کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پەراوێزی ڕۆژی جیهانیی ژناندا

23:19 - 18 رەشەمه 2719

پێشینەی خەبات و قوربانیدانی ژنانی جیهان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان، مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و بۆ یەکەمجار لە ڕۆژی ٨ی مارسی سەدەی ١٩ی زایینی، بەشێک لە ژنانی ئەمریکا بە شێوەی یەکگرتووانە و هاودەنگ لە بەرامبەر هەڵاواردنی ڕەگەزی و پێشێلکردنی مافەکانیان هاتنە دەنگ و بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی خۆیان بە دۆخی نابەرابەری ڕژانە سەر شەقامەکان و، دەسەڵاتدارانیش بە گوللە و زەبری هێز وڵامی ویستە ڕەواکانیان دانەوە و دەیان ژنی یەکسانیخوازیان خەڵتانی خوێن کرد. لە ساڵی ١٩١٠ی زایینی، ژنە خەباتگێڕی ئاڵمانی، کلارا زتکین، لە کۆنگرەی ژنانی سۆسیالیستدا، پێشنیاری کرد ڕۆژی ٨ی مارسی هەموو ساڵێک بکرێتە ڕۆژی جیهانیی ژن و لەو کاتەوە هەموو ساڵێک ڕۆژی ٨ی مارس، ڕێوڕەسمی تایبەت لە هەموو جیهان بەو بۆنەیەوە بەڕێوەدەچێ. بە چاوخشاندنێکی خێرا بە بارودۆخی ژنانی جیهان، بۆمان دەردەکەوێ کە ئێستاشی لەگەڵ بێ، بەشێکی زۆری ژنان تەنانەت لە وڵاتانی پێشکەوتووشدا مافەکانیان بە تەواوی دەستەبەر نەکراوە و هێشتا ژنان لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا، بەتایبەتی لە وڵاتانی جیهانی سێهەم بە شێوازی جۆراوجۆر و سیستماتیک دەچەوسێنەوە. ژنان لە ئێرانی ئاخوندلێدراو بە گشتی و ژنی کورد بە تایبەتی، لە زۆرێک لە مافەکانی خۆیان بیبەش کراون و لە ژێر دەسەڵاتی دژەژنی کۆماری ئیسلامیدا، هێشتا ژن بە نیوەی پیاو دادەنرێ و ناتوانێ ببێتە سەرۆکی هیچکام لە دەسەڵاتە سەرەکییەکان و تەنانەت دادوەریش و لەباری پۆشینی جلوبەرگیشەوە، ئەوە زیاتر لە چل ساڵە حیجابی زۆرەملێیان بەسەردا سەپێنراوە و هەر ئێستا بە دەیان ژنی ئازادیخواز لە چاڵە ڕەشەکانی ڕێژیمی سێدارەدا، حوکمی نادادپەروەرانەیان بەسەردا سەپێنراوە و بەردەوام دەچەوسێنرێنەوە. سەرەڕای ئەو کۆتوبەند و بێبەرییانە، ژنانی ئێران بە گشتی و ژنانی کورد بە تایبەتی، کۆڵیان نەداوە و شێلگیرانە بۆ وەدیهێنانی مافە ڕەواکانیان پێداگرن و لە هەوڵی بێوچان دان بۆ هەڵگرتنی هەموو ئەو ئاستەنگانەی بە ناهەق خراوەتە سەر ڕێگایان و لەم پێناوەشدا، تێچووی زۆریان داوە. لەم ساڵیش‌دا، ژنانی خەباتکار و شێلگیری وڵاتەکەمان، لە زۆرێک لە خۆپیشاندان و مانگرتنەکاندا پێشەنگ بوون و چڵەپۆپەی خەباتی ژنان لەم قۆناغە لە خەبات و بەرهەڵستکاری بە دژی نایەکسانی و هەڵاواردنی دەسەڵاتی زاڵ بە سەر ئێراندا، دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی جەماوەریی کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی خەڵکی ئێران لە پاییزی ئەمساڵدا و بە هەق  ژنان لەو بڕگە مێژووییەدا دەوری کارایان هەبوو و بە حوزووری پڕڕەنگی خۆیان گوڕوتینێکی نوێیان بە ویست و داواکارییە جەماوەرییەکانی گەلانی زوڵم ‌لێکراوی وڵاتەکەمان بەخشی. جیا لەوانە، بوونی ئافرەتانی خوێندەوار و چاوکراوە لە سەر ئاستی ئێران و کوردستان و چالاکیی نەپساوەی ژنان لە بوارە جوراوجۆرەکاندا، بۆتە هۆی بردنەسەری بڕوابەخۆیی زیاتری ژنان و پێداگرییان لەسەر چەسپاندنی ماف و ویستە ڕەواکانیان. لە کۆتاییدا ماوەتەوە ئەوە بڵێین کە ژنانی یەکسانیخواز و چاوکراوە، نابێ تەنیا لە ڕۆژی ٨ی مارسدا جەخت لە یەکسانی و بەرابەری بکەنەوە و مافی یەکسانی وەبیر کۆمەڵگەی جیهانیی بێننەوە، بەڵکوو دەبێ هەموو ڕۆژێکیان بکەنە ڕۆژی داکۆکی لە مافەکانیان و بە بڕوای مرۆڤ ‌تەوەرانە لە مەیدانی کردەوەشدا خۆیان بسەلمێنن. بەرز و پیرۆز بێ ٨ی مارس و سەرکەوێ خەباتی ژنان بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەوا و ئینسانییەکانیان.