هەمیش بە لای دژبەرانەوە دروست کردبوو. لە کوردستان پێشتر حیزبە سیاسییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی بە دەرکردنی بەیاننامە بەشداریکردنیان لەم خولەی هەڵبژاردندا بایکۆت کردبوو و، ئاکامەکەش نیشانی دا کە ڕێژەی بەشداری لە کوردستان لە خوارەوە بووە. بۆ کردنەوەی زیاتری ئەم مژارە وتووێژێکمان لەگەڵ کەماڵ کەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک هێناوە.   هەڵبژاردنەکانی مەجلیس بەڕێوەچوون. ئەگەر وای دابنێین هەر کێبەرکێ و هەڵبژاردنێک براوە و دۆڕاوێکی هەیە، ئەمجارە کێ براوە و کێ دۆڕاوی ئەم گەمەیە بوو؟ کۆماری ئیسلامی لەمەڕ هەڵبژاردنەوە زیاتر بەدوای ئەوەوە بووە کە نیشان بدا، خودی ڕێژیمە کە براوەی سەرەکیی هەڵبژاردنەکانە. چ توانیبێتی لە هەندێک قۆناغدا خەڵکێک بکێشێتە سەر سەندووق و لە تلەڤیزیۆندا نیشانیان بدا، چ تەنانەت لە دەسبردنە نێو سەندووقەکان و تەقەلوب و زیادکردنی دەنگەکاندا وایان نواندوە کە خەڵکێکی زۆر چوون و دەنگیان داوە، بەم شێوەیە دەیهەوێ نیشان بدا کە ڕێژەیەکی بەرچاو پشتیوانی کۆماری ئیسلامییە و بەدەم بانگەوازەکەیانەوە دەچن و؛ بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن. ئەوەی‌کە ئەم جارە بینیمان لە ڕاستیدا جیاوازییەکی یەگجار زۆری لەچاو هەڵبژاردنەکانی پێشوو هەبوو –هەرچەند هەڵبژاردنەکانی پێشووش قەت لەو ئاستەدا نەبووە کە کۆماری ئیسلامی بتوانێ دڵی پێ‌خۆش بکا ئەگەر وازی لە تەقولەبەکانی بهێنایە- بەڵام هیی ئەم جارەیان لە هەلومەرجێکدا کە بە تایبەتی لە چەند ساڵی ڕابردوودا ناڕەزایەتییەکان گەیشتبوە ترۆپکی خۆی و، بە تەواوی دەرکەوتبوو کە ئەوەی‌کە ڕێژیم پێشتر دەیتوانی بە جۆرێک دایبپۆشێ ئیتر ئەم جار ئەم کارەشی پێ‌نەکرا. کوشتاری خەڵک لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەردا و، خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە کە هەر ئەو کات سەلمێندرا کە کۆماری ئیسلامی بە هۆی سپای پاسدارانەوە ئەو فڕۆکەی خستوەتە خوارەوە و، زۆر هۆکاری دیکە کە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی زۆر بەرین کردبۆوە، بەتەواوی دەردەکەوت کە مەودایەکی زۆر کەوتووەتە نێوان خەڵک و دەسەڵات. بۆیە ئەم جارە سەرەڕای هەموو هەوڵ و پاڕانەوەیان تەنانەت لە لایەن خامنەیی و ڕۆحانی و بەرپرسە پلەبەرز و پلەخواری ڕێژیم بۆ هاندانی خەڵک و کێشانیان بۆ سەر سەندووقەکانی دەنگدان؛ ئەوەی‌کە خەڵک بە نەچوونی خۆیان نیشانیان دا ناڕەزایەتیی چەندبارەی خۆیان بوو. بەشدارینەکردن و ڕێژەی زۆر لە خوارەوەی دەنگدەران دەری‌خست، خەڵک لەم ڕێگەشەوە ویستیان ناڕەزایەتیی خۆیان دەرببڕن و، دەرکەوت کە کۆماری ئیسلامی ئەم دۆڕانەی قەبووڵ کردبوو و تەنانەت وازی لە مانۆڕی درۆیینیش هێنا کە پێشتر بە فۆتۆشاپ و لەم چەشنە تێکنیکانە دەیهەویست ڕێژەی بەشداریی خەڵک زۆر نیشان بدا. لێرەدا دەکرێ بڵێین کۆرۆنا بەفریای ڕێژیم کەوت و بەم بۆنەیەوە ڕێگەی بێدەنگی هەڵبژارد و خۆی لە بایکۆتی خەڵک لە گێلی دا؛ بۆیە لەم جاردا بەدڵنیاییەوە ڕێژیم نەیتوانی دەسکەوتێکی هەبێ.   ئەم دەنگنەدانەی خەڵک لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە چ خوێندنەوەیەکی بۆ دەکرێ و چ لێکەوتەیەکی بۆ کۆماری ئیسلامی دەبێ؟ کۆماری ئیسلامی دەیهەویست بە دنیای دەرەوە بە تایبەتی ئورووپاییەکان –کە بەجۆرێک حەزیان لێیە بچنە نێو ئەو کایانەوە- و تەنانەت دۆستەکانیشیان وەکوو چین و ڕووسیە نیشان بدا و، پەیامێکی وا بگەیەنێ کە کۆماری ئیسلامی پشتیوانیی خەڵکی لەپشتە، دەیانویست هەڵبژاردن وەکوو پێوەرێکی دێموکراتیک بوونی ڕێژیم نیشان بدەن، بەڵام ئاکامی بەشدارینەکردنی خەڵک لێکەوتەی پێچەوانەی ویستی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بەدواوە بوو. بۆیە ئەو لێکەوتە پێچەوانەیەی کە باسمان کرد ئەوە بوو کە کۆماری ئیسلامی نەیتوانی پەیامی خۆی بە وڵاتانی دەرەوە بدا، بە سەرنج‌دان بەوەی کە هەندێک لە وڵاتان چاودێرییەکی چڕیان بەسەر ڕۆژی هەڵبژاردندا بوو و چاوەڕوانی ئاکامەکەی بوون. لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین بەشداری نەکردنی خەڵک پەیامێکی جدیی دیکەی خەڵکی ئێران لە دوای خۆپیشاندانەکانیان بە دنیای دەرەوە بوو، کە چیتر باوەڕێکیان بەو حکوومەتە و نمایشە شێوەدێموکراتیکەکانی نییە. ئەگەر جاران بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان دەبوونە کارتێک و لەسەر مێزی دیپلۆماتکارانی کۆماری ئیسلامیدا دادەنران، بەڵام ئێستا و ئەم جارە ئەم کارتەشی لەدەست دا و دنیای دەرەوەش لەوە ئاگادار بووەوە کە پشتیوانیی خەڵکی لەدەست داوە.   وەزارەتی نێوخۆی ئێران ڕایگەیاندوە کە نێونجیی بەشداری لە هەڵبژاردنەکان سەتا ٤٢ بووە کە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا پێشتر ڕووی نەداوە. بەدەر لەوەی هەر ئەو ئامارە و ئەوەندە بەشدارییە باسکراوەش شک و گومانی زۆری لەسەرە، بەڵام بەو حاڵەش فەزلی، وەزیری نێوخۆ دەڵێ ئەم ڕێژەیە جێی ڕەزامەندییە و قبووڵە. بۆچی کۆماری ئیسلامی بەوەندەش قایلە؟ ڕەنگە ئەگەر هەڵبژاردنێک دێموکراتیک بێ و لە وڵاتێکی ئازاددا بەڕێوە بچێ، کەس بیر لە ڕێژەی دەنگدەران نەکاتەوە. لە وڵاتی فەڕانسە جارێک ٣٢٪ی خەڵک بەشداریی هەڵبژاردنیان کرد، بەڵام سەرکۆماریش هەڵبژێردرا و هیچ کەسێکیش پرسێکی وای بۆ دروست نەبوو کە ئاخۆ ئەو حکوومەتە پشتیوانیی خەڵکی هەیە یان نا. لە ئێراندا چونکە دەسەڵات بەسەر خەڵکدا سەپاوە، هەمیشە هەوڵی ئەوە دراوە تەنانەت بە بردنە سەری ڕێژەکە بە دنیا نیشان بدەن کە خەڵک لەگەڵ دەسەڵات‌دایە. ئەم جار سەرەڕای هەموو ئەو فرتوفێڵانەی کە کرا و ئاماری ڕەسمیی حکوومەت ٤٢٪ی ڕاگەیاند، بەڵام دیسان ڕێژەیەکی کەمە بۆ ئەم بارودۆخەی ئێستای ئێران، ئەمە لە کاتێک‌دایە کە هەموو هەوڵ و توانای خۆیان وەگەڕ دەخەن بۆ هاندانی خەڵک و تەنانەت خامنەیی دەڵێ: “ئەگەر منیشتان خۆش ناوێ، بەڵام لەبەر وڵاتەکەتان دەنگ بدەن”، بەڵام بەم حاڵەشەوە ڕێژەکە لە خوارەوە بوو و بەدڵنیاییەوە کەمتر لەوەش بوو کە ڕاگەیەندرا. وەزارەتی نێوخۆی کۆماری ئیسلامی بەم کارە دەیهەوێ پێش بەو کاریگەرییە نەرێنییانە –لە ڕوانگەی ئەوانەوە- کە لەسەر دەروونی خەڵک دەیبێ بگرێ. هەروەها ئەو کاریگەرییەش لەسەر دنیای دەرەوە لاببا و سەرەڕای پێ‌ناخۆش بوونی خۆیان، ئەم ڕێژەیە زۆریش ئاسایی و سروشتی نیشان بدەن. بەڵام ڕاستییەکە لە خەڵک و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش –کە بەداخەوە ناهێڵن لە نزیکەوە چاودێرییان بەسەر ڕەوتی هەڵبژاردنەکاندا بکەن- ناشاردرێتەوە و، ڕاستییەکەش ئەمەیە کە ڕێژەی ڕاگەیەندراو درۆیین و دەسکردە و هەروەها زۆر کەمتر لە چاوەڕوانیی کۆماری ئیسلامییە بۆ مانۆڕدان. کاتێک لە پێتەختی ئێران کە یەک شەشی جەماوەری ئەم وڵاتە لەخۆ دەگرێ و، زیاتر لە ٩ میلیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە بەڵام ڕێژەی بەشدارییەکە کەمتر لە ٢٤٪ە، ئیتر ڕوونە کە بارودۆخی ڕێژیم لەنێو خەڵکدا بە تایبەت لەنێو شارێکی وەکوو تاراندا –کە بەدڵنیایی لە شارەکانی دیکەش وا بووە- چییە و چۆنە. ئەگەر لە تاران ٢٤٪ بەشدارییان کردبێ –کە بێگومان کەمتر بووە- وێناچێ لە ناوچەکانی تردا لەوە زیاتر بووبێ. قایل بوون بەم ڕێژەیەش کە ئێمە دەزانین کەمترە، بە مەبەستی ئەوەیە کە وا نیشان بدرێ لە زۆر وڵاتی تریشدا بەشداریی لەم شێوەیە دەکرێ؛ بەڵام پرسیارەکە ئەمەیە ئەگەر دەیانهەوێ خۆیان بە وڵاتێکی دێموکراتیک بشوبهێنن، ئەی ئەم هەمووە هات و هاوار و دەهۆڵ کوتان و پاڕانەوەیان لە چییە؟   لە ٢٩٠ کورسیی مەجلیس تەنیا چارەنووسی ١١ کورسییان ماوەتەوە بۆ دەوری دووهەم، بەڵام لەو ٢٧٩ کورسییەی یەکلا بوونەتەوە؛ پشکی ئیسلاح‌تەڵەب و ئیعتدالگەراکان تەنیا ٢٠ کورسی بووە؛ ئەوە بە بڕوای ئێوە یانی کۆتایی ڕێفۆرمخوازی لە پێکهاتەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا؟ ئامارەکان بە دروستی لە پرسیارەکەدا هاتوون، ئەوەی‌کە ناڕوونە ئەوەیە کە ئەم فەرماندانەی سپا لەگەڵ ئوسوولگەراکان هەن یان سەربەخۆن. بە سەرنج‌دان بەوەی‌کە دەوترا سپای پاسداران بەتامەیە کوودتا بکا، ئایا ئێمە دەتوانین ئەمە بە کوودتا یان بە شێوەکوودتایەک بشوبهێنین؟ ئایا ویستی خامنەیی کە یەکدەست کردنی نیزامە –کە بێگومان بە پشتیوانیی سپای پاسداران دەکرێ- ئەمە یەکێک لە ڕێگەکانیەتی کە سپای پاسداران بێنێتە نێو سیستمی یاسادانانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە؟ ئایا بەم شێوە و لەم ڕێگایەوە بە هێنانی فەرماندە پلەبەرزەکانی سپای پاسداران هەوڵی ئەوە دەدرێ کە سیستمی سیاسیی ئێران یەکدەست بکرێ؟ ئەگەر باس لە ڕێفۆرمخوازی یا ئیسلاح‌تەڵەبەکان بکەین، دەورەیەکی گەشەی ئیسلاح‌تەڵەبی لە ئێراندا دەبیندرێ و باش نییە حاشا لەم شتە بکرێ؛ هەندێک گۆڕانکاری لەوانەیە لە وڵاتێکدا بە ئاکام نەگا بەڵام بێگومان کاریگەریی خۆی  لە هەندێک بارودۆخدا دادەنێ. لە ساڵی ١٣٧٦ کاتێک کە محەممەدی خاتەمی بوو بە سەرۆککۆمار و ئیسلاح‌تەڵەبەکان زۆرینەی کورسییەکانی مەجلیسیان دوو ساڵ دواتر بەدەست هێنا، لە ڕاستیدا دەورانێکی نوێ لە ژینگەی سیاسیی ئێراندا کرایەوە. ڕەنگبێ ئەوان سەر بە حکوومەت بووبن بەڵام بە فکرێکی نوێوە هاتبێتن و بەڵام دیسانیش بۆ پاراستنی دەسەڵات بەرنامەیان داڕشتبێ، ڕەنگبێ هەوڵیان دابێ بۆ ئەوەی لەو کێشەی نێوان باڵەکانی نێو دەسەڵاتدا خۆیان لە دەسەڵات بەدەستەوە گرتن لە ڕێگەی دەرفەتی هەڵبژاردنەوە نزیک کردبێتەوە؛ بەڵام زۆری نەخایاند و لەگەڵ کۆتایی چوار ساڵی یەکەمی سەرۆککۆماریی خاتەمیدا دەرکەوت کە نا، ئیسلاح‌تەڵەبەکان ئەگەر خاوەنی ئەو هێزەش هەن کە بتوانن گۆڕانکاری بەدی بێنن بەڵام خاوەنی ئیرادەی پێویست بۆ هێنانەدیی گۆڕانێک کە لە خزمەتی کۆمەڵ و خەڵکدا بێ؛ نین. بیرۆکەی ئەمان بۆ پاراستنی ئەسڵی نیزامی کۆماری ئیسلامی، لە ڕاستیدا ئەو خەنجێرە ژەهراوییە بوو کە بۆخۆیان لە خۆیان دەدا، واتە