کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بۆنەی ٨ی مارس

22:48 - 18 رەشەمه 2719

ئەگەرچی فێمێنیزمی کورد کە زۆرتر چالاکی سیاسین، ئێستاشی لەگەڵدا بێ لە ژێر سریمەی پێتەرنالیزم (قیم گرایی) دا خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە و کار بۆ حزووری «زەرووری» ژنان لە پێکهاتە سیاسییەکان دەکەن، بەڵام لە کوردستانی ئێران دا ژنان بە پشووی درێژەوە و وەک عاملیەت (ئەجێنسی) خۆی پێناسە دەکا و خەریکی کار کردنە لەسەر ستروکتووری سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵات بۆ ئەوەی خۆی وەک واقعێکی «دیاریکەر» بسەلمێنێ. کاتێ ئاوڕ لە پێکهاتە مەدەنی، ڕێکخراوە خۆبەخش و ناوەندەکانی فێرکاری و ڕاگەیاندن دەکەین، کاتێ بەراوردی رێژەی خوێندکارانی کچ دەکەین کە ئەمرۆ لە کوڕان زیاترن، کاتێ چاو لە حزووری ژنان لە ئاستی بەڕێوەبەری ئیدارەکانی حکوومی دەکەین کە ڕۆژ لە دوای رۆژ پڕ ڕەنگتر دەبن و کاتێ سەیری ڕاپەرین و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین کە بەبێ حزووری دیاریکەری ژنان چەند لاواز دەبن، ئەوجار تێدەگەین کە حزووری دیاریکەر چ مانایەکی هەیە. ئەمڕۆ ژنان کەمتر خۆیان وەک ژن پێناسە دەکەن، چونکە ژنان لە ئێران خەریکن لە پارادایمی «ژن بوون» تێدەپەڕن و بەرەو پارادایمی دێموکراسیخوازی هەنگاو دەنێن. «ژن بوون» نمادی ناعەداڵەتییە، و پارادایمی «ژن بوون» لە ڕاستیدا هیچ بەرهەمێکی بۆ ژنان لێ نەکەوتووەتەوە و بەڵکە بەداخەوە ڕەهەندی ئیمانێنسی (درونبودگی) بەلای ژنانەوە بەهێزتر کردووە. فازی سێهەمی فێمێنیزم بۆیە بەرەو پارادایمی دێموکراسی هەنگاو دەنێت، بەڵکوو لە چارەنووسی ئیمانێنس ڕزگاری بێ و ڕێگا بە کەس نەدا یەکسانی و عەداڵەتی پێ ڕەوا ببینی و هەوڵ دەدا وەک مرۆڤ ڕۆڵی عاملیەت ببینێ. ژنان لە ئێران بەو ئاستە لە تێگەیشتووی گەیشتوون کە بەرچاوگەی یەکسانی لە سیستەمێکی دێموکراتیک دا ڕوونتر ببینێ. ئەگەرچی سیستەمی سوسیال دێموکراتی و سیستەمی لیبراڵ دێموکراسی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا هێشتا نەیتوانیوە ژنان ڕازی بکەن ـ وەک ئەو جۆرەی خۆیان وەک ژن «عەداڵەت» و «یەکسانی» پێناسە دەکەن، بەڵام بۆ پاراستن و پەرەسەندنی دێموکراسی ژنان لە پیاوان شێلگیرترن. هۆکارەکەش ڕوونە، چونکە بە تەنیا دێموکراسی توانیویەتی ژنانی ڕۆژئاوا بگەیەنێتە ئەم ئاستە و هەر دێموکراسیش دەتوانێ بەرچاوگەی پەرەسەندنی یەکسانی و عەداڵەت گەشتر و مسۆگەر بکا. کەوایە پێوەندییەکی زەینی و عەینی هەیە لە نێوان «عاملیەت بوون» و «دیاریکەر بوون»دا و هەروەها پێوەندییەکی مەنتقیش هەیە لە نێوان «خەبات بۆ یەکسانی» و «خەبات بۆ دێموکراسی».  هیوادارم چالاکانی فێمێنیزم کە هێشتا لە فازی دووهەمی فێمێنیزم دا دەژین و زۆرتر سیاسین، پێداچوونەوەیەک بە چەمکی «حزووری زەرووری» خۆیان دا بهێننەوە، چونکە پێوەندییەکی ناموبارەک هەیە لە نێوان «حزووری زەرووری» ژنان و «پێتەرنالیزم» و هەروەها پێوەندییەکی نا مەنتقیش هەیە لە نێوان «خەبات بۆ یەکسانی» و «ئیمانێنس» دا.