![](/files/photo_2020-03-07_09-36-32.jpg)
ئەم بابەتەی کە ئەمڕۆ ئێمە و سەرجەم ژنان لە سەرانسەری جیهان کۆ دەکاتەوە تەنیا ماف و ئازادی ژن نییە، بەڵکوو لە بنەڕەتدا بابەتەکە پەیوەستە بە ڕزگاری هەموو کۆمەڵگە . نەهێشتنی زێهنیەتی سەردەستی و بندەستی کە خۆی لە ڕێگای دژبەری و لاواز کردنی پێگەی ژن بەهێز کردوە و دەرەنجامەکەی ئەوە بووە کە ژن بە چارەنووسی خۆی ڕازی بێت.
بەداخەوە لە زۆر کۆمەڵگە ئێستاش وشەی ژن وەک سووکایەتی بە کار دێت لە حاڵێکدا هەموومان لە ڕۆلی ژن لە ڕابردوو ڕا تا ئێستا لە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و بەشداری لە شۆڕشیشدا ئاگادارین. لە سەردەمی ئێستادا ئەو ڕۆلە گشتگیرتریش بووە و لە زۆربەی بوارەکانی ژیان هەر ژنەکە چەرخی ژیان دەسووڕێنێ.
ڕۆلی ژن لە بوونی منداڵ و بەخێوکردنی لە قوورسترین هەلومەرجەکاندا فاکتۆرێکی سەرەکییە. ژن ٩ مانگ منداڵ لە سکی خۆیدا بە خێو دەکا و دوای منداڵبوونێکی زۆر بە ئازار، تا ئەو کاتەی منداڵەکە پشت بەخۆی دەبەستێت هەر ئاگاداری دەبێت و بگرە تا مردنیش بەرامبەر بە منداڵەکەی هەست بە بەرپرسایەتی دەکات. هەروەها ئەرکی بەخێوکردنی ماڵ دیسان لەسەر ژنە. ژن سەلماندوویەتی کە هێزی سەرەکی ژنە و ژن خودی ژیانە.
- کەواتە پرسیارێک دێتە پێش کە بۆچی ژن بە هەموو ئەو هێز و ڕۆڵانەوە کە لە ژیاندا هەیەتی، بەڵام ئێستاش دەورێکی کەمی لە بەڕێوەبەریدا هەیە؟