کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنانی ئێران لە پشت چرا سەوزەکانی ٨ مارس

04:53 - 18 رەشەمه 2719

دەیان ساڵە و بگرە زیاتریشە ژنان خەباتێکی شێلگیر و بێ پسانەوەیان دژی چەوسانەوە و نابەرانبەری مافی ژن و پیاو لە کۆمەڵگادا دەست پێکردووە و هەروەها بۆ دەستەبەر کردنی مافی یەکسانی لە هەوڵ دان. مێژووی ئەم خەباتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی(١٨٥٧)،ژنانی کرێکاری کارگەی ڕستن وچنینی شاری نیۆیوڕک بە هۆی نابەرانبەری و کاری قورس وحەقدەستی کەم وەزاڵە هاتبوون و دەستیان کردبوو بە مانگرتن و خۆپیشاندان. ئەم خۆپیشاندانە کە بە مەبەستی زۆرکردنی حەقدەست و ئاسانکاری ئیشی کارگاکان بوو، لە لایەن پۆلیسەوە بە توندی هێرشی کرایە سەر و بەشێکی زۆری خۆپیشاندەران دەستگیر کران یان کوژران و بریندار بوون. ساڵی ١٩٠٨ی زایینی کلارا زێتکین یەکێک لە ڕێبەرانی حیزبی سوسیالیستی ئاڵمان بە دانی پێشنیارێک بە مەبەستی تەرخان کردنی ڕۆژێک بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانی ژنان بەردی بناغەی ئەم یادبوونەی دامەزراند کە ساڵانێک دواتر(١٩٧٨) رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری دا ٨ مارس وەک ڕۆژی جیهانی مافی ژن بناسرێت و بۆ ڕێز گرتن لە خەبات و قوربانی دانی ژنانی کارگەی ڕستن وچنین و بە لوتکە گەیاندنی ئەو ئاڵایەی بەرزیان کربۆوە، ٨ی مارس بوو بە هێمای هاوخەباتی و هاودەنگی ژنان لە زۆربەی وڵاتانی جیهان و بە مەبەستی گۆڕانکاری ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و دابین کردنی یەکسانی هەموو ساڵێ ئەم رۆژە دەبێتە سەرەتایەکی نوێ بۆ دەسپێکی خەباتی ژنان. لە وڵاتی ئێران پاش تێپەڕبوونی چوار دەیە بە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، سەرەڕای بوونی نابەرابەری و نایەکسانی لە ڕادەبەدەر هیچکات ئەو ڕۆژە بە فەرمی نەناسراوە و تەنانەت کۆڕ و کۆبوونەوە و چالاکییە مەدەنییەکان لە لایەن بەرپرسانەوە هەڵوەشاونەتەوە. ژنان نەیانتوانیوە وەک ژنی زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکان لە ڕۆژی ژندا بڕژێنە شەقام و گۆڕەپانەکان و دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بدەنە پاڵ دەنگی ڕەوای ژنانی جیهان. ئێران، سوودان، سومالی، تونگا، ئەو چوار وڵاتەن تا ئێستا پرۆتۆکۆلی نەهێشتنی هەرجۆرە جیاوازییەک دژ بە ژنانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیان واژۆ نەکردوە. واژۆ کردنی ئەو پرۆتۆکۆلە ئەگەرچی بە تەنیا مافەکانی ژن و ئاسایشی ژن لەو وڵاتانەدا دابین ناکا، بەڵام  وڵاتان بەرپرس دەکا کار بکەن بۆ نەهێشتنی جیاوازییەکانی نێوان رەگەزی ژن و پیاو. بەو پێیەی کە یاسای بنەڕەتی ئێران لە سەر بنەمای شەرع و ئایین داڕێژراوە، بۆچوونێکی جیاواز سەبارەت بە ژن و مافی ژن لە بنە ماڵە و کۆمەڵگە و یاسادا زاڵە: ژنان لە کەمترین مافی ئینسانی بێ بەشن. لەو جێگایانەدا کە یاسا لایەنگری لە مافی ژن دەکا، بە کردەوە لە بنەماڵە و کۆمەڵگەو دادگاکاندا پەیڕەو ناکرێ. یاسای نابەرابەری هاوسەرگیری، تەڵاق، سەرپەرەشتیاری، قەیووم بوون و حیجابی زۆرەملی و نەبوونی هەلی کاری بەرابەر لە گەڵ پیاو و ... و بارودۆخێکی ڕەخساندووە ژن وەک هاووڵاتییەکی پلە دوو سەیر بکرێ. بە گشتی بۆ دەستنیشان کردنی سەرەکیترین جیاوازییەکان دەتوانین ئاماژە بەو چەند خاڵە بەرچاوە بکەین کە بریتین لە: ١- دیەی ژن نیوەی پیاوە. ٢- میراتی کچ نیوەی کوڕە. ٣-شایەدی دوو ژن بەرابەرە لە گەڵ یەک پیاو. ٤-تەمەنی بە بلووغ گەیشتنی کچان ٩ ساڵە، بەڵام لە بەرابەردا هی کوڕان ١٥ ساڵە. ٥- سەروەری و سەرپەرستیاری بنەماڵە لە دەست پیاو دایە. بێ سەرنج دان بە باری تەندروستی ئەقڵی و جسمی پیاو. ٦- پۆستە گرینگەکانی دەسەڵات وەک ڕێبەری، سەرۆک کۆماری و قەزاوەت و دادوەری لە پاوانی پیاوان دان. تا ئێستا ژن مافی خۆ پاڵاوتن بۆ ئەو پۆستانەی پێ نەدراوە. هۆکاری ئەم جیاوازی و هەلاواردنانە لە پلەی یەکەمدا دەگەڕێتەوە بۆ بۆچوون و ڕوانینی بەرتەسکی پیاوسالاری و لە بەرچاو نەگرتنی توانا جسمی و ئەقڵی و زانستییەکانی ژن. تا بەردەوام ژن وەک کاڵایەک لە خزمەت خواست و بەرژەوەندییەکانی پیاودا بێ. بە سەرنج دان بە ئاڵوگۆڕ و پێشکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان و مێژووی پڕ شانازی خەباتی ژنان و ئەو دەستکەوتانەی ژن دەگەیەننە جێگە و پێگەی شیاوی خۆی، پێویستە یاسای ئێران چآوێك بە بنەما کۆنکرێتییەکانی مافی مرۆڤەکان لەو وڵاتەدا بخشێنێ و ڕێگا بدا خویندنەوەی ئەوڕۆییانە بۆ پرسی ژن و مافی ئینسانی ژن بێتە ئاراوە. تا ژنی ئیرانیش هاوشان و هاوتەریبی باقی ژنانی پێشکەوتووی جیهان، ویست و داخوازییە ئیسانییەکانی خۆی مسۆگەر بکا. * لە ئەکاونتی نووسەر وەرگیراوە