ئەوان تەواوی بەرنامەی ئیسلاحاتیی خۆیان فیدای پاراستنی نیزام کرد. هەر بۆیە لەدوای دەورەی یەکەمی سەرۆککۆماریی خاتەمی دەرکەوت نە تەنیا لەنێو ئەو خەڵکەی کە بە هیوایەکەوە پشتیوانیی ئەوانیان کردبوو، بەڵکوو لەنێو بەشێک لە کادرە سەرەکییەکانیشیان ئەو گومانە دروست بوو کە لە کۆماری ئیسلامیدا بیرۆکەی ڕێفۆرم ناتوانێ بەو جۆرە بچێتە پێشەوە. هەر بەم هۆیەش بەرە بەرە لێک‌دابڕان کەوتە نێو ڕیزەکانی ئیسلاح‌تەڵەبانیشەوە، بۆ نموونە ئیسلاح‌تەڵەبانی ڕادیکاڵ دروست بوون کە دواتر و لە ساڵی ٨٨دا زۆر چالاک بوون. بە بڕوای من وردە وردە و لە ساڵی ٨٠ بەملاوە بە هۆی ئەوەی ڕێبەرانی ئیسلاحات بەشێک بوون لە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی و پاراستنی نیزامیان وەپێش هەموو شتێک دابوو، نەیانتوانی یارمەتیی بەرەوپیش چوونی ڕەوتی ئیسلاحات لە ئێران بکەن و، ئەوە سەرەتای پاشەکشە و بچووک بوونەوە بوو و لە کۆتاییدا ئێستاش سەرەتای لەنێو چوونی هەر جۆرە بیرۆکەیەکی ڕێفۆرمیستی لە ئێران‌دایە. ئەگەر هەر واش داینێین کە ئەوانە بەشێک لە ئیسلاح‌تەڵەبانی حکوومەتی بوون، بەشێک بوون کە دەیانویست لەنێو دەسەڵاتدا ڕێفۆرم بکەن، ئاکامی هەڵبژاردنی ئەم جارە دەری‌خست کە ئەگەر لە ساڵی ٨٨دا ڕێپێوانی زیاتر لە یەک میلیۆنیی ئیسلاح‌تەڵەبەکانیان سەرکوت کرد و، مووسەوی و کەڕوبییان لە ماڵی خۆیاندا زیندان کرد؛ ئێستا ئیتر بەم هەڵبژاردنە و دوای دە ساڵ دەکرێ بڵێین دوایین بزماریان لە تابووتیان دا. بارودۆخی ئێستا و ئەو ڕەوتەی کە ئێستا دەچێتە پێشەوە، ئەوەی تێدا نابیندرێ کە جارێکی تر مەجال بەوە بدرێ کە دیسان ڕێفۆرمیستەکان سەر هەڵ‌بدەنەوە. چونکە هەموو هەوڵێک دراوە ئەوان لە گۆڕەپانی هەڵبژاردن دوور بخرێنەوە، هەر بۆیە لەوانەیە لە داهاتوودا هەوڵی جدیتر بدرێ بۆ ئەوەی‌کە ئەو ١٥-٢٠ کەسەش کە چوونەتە مەجلیس، لە مەیدان وەدەر بنرێن.   ئێمە دەزانین لە وڵاتانێکی وەک یەکیەتیی سۆڤیەت و چین، هەر کەسانی حکوومەتی بوون کە ئیسلاحاتێکیان لەوێدا بەدی هێنا، هۆکاری ئەوەی‌کە ڕەوتی ڕێفۆرم کە لەلایەن کەسانی حکوومەتییەوە لە ئێران بەڕێوە دەچوو نەیتوانی بە ئاکامێک بگا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سیستمی کۆماری ئیسلامی ڕێفۆرم هەڵنەگرە یا چ هۆکارێکی تری هەیە؟   ناکرێ لەم بارەوە هەڵسەنگاندن بکەین لە نێوان کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی تردا. بۆ نموونە ئێمە دەبینین کاتێک گۆرباچۆڤ گەڵاڵەی ڕێفۆرمی سیاسیی گلاسنۆستی هێنایە بەرباس، بۆخۆی یەکێک لە بەهێزترین کەسانی یەکیەتیی سۆڤیەت بوو بەڵام هات و ڕێگەی ئیسلاحاتی گرتەبەر؛ لەوێ کەسێکی سەرتر لە گۆرباچۆڤ نەبوو کە بیهەوێ پێشی پێ‌بگرێ. ڕەنگبێ نیگەرانی لەنێو ڕێبەرانی حیزبی کۆمۆنیستدا هەبوو و گومانیان لەوەدا بوو کە ئەم ئیسلاحاتانە بتوانێ یارمەتی بە چاکبوونی دۆخەکە بدا؛ بەڵام گومانەکانیش نەیتوانی پێش بە بڕیاری گۆرباچۆڤ بگرێ. هەرچەندە ئاکامەکەی جیاواز بوو لە ویستی گۆرباچۆڤ، ئەو دەیهەویست چاکسازییەک لەنێو سیستمدا بێنێتە ئاراوە بەڵام چاوەڕوانیی خەڵک زیاتر بوو و، ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤیەتی لێ کەوتەوە. لە ئێراندا ئەگەر چاکسازییەکی جدی نە تەنیا لەنێو سیستمدا بەڵکوو لە ئاستی کۆمەڵگەشدا ئەگەر بکرێ، ڕەنگبێ هەر بەو ئاکامە بگا کە یەکیەتیی سۆڤیەت پێی گەیشت. کێشەی ئیسلاح‌تەڵەبان لە ئێراندا ئەوە بوو کە زیاتر لەسەر ئەو باوەڕە کۆن و کلاسیکە بوون کە پێیان وابوو ئیسلاحات دەبێ لەنێو دەسەڵاتدا بکرێ؛ بەڵام لەنێو دەسەڵاتدا هێزی گەورەتر لەوان هەیە کە خاوەن بڕیاری سەرەکییە لە سیستمی سیاسیی ئێراندا و ئەویش ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. ڕێبەریش پشتەستوور بە پشتیوانیی هێزی سپای پاسدارانە، لە باری ئابوورییەوە نەبەستراوەتەوە بە بوودجەی دەوڵەتەوە، دەزگا و ناوەندە ئەمنیەتییەکانیش –تەنانەت هیی سپاش-  پێڕەوی لە ڕێبەر و بەیتەکەی ئەو دەکەن، بێجگە لەمانەش یاسای بنەڕەتییش ڕێگەی بە دەستێوەردانەکانی ڕێبەر داوە –ئیسلاح‌تەڵەبەکان دانیان بەوەدا نا کە لە دەرەوەی یاساش حوکمی حکوومەتیی هەیە-؛ هەربۆیە لایەنی ڕێبەر باڵادەست و بەهێزترە و ئەوانیش لە بەرامبەر وەها لەمپەرێکدا بشیانهەوێ ناتوانن بە شێوەی جدی بەرەو چاکسازی هەنگاو بنێن. بۆیە ئەگەر ئیسلاح‌تەڵەبەکان دەیانویست گۆڕانێک لە سیستمی ئیداری و هەتا ڕادەیەک سیاسیی ئێراندا پێک بێنن، بەڵام دەسەڵاتی سەرووتری ئەوان لەگەڵ ئەم فکرە نەبوو. ڕەوتی ئیسلاحات هێزی بەسەر دەسەڵاتدا نەشکا و وەک خودی سەیری ئەوان نەکرا و، تەنانەت سەرکوتیش کران. ئەمەش یەکەم جار نییە، هەر لەدوای مردنی خومەینی کە دەسەڵاتی وڵات کەوتە دەستی ڕەفسەنجانی و خامنەیی، کۆمەڵی ڕۆحانییانی شۆڕشگێڕیان لەنێو برد. لە کاتێکدا ئەوان لە هەستە بەهێزەکانی کۆماری ئیسلامی بوون کە پشتیوانیی خومەینییان لەگەڵ بوو. جیاوازییەکە لەوەدایە کە ئەم هەستە ناوەندییەی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا کە خامنەیی ڕێبەریی دەکا؛ بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەم جۆرە هەوڵانەدا نییە، هەر بۆیە نە تەنیا لەگەڵیان نییە بەڵکوو هەمیشە هەوڵی سەرکوتکردن و بێدەنگ‌کردنیانی داوە. وێنەی خاتەمی بڵاو نابێتەوە، مووسەوی و کەڕوبی لە زیندان‌دان و ژمارەیەکی یەگجار زۆر لەو کەسانەی کە لە ڕیزی ئیسلاح‌تەڵەبەکاندا بوون بەڵام بەشێکی بنەڕەتی بوون لە کادری بەڕێوەبەریی نیزام، یان کەوتنە زیندان و... ناچاریان کردن بە تۆبەکردن و بەشێکیشیان تێدا بردن. ئەمانە جیاوازیی ڕەوتی ڕێفۆرم لە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ شوێنەکانی ترە. لە چین بە پێچەوانەی ئێران و یەکیەتیی سۆڤیەت خودی ڕێبەریی حیزبی کۆمۆنیستی چین بەرنامەی ئیسلاحاتی ئابووریی دانا و نەیهێشت لە کۆنترۆڵ دەرچێ، سروشتییە کە بەشی ئابوورییش پێوەند دەدرێتەوە بە سیاسەت و بە تایبەتی لە بەشی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە. وڵاتی چین لەم بارەوە سەرکوتوو بوو بە جۆرێک کە هەم توانیان کۆمەڵگەکەیان کۆنترۆڵ بکەن و هەمیش سەرکەوتنێکی بەرچاوی ئابووری بەدەست بێنن. لە ڕاستیدا ئەمە گەورەترین جیاوازیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ترە لەم بارەیەوە، کە هەستەی سەرەکیی ڕێژیم دژایەتی لەگەڵ هەر چەشنە ڕێفۆرم و گۆڕانێک دەکا و، ئێمە دەبینین کە بنەما کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابوورییەکانی ئەم وڵاتە بە گشتی هەرەسی هێناوە و ئەمەش سەرچاوە لە سیاسەتی نەگۆڕی ڕێبەریی وڵات دەگرێ. لێکەوتەی ئەم تێڕوانینەش پێشگری لە چالاکیی ڕێفۆرمیستەکان و لەسەر کار لابردن و لە زیندان کردن و کوشتن و ڕاونانیان بۆ دەرەوەی وڵات بووە. هەر بۆیە ئێمە دەڵێین کۆماری ئیسلامی خۆی تاقەتی بە ئیسلاحات ناشکێ و هەڵگری چاکسازیی نییە.   ئایا ئاستی چاوەڕوانیی خەڵکیش لەچاو ئەو سەردەمە گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە؟ ئەوان هەر بەو چاکسازییانەی کە خاتەمی بانگەشەی بۆ دەکرد ئێستا ڕازی دەبن؟ بێگومان ئاستی چاوەڕوانیی خەڵکی ئێرانیش لەچاو ٢٢ ساڵ لەمەوبەر هەڵکشاوە و ڕەنگە بەو ئیسلاحاتەی کە خاتەمی بەڵێنی دا و جێبەجێی نەکرد، ڕازی نەبن. ئەمەش دوو هۆکاری هەیە، یەکەمیان ئەوەی‌کە هیچ هیوایەکیان بە چاکسازی نەماوە و، دووەم ئەوەی‌کە هەستەی ناوەندیی دەسەڵات –کە باسمان کرد- ڕێگەی سەرکوت لە بەرامبەر ویستی خەڵکدا دەگرێتە بەر و ئەمەش بووەتە هۆی بێ‌بڕوایی خەڵک بە دەسەڵات لەو سۆنگەیەوە کە کارێکیان بۆ جێبەجێ بکا. لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕوانیی خەڵک زۆر چووەتە سەرەوە. ڕەنگە ٢٠ ساڵ لەمەوبەر خەڵک بە گۆڕانکارییەکی بچووک لە سیستمی ئیداری و سیاسیی وڵات ڕازی دەبوون، بەڵام ئێستا ئەم ڕادە لە ویستی خەڵک کە کۆماری ئیسلامییش ناتوانێ جێبەجێیان بکا، خەڵک دەکاتە ناڕازی. بۆیەش دروشمی خەڵک زیاتر لە بازنەی نەمانی کۆماری ئیسلامی، ویلایەتی فەقیهـ و ڕێبەر و تەنانەت نەمانی سپای پاسداران وەک پارێزەری سەرەکیی ئەم ڕێژیمە و ... دەخولێتەوە. ٢٠ لەمەوبەر هێشتا بەشێکی زۆر لە خەڵک پێیان‌وابوو کە ئەمە دەسەڵاتێکی ئینقلابییە و هەشت ساڵ لە شەڕدا بووە و پێویستە پشتیوانیی لێ بکرێ؛ بەڵام ئێستا دەبینین بە زۆر هۆکار کە یەک لەوانە گۆڕانی نەسلەکان و شێوازی بیرکردنەوەیە بێ‌هیوایی، بێ‌بڕوایی و بێ‌متمانەیی و ڕادەی زۆری چاوەڕوانی جێگەی ئەوانەی گرتوەتەوە. هەرچەندە ئێستا بیری زاڵ بەسەر سیستمی کۆماری ئیسلامیدا هیچ ئیسلاحێک هەڵناگرێ، بەڵام بێتوو بیشیکا هەوڵەکانی لە ئاستی چاوەڕوانیی خەڵکدا نابێ.   لە ٢٢١ کورسیی ئوسوولگەرایانیش، ١٢٣ کەسیان نیزامی و لە ڕوخسارە ناسراوەکانی سپای پاسدارانن. وەک باسمان کرد سپای پاسداران کادر و مۆرەکانی خۆی بە ئاشکرا ناردووەتە مەجلیس، پێشتر وەک دەسەڵاتی سێبەر هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی پاوان کردبوو و خۆیشی دەدزییەوە لە هەموو بەرپرسایەتییەک. ئەمە چ کاریگەرییەکی لەسەر سیاسەتی کەلانی کۆماری ئیسلامی دەبێ، بە تایبەت کە ئەمجارە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماریشمان لەپێشە؟ ئایا باڵی ئوسوولگەراش خەریکە شوناسی خۆی دەدۆڕێنێ و لە ناوەندە ئەمنیەتی و نیزامییەکاندا دەتوێتەوە؟ لە کێبەرکێی نێوان ئوسوولگەراکان و میانەڕەوەکاندا –چون ئیسلاح‌تەڵەبەکان زۆر دیار نەبوون-، دەکرێ بڵێین باڵی ئوسوولگەرا براوە بوو، بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە لەنێو ئەو کەسانەش کە بە لیستی ئوسوولگەراکانەوە چوونەتە مەجلیسەوە کەسانێکی بێ‌شوناسیشیان تێدایە کە ڕوون نییە سەربە چ لایەنێکن. هەروەکوو باسمان کرد هاتنە مەیدانی بەشێکی زۆر لە فەرماندەکانی سپای پاسداران دەردەکەوێ کە ئوسوولگەراکانیش براوەی هەڵبژاردن نین. ئەگەر پێشتر ئەوان خەت و نیشانیان دەدا ڕەنگە لەمەبەدوا ئەوان خەت و نیشان لە سپای پاسداران وەربگرن. هەر بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا باڵەکانی کۆماری ئیسلامین کە دۆڕاون نە ئیسلاح‌تەڵەب و میانەڕەوەکان، بەڵکوو تەنانەت ئوسوولگەراکانیش ناتوانن خۆیان بە براوە بزانن. زۆر جار باس کراوە کە سپای پاسداران دەیەوێ بە کوودتایەکی نەرم هەموو دەسەڵاتی ئێران بەدەستەوە بگرێ و، ئەمە بە تەواوی لەژێر چاودێریی خامنەییدا دەکرێ. ئەم جۆرە جموجووڵانە دەرخەری ئەوەیە کە ڕەنگە ئەم بیرۆکەیە چووبێتە قۆناغی کردارییەوە. بە بڕوای من ئێران بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێ کە ئوسوولگەراکان بچنە ژێر کاریگەریی فەرماندەکانی سپاوە و لەو نێوەدا بتوێنەوە. بەم جۆرە و بە ڕواڵەتێکی قانوونی سپای پاسداران پتر لە پێشوو دەبێتە هێزی یەکەم و، بە بڕوای من ئوسوولگەراکان بە تەواوی لەژێر کاریگەریی بڕیاردانی ئەواندا دەبن و بەرەو یەکدەنگییەکی زیاتر لەگەڵ ڕێبەر و سپای پاسداران کە هێزێکی ٤٠ لەسەدیی مەجلیسن پاڵ پێوە دەنرێن و سەربەخۆیی و بڕیاری خۆیان زیاتر لە جاران و هەروەها شوناسی خۆیشیان لەدەست دەدەن. ئەمەش بڵێین ئەگەرچی سپای پاسداران بەردەوام ڕەدی کردوەتەوە کە دەستێوەردان لە کاری سیاسیی وڵاتدا بکا، بەڵام هەموو چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوەیە لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات ئاکامی ئاراستەیەکی سیاسیی بەهێزە لەنێو کۆماری ئیسلامیدا. ئەگەر تا بە ئێستاش بە شێوەی فەرمی لە گۆڕەپانی سیاسیی وڵاتدا چالاکییان نەبوو، ئیتر لەمەبەدوا بەتەواوی بوونیان هەیە و ڕۆڵی ڕاستەوخۆ لە داڕشتنی قانوون و سیاسەتدا دەگێڕن. بوونی ڕاستەوخۆی سپای پاسداران بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە هێزێکی یەکلاکەرەوەیە لەم نێوەدا چ لە باری ماڵی و نیزامی و سیاسییشەوە، کاریگەریی خۆی لەسەر ڕووداوەکانی داهاتووی وڵاتیش دادەنێ. بێگومان من لەو باوەڕەدام هەموو ئەم هەوڵانە بۆ یەکدەستر کردنی هەستەی دەسەڵاتە و، من پێم‌وا نییە چیتر ڕێگە بە کەسانی ئیسلاح‌تەڵەب و میانەڕەو بدرێ کە وا بە ئاسانی لە ڕوخساری نوێنەرانی مەجلیس و سەرۆککۆماریدا بێنەوە گۆڕەپانی سیاسیی وڵات.   ئەم یەکدەست کردنە کە باس کرا، بە سەرنجدان بەوەی کە لەسەر مێزی ئیدارەی وڵاتی ئەمریکادا کارتی گۆڕینی ڕەفتاری ڕێژیمی ئێران داندراوە و هەروەها چالاکیی دەرەکیی سپای پاسداران کە لە دژایەتی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادایە، لە ئەگەری درێژەدان بە ڕەفتاری هەنووکەیی کۆماری ئیسلامی؛ لێکەوتەی نێودەوڵەتیی بەدوادا دەبێ؟ یان با بڵێم بەرەوڕووی هەڵوێستی جدیتر دەبێتەوە؟ لە پێوەندی لەگەڵ دەرکەوتە دەرەکییەکانی، ئەوەی کە تا ئێستا بە ئاشکرا دیتراوە سیاسەتێکی زیرەکانەی کۆماری ئیسلامی –لە ڕاستیدا فرتوفێڵێک کە نواندوویەتی- بووە، کە لە بەرامبەر دنیای دەرەوەدا هەتا ئێستا ئەم ڕێژیمەی بەسەر پێوە ڕاگرتوە. لە لایەکەوە لە ڕێگەی دەزگای ڕێبەرییەوە و بە پشتیوانیی سپای پاسداران و ناوەندە ئەمنیەتییەکانیان هەوڵی ئەوەیان داوە سیاسەتەکانی خۆیان لە دەرەوەی سنوورەکان ببەنە پێشەوە، لە لایەکی تریشەوە بە بوونی دەوڵەتانێکی وەک ڕەفسەنجانی و خاتەمی و ڕۆحانی هەوڵیان داوە کە پەیامێکی پێچەوانە بە دنیای دەرەوە بدەن. هەر لەم پێوەندییەدا زەریف لە دوایین دانیشتنی لەگەڵ ئاژانسدا داوای هاوکاریی لەوان کردبوو کە پشتگیرییان بکەن بۆ ئەوەی ئەو دەنگە دژانەی نێو دەسەڵات کپ بکرێن. بەم شێوەیە لە ڕێگەی دەوڵەتانێکی بەڕواڵەت میانەڕەوەوە تێکۆشاون بە دنیای دەرەوە نیشان بدەن کە لە ئێران و لەنێو نیزامدا کۆمەڵە کەسانێک هەن کە بە مەبەستی گۆڕانکاری کار دەکەن و، بەم شێوەیە کاتی خۆی دەوڵەتە ئورووپاییەکان و تەنانەت دەوڵەتی ئۆباماشیان بەو قەناعەتە گەیاندبوو کە بۆ پێکهێنانی گۆڕانکارییەکان پێویستیان بە یارمەتیی ئەو دەوڵەتانە هەیە؛ بەڵام لە ڕووی کردارییەوە کۆماری ئیسلامی سیاسەتە ڕەسمییەکانی خۆی بردووەتە پێشەوە. دەتوانین بڵێین کۆماری ئیسلامی ئەم دەوڵەتە میانەڕەوانەی وەک ئامێرێک بۆ تەفرەدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەکار هێناوە. سروشتییە کە ئەم قۆناغە تێدەپەڕێنێ و، ئەمەش لە هەوڵەکانیان بۆ یەکدەست کردنی نیزام دەردەکەوێ. ئایا ڕێژیم یا با بڵێین ڕێبەر دەیەوێ بەدوور لە جەناح‌بەندییەکان بۆخۆی هەنگاو لەڕێی سەقامگیریی ئاشتەوایی لەگەڵ دنیای دەرەوەدا هەڵ‌بێنێتەوە؟ بەدوور نابیندرێ. هەرچەند من بۆخۆم باوەڕم بەوە نییە بڵێن ماهیەتی فڵان ڕێژیم فڵان جۆرە، بەڵام لە ماهیەت و فکریەتی کۆماری ئیسلامی و خامنەییدا ئەمە نابیندرێ؛ بەڵام ئەمە یەکێک لەو ڕێگەیانەیە کە بیانەوێ بەدوور لە هاوبەشکردنی ئیسلاح‌تەڵەب و میانەڕەوەکان، بۆخۆیان بیانەوێ ڕێگەی سازشێکی جدی لەگەڵ دنیای دەرەوە بە تایبەتی ئەمریکا بگرنە بەر و بە ناوی خۆیانەوە تەواوی بکەن. هەرچەند من وەک خۆم ئەم ئەگەرە بەدوور دەبینم. لای من وایە کە مەبەستی ئەوان لە یەکدەست کردنی دەسەڵات ئەوەیە کە بیانەوێ بە هێزێکی کۆکراوەترەوە بەرەوڕووی کێشەکان ببنەوە، ڕەنگە بیانەوێ ئەزموونی کورەی باکوور لە ئێران دابەزێنن. بەدوور نییە کە هەڵسەنگاندنێکی هەڵە لە بارودۆخی وڵات، خەڵک، جوغرافیای ناوچە، پێوەندیی دەسەڵات لەگەڵ وڵاتە جۆراوجۆرەکان و هێزی خۆیان بکەن. هەر بۆیە پێم‌وایە ئەم هەوڵانەی کە دەدرێ لە پێناو ئاشتەواییدا نییە، بەڵکوو زۆرتر بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ کێشەکانە کە هەوڵی پێکهێنانی دەسەڵاتێکی یەکگرتووتر دەدەن. بۆیە ئەم ڕێگەیە کە گرتوویانەتە بەر بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتێکی تاک‌لایەنەیە کە هەم پشتیوانیی سیاسی، هەم قانوونی و هەمیش نیزامیی هەبێ و، ئەمە ڕەنگە ڕێگەی سەرکوت و کوشت و بڕینی زیاتر لە ئێراندا بکاتەوە؛ بەڵام لە هەمان کاتدا ڕێگەی بەرەو کۆتایی ڕۆیشتنی کۆماری ئیسلامیشە، بە سەرنجدان بەوەی کە خەڵک زەحمەتە تەسلیمی ئەم خواستەی ڕێژیم بن و دنیای دەرەوەش لەدوای باوەڕ پێکردن بە دەوڵەتی ئیسلاحات، میانەڕەوەکان و چاوەڕوانیی گۆڕانی ڕەفتاری ڕێژیم، بۆ جارێکی تر لە بەرامبەر ئیرادەی کۆماری ئیسلامیدا بێدەنگی هەڵبژێرن.   ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران هەڵبژاردنەکانی بایکۆت کردبوو. بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی لە ئاستی گشتیشدا بەشدارییەکە زۆر کەم بوو، پێتان وایە بەشداریی کەمی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان لە کوردستان وڵامدانەوە بە هەڵوێستی بایکۆتی حیزبە سیاسییەکان بوو، یان دەرەنجامی بەستێن و بارودۆخە گشتییەکە؟ لە پێوەندی لەگەڵ بڕیاری ناوەندی هاوکاری لەمەڕ بایکۆتی هەڵبژاردنەکان، لە ڕاستیدا ئەم حیزبانە کاریگەریی خۆیان لە کۆمەڵگەدا هەیە و ئەمەش نەک لەم هەڵبژاردنەدا بەڵکوو پێشتریش سەلمێندراوە و خەڵک بەرەوپیری داواکارییەکانیان چوون. بێگومان ئەوەی کە خەڵک پێشوازی و بەشدارییەکی سارد و سڕیان لە هەڵبژاردندا کرد دوو هۆکاری هەبوو، یەکەمیان داواکاری و هاودەنگیی حیزبەکانی کوردستانی ئێران –کە چاوەڕوانیی خەڵک لەم حیزبانە هەمیشە هاودەنگی بووە- کە بە بڕوای من زۆریەک لەو کەسانەی کە بایکۆتی هەڵبژاردنیان کرد لەژێر کاریگەریی بڕیاری ئەم حیزبانەدا بوون. بەدڵناییەوە ئەم بڕیارە بە پێی هەڵسەنگاندنێک بوو کە بۆ بارودۆخی ئێران کرابوو و ئاوێتەبوونی نالەباریی دۆخە گشتییەکە و داواکاریی حیزبەکانی ناوەندی هاوکاری دەستی بە دەستی یەکترەوە دا و بووە هۆی ئەوەی‌کە خەڵک بە ساردی بەرەوڕووی هەڵبژاردن ببنەوە. بۆیە دووهەم هۆکار دەتوانێ ناڕەزایەتیی گشتیی خەڵكی کوردستان لە بارودۆخەکە بێ. کوردستان جیاوازتر لە هەموو ناوچەیەکی ئێرانە، بۆ نموونە لە شارێکی وەک تاراندا ناڕەزایەتیی خەڵک لە دەسەڵات و بێ‌هیواییان لە هەڵبژاردن کاریگەریی بووە لەسەر بڕیارەکانیان هەتا داخوازیی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن. بەڵام لە کوردستاندا پێوەندیی خەڵک لەگەڵ حیزبەکان لە ڕاستیدا پێوەندییەکی بەهێزترە، بۆیە ڕاستە لە ئێران ناڕەزایەتییەکی گشتی هەیە بەڵام لە کوردستاندا هاودەنگیی حیزبەکان زیاتر هاندەر بوو بۆ بەشداری‌نەکردنیان لە هەڵبژاردندا.   هەر لەسەر کوردستان، بایکۆتی ناوەندی هاوکاری کە حیزبی دێموکراتی کوردستانیشی تێدا بەشدارە، شارگەلێکی وەک ورمێ، قوروە و شنۆ و نەغەدەشی گرتەوە کە لەوێدا دوو نەتەوەی کورد و ئازەری پێکەوە دەژین، بەگشتی ستراتێژی یا تاکتیکی حیزبە کوردییەکان بە تایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وەها دۆخێکدا بۆ ئەم شارانە چییە؟ لەو ناوچانەی کە لە پرسیارەکەدا هاتوە بەشداریی خەڵک لەچاو ناوچەکانی تری کوردستان زیاتر بوو، ئەمەش هۆکاری تایبەت بە خۆی هەیە کە باسی لێ‌دەکەین. داواکاریی ناوەندی هاوکاری ڕوو لە هەموو خەڵکی کوردستان لە گشت ناوچەکان بوو. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە چەند خولی ڕابردووی هەڵبژاردنەکاندا بە تایبەت لە هەڵبژاردنەکانی شۆڕای شارەکان و مەجلیسدا بە نیسبەت ئەم ناوچانەوە هەڵوێستێکی جیاوازی هەبوو لەگەڵ حیزبەکانی دیکەی کوردستان. ئەگەر ئێمە پێمان‌وابوو بۆ نموونە لە سنە دەبێ بایکۆتی هەڵبژاردن بکرێ، یا لە خولێکدا پێمان‌وابوو ڕاستە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دێموکراتیک نییە بەڵام خەڵک پێیان‌وایە کەسێکی شیاو هەیە با پشتگیریی لێ‌بکرێ؛ بەڵام لە قۆناغی ئێستای ئێراندا و بە هۆی قووڵایی ناڕەزایەتییەکی گشتی کە هەیە، بێگومان بایکۆت باشترین ڕێگەیە بۆ دەربڕینی ئەم ناڕەزایەتییانە. بەڵام بەم حاڵەشەوە ئێمە تێبینیی تایبەت بە خۆمان لەسەر ناوچەی ورمێ و نەغەدە هەبوو. هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە ئێستاش ئێمە پێمان‌وایە لەوێ کێشەی تێکەڵبوونی دوو نەتەوەی لێک‌جیاوازی کورد و تورک لە ڕاستیدا جۆرە هەستیارییەکی دروست کردوە. لە ڕابردوودا ئێمە هەوڵمان دابوو بۆ ئەوەی کە بتوانین خەڵک هان بدەین کە کاندیدی باش بناسێنن و بیاننێرنە شۆڕاکان و مەجلیسەوە، کە لە قۆناغێکدا ئەو کارەش کرا و کوردەکان توانیان سەرکەوتن بەدەست بێنن. بەڵام لە دەوری پێشوودا سەرەڕای ئەوەی‌کە داواکارییمان هەبوو ئاکامی پێچەوانەی هەبوو، ئەویش لەبەر ئەوە بوو کە حیزبەکانی دیکە بە تێکڕایی بایکۆتیان کردبوو. لەم قۆناغەشدا ئەم هەستیارییەی کە باس کرا هەر لەسەر جێی خۆی بوو و هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتبوو، هەتا تەمەنی کۆماری ئیسلامی هەڵدەکشێ ئێمە لەگەڵ پرسی چارەسەر نەکراوی پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی نەتەوەی کورد و تورک لەم ناوچانەدا بەرەوڕووین. بەرەبەرە هەست دەکرێ بیری ناسیۆنالیستی لەنێو تورکەکاندا لەو ناوچانەدا زۆر بەهێزتر بووە، لەم بیرە ناسیۆنالیستییە ڕێژیمیش کەلکی ‌وەرگرتوە و سپای پاسدارانیش یارمەتیی بەهێزتر بوونی دەکا. ئەمە بەو واتایە نییە کە سپای پاسداران پەرەسەندنی ئەم بیرەی پێ‌خۆش بێ بەڵام ئەوان لەو باوەڕەدان کە ئەم فکریەتە بواری بەگژدا چوونەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی ئاسانتر دەکا؛ هەر بۆیە بە هەموو شێوەیەک یارمەتییان داون. لەم قۆناغەدا ئەم هەستیارییە بۆ کوردەکانیش دروست بووە و بە تەواوی هەستیان بە مەترسی ‌کردوە. ئەگەر تورکەکان دەیکەن، بۆ کوردەکان لە بەرامبەر شوناسی خۆیاندا هەوڵێکی جدی نەدەن؟ ئێمە وەک حیزبی دێموکرات بەم هۆکارانەی کە باس کرا تێبینیی خۆمان هەبوو، بەڵام ناوەندی هاوکاری کە باوەڕی وابوو بایکۆتەکە دەبێ ئەوێش بگرێتەوە؛ ئێمەش بۆ پاراستنی یەکڕیزییەکە ئەم داوایەمان قەبووڵ کرد. بەڵام بینیمان کە لە ورمێ خەڵکی کورد هەڵبژاردنیان بایکۆت نەکرد، بەشداریی هەر دوو نەتەوەکە نیشانی دا کە لەوێ ئەو هەستیارییە هەر بەهێزە. من هیوادارم کە لە داهاتوودا حیزبەکانی ناوەندی هاوکاری بەجدییەتەوە بیر لەم ناوچەیە بکەنەوە و بەدوور بین لە بڕیاری هەستەکی و دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەرەو هەڵسەنگاندنی هەڵەمان پاڵ پێوە نەنێ. زۆر جار باس لەوە دەکرێ کە چ جیاوازییەک لە نێوان کوردێکی پاسدار و تورکێکی پاسداردا هەیە، بەڵام دەبینین کە خەڵک پیشە و پێشینەی کەسەکان نابینن و تەنیا چاویان لە نەتەوەکەیانە. هەر بۆیە ناوەندی هاوکاری و بە تایبەتییش حیزبی دێموکراتی کوردستان دەبێ بەدوور لە هەڵایسانی گرژیی نێوان ئەم دوو نەتەوەیە –مادام کە خەڵک بەو هۆکارانەی وا باس کران هەر بەشداری دەکەن- لەبیری ئەوەدا بین کە بە جۆرێک هەلەکە بقۆزینەوە کە لە قازانجی نەتەوەی کورددا بێ.   زۆر کەس پێیان وایە کە ئەگەر حیزبێکی سیاسی، هەڵوێستێکی هەبێ و خەڵکەکەی پێڕەوی لێ نەکەن، ئەوە ئەم حیزبە تووشی کارەسات بووە و ئەگەریش نا لە گەشبینانەترین حاڵەتی خۆیدا تووشی دۆڕان و شکست هاتووە؛ ئایا ڕای ئێوەش لەم بارەیەوە هەروایە؟ دەبێ بڵێین بارودۆخی سیاسی و خوێندنەوەی دروستی ئەم بارودۆخە زۆر کاریگەرە لەسەر ڕادەی وەرگیرانی هەڵوێستەکە لە لایەن خەڵکەوە. لە کاتێکدا تۆ لە دۆخێکی ئازاد و لە خاکی خۆتدا بی، هەڵسەنگاندنەکە نە بە ڕێژەی یەک لە سەد بەڵکوو بە ڕێژەی یەک دەهومی لەسەدییش مومکینە و دەکرێ. بەڵام لەم هەلومەرجە ئەمنیەتییەی کە خەڵک تێیدایە و لە نەبوونی خۆمان بۆ بانگەشە و باسکردنی بەرنامە سیاسییەکانمان؛ ڕەنگە ئەم هەڵسەنگاندنە لە ڕاستیدا هەر دروست نەبێ کە ئایا هەڵوێستی سیاسیی حیزبێک چەندە وەرگیراوە یان نا. بە بڕوای من ئەگەر لەسەر ئەم نوێترین خولەی هەڵبژاردن قسە بکەین، وەک لە پرسیاری پێشووشدا باسمان کرد، هەڵوێستی حیزبەکانی ناوەندی هاوکاری لە لایەن خەڵکەوە وەرگیرا. لە خوارەوە بوونی ڕێژەی بەشداریی خەڵک دەردەخا کە ناڕازیبوونی خەڵک و بەدەم هەڵوێستەکەی حیزبەکانی کوردستانەوە هاتنیان بۆخۆی بووە هۆکاری بەشداری‌نەکردنیان. ئەوەش بڵێین کە باس لە کوردستان دەکەین مەبەستمان لە خەڵکی کوردە نەوەک ئەو هەمووە، پادگان و ناوەندە ئەمنیەتی و بەکرێگیراوانەی ڕێژیم کە بە ڕێژەی تەواو بەشداریی هەڵبژاردنیان کردوە و هەواڵ و زانیاریی دروست و وردیشمان هەیە کە زۆر یەک لەوانە نە یەک جار بەڵکوو چەند جاریش بانگ کراون و دەنگیان داوە. ئەگەر ئێمە لە شارێکی بچووک وەک بانە ئەگەر بڵێین ٢٠ هەزار کەس بەشدارییان کردبێ، دڵنیاین کە نیوەی ئەم ڕێژەیە لە هێزە ئەمنیەتی و ئینتزامی و سەربە دەسەڵاتەکان پێک هاتوون. هەرچەندە ئێمە گومانمان هەیە لەسەر ڕاستی و دروستیی ڕێژەی ڕاگەیندراو بەڵام دیارە بەشدارییەکە سارد بووە و ئەمەش نیشان دەدا کە بەدەم داواکاریی حیزبەکانەوە هاتوون. ئەوە نەبێ کە ئێمە تەنیا پێوەری هەڵبژاردنمان لە بەردەستدا بێ، بەڵکوو لە بۆنە جیاوازەکانیشدا ئەم بەدەنگەوە هاتنە هەر بووە، بەڵام ئەگەر لە دۆخێکی تایبەتیشدا خەڵک نەیانتوانی وڵامدانەوەیان هەبێ، شتێکی سەیر نییە چون دەبێ کاریگەریی کەشە سیاسی و ئەمنیەتییەکە لەسەر خەڵک و ڕادەی نزیکبوون و چالاکبوونی ئێمە لە نێوخۆ لەبەرچاو بگیرێ؛ یانی ئەم لەمپەرانە ببیندرێن و جا هەڵسەنگاندن بۆ ڕێژەی پێشوازییەکە لە هەڵوێستەکە بکرێ. ئێمە ئەو ڕاستییە دەبینین کە لە ورمێ پێشوازییەکی کەمتر لە بانگەوازی ئێمە کراوە، بەڵام ئەمەش بەو واتایە نییە کە خەڵکی ئەو ناوچەیە لە حیزبە کوردستانییەکان دابڕابن؛ بەڵکوو دەبێ هۆکارە تایبەتەکان لەوێدا ببینینەوە و ئەم هۆکارەش بکەینە پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی پێشوازی نەکردنیان یان نەتوانینی وڵامدانەوەیان بە داخوازیی حیزبەکانی کوردستان. بۆیە بە هیچ شێوەیەک ناکرێ بەبێ لەبەرچاو گرتنی دۆخەکە، هەڵسەنگاندن بکرێ بۆ ڕادەی وەرگرتنی داواکاریی حیزبەکان و، پێشتریش خەڵکی کوردستان سەلماندوویانە کە چاویان لە دەمی حیزبەکانی خۆیانە و بەدەم بانگەوازەکانیشیانەوە هاتوون و لە چەندین مانگرتنی گەورەشدا بەشدارییان کردوە و؛ ئەگەریش ببینین کە لە کات و دۆخێکی تایبەتدا بە پێی پێویست ناتوانن بە دەم بانگەوازەکەوە بێن ئەوە هیچ کات بە واتای کارەسات و دۆڕان و شکست بۆ ئەم حیزبانە نییە.   ئەو “نا”یەی بە کۆماری ئیسلامی گوترا، چ لە کوردستان و چ لە ئاستی گشتیدا، چۆن دەتوانێ ببێتە دەسمایەی دەسکەوتی سیاسی بۆ بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد و هەروەها بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیخوازی و دێموکراسیخوازی لە ئاستی وڵاتدا؟ مەبەست ئەوەیە دەبێ چی بکرێ ئەم “نا”یە بەوەندە تەواو نەبێ و شتی هەستپێکراو بەدووی خۆیدا بێنێ. بە بڕوای من ئەم “نا”یەی کە دیسان بەرەوڕووی کۆماری ئیسلامی بووەوە، دەسکەوتێکی باشە بۆ بزووتنەوەی سیاسی و گۆرانخوازانە لە ئێران بە گشتی و بە تایبەتی بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد. هەر ئێستا هەڵوێستی وڵاتانێکی وەک ئەمریکا لەم بارەوە دەبینین کە پێیان‌وایە بەشدارینەکردنی خەڵک نیشانەیەکی تری دەربڕینی ناڕەزایەتیی گشتیی خەڵکە لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی. من لەو باوەڕەدام کە تێکۆشەرانی سیاسی و حیزبە سیاسییەکان دەبێ هەوڵ بدەن کە ئەمە وەکوو ڕاستییەکی کۆمەڵگەی ئێران زیاتر بخەنە بەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دۆستانی بزووتنەوەی ئازادیخوازانە لە ئێران و، ئەمە بکرێتە هەوێنێک بۆ پشتیوانییەکی جدی لە خەڵکی ئێران و بە تایبەتی بزووتنەوەی سیاسی-نەتەوەیی کوردستان. هەوڵ بدرێ بۆ کەلکوەرگرتن لەم دەرفەتە لە پێناو پشتیوانی لە بزووتنەوە سەرەکییەکە. بە لەبەرچاو گرتنی ئەم ڕاستییە کە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ئێران، بەبێ پشتیوانیی دەرەکی نەختێک زەحمەتە بتوانێ ڕێگەی خۆی ببڕێ، بۆیە پێویستە ئاکامی ئەم هەڵبژاردنە کە ناڕەزایەتییەکی گشتی بوو زۆرتر زەق بکرێتەوە. فشارە سیاسییەکانی دنیای دەرەوە لەسەر کۆماری ئیسلامی لە دوو قۆناغدا یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی‌کە ئەم بزووتنەوانە بەهێزتر بن. هەم لە قۆناغی دە ساڵ لەمەوپێش کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و شۆڕای ئەمنیەت فشاریان خستە سەر ئێران و تەحریمیان کرد و دواتر بەرە بەرە کەم بوونەوە، هەم لەم دەورە نوێیەشدا –لەگەڵ ئەوەی‌کە بەداخەوە قورسایی باری ئابوورییەکەی دەکەوێتە سەر شان و ژیانی خەڵک- بەڵام ئەم ڕاستییەش ببینین کە ئەمە کۆماری ئیسلامییە کە مەبەستی سەرەکیی ئەم تەحریمانەیە. ئەوەش دەزانین کە تەحریمە ئابوورییەکان چونکوو لە چوارچێوە و شکڵێکی سیاسی‌دان، کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ڕابردوو بەرەو تەریک کەوتن دەبا و، دەبێتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتیی زۆرتر لەنێو خەڵکدا، دەبێتە هۆی دوودڵی و دڕدۆنگیی کاربەدەستانی ڕێژیم و، ئێمە ئەگەر بتوانین دنیای دەرەوە باشتر لەم دۆخە تێبگەیەنین و بیکەینە هۆکارێک بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانییەکی بەهێزتر، بە تایبەتی لەباری دیپلۆماسی و سیاسییەوە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی؛ ئەوە دەتوانین یارمەتیدەر بین بۆ خەڵکی ئێران و بە تایبەتی خەڵکی کوردستان بۆ بڕینی ئەو ڕێگە سەختەی کە لە بەردەمیان‌دایە. ئەو خەڵکەی کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەمساڵدا دەرکەوت تەنانەت لە قوربانی‌دانیش ناسڵەمێنەوە و ئامادەن بۆ گەیشتن بەو ڕزگارییەی کە مەبەستیانە لە گیانی خۆیشیان خۆش بن. ئاماری کوژراوەکانی خەزەڵوەر کە لە نێوان ١٥٠٠-١٧٠٠ کەسە، بێجگە لە بریندار و گیراوەکان، خۆی دەرخەری ئەم ڕاستییەیە کە خەڵکی ئێران ئامادەیی گیانبازییان هەیە و ئەگەر پشتیوانییەکی بەهێزی دەرەکییشیان لەپشت بێ؛ بێگومان هەنگاوی جدیتر هەڵدێننەوە بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامیی ئێران.   سپاس بۆ بەشداریتان. ماندوو نەبن و سپاس بۆ ئێوەش